نامەی ٤ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی کەرەج بۆ عەلی خامنەیی

چوار زیندانی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج لە نامەیەکدا بۆ عەلی
خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، باسی دۆخی نالەباری نێو بەندیخانەکان دەکەن.

دەقی نامەکە بەو شێوەیە: “سەید عەلی خامنەیی، کە خۆت بە ڕێبەری جیهانی ئیسلام دەزانی، با بۆت باسی دۆخی خۆمان لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج بکەین و بزانی بارودۆخی ئێمە چۆنە؟ جێگای تێڕامانە لە جیهانی ئیسلامیدا کە ئێوە ڕێبەرن، بۆ دەبێ لەبەر چاو گرتنی مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی ئێوەدا لە خوارترین ئاستدا بەڕێوە پچێ؟ ئیوە ناڵێن دینی ئیسلام دینی پاکی و میهرەبانیە، ئەی بۆچی جارێک ناپرسی بزانی دۆخی بەندکراوان چۆنە؟ لەگەڵ گەیشتن بە بەندیخانە بەرپرسانی زیندان پشکنینی تەواوی جەستەیان بۆ دەکەن و دوو ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ڕایاندەگرن و تاقیکاریان بۆ دەکەن کە نەوەک ماددەی هۆشبەریان پێبێ و زیندانییەکان تووشی ماددەی هۆشبەر بکەن، بەڵام کاتێک دەگەیتە نێو سالۆنەکانی بەندیخانە لەوێیە کە دەبینی ماددەی هۆشبەر لە نان و ئاو ئاسانتر دەستدەکەوێ. لە زیندانەکانی ئێوەدا تاوان و جینایەت لەوپەڕی خۆیدایە، دەسدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر بەندکراون، ڕادەی بەندکراوان سێ بەرابەری ڕادەی شوێن و جێگەی نیو زیندانەکانە و کاربەدەستانی زیندان ئەوەی بۆیان گرینگ نەبێ پاکوخاوێنی و پێڕاگەیشتنە و زۆر کەس بەو هۆیەوە تووشی دەیان جۆر نەخۆشی بوون. بوونی ڕشک و ئەسپێ بۆتە ئەشکەنجەیەکی گەورەی نێو بدندیخانە و کەسیش لەو بارەوە خۆی بە بەرپرس نازانێ. ئێمە وەرزی هاوین لە گەرما و بێ ئاویدا و زستانیش لە سەرمادا بەسەر دەبەین”.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٤٠ ساڵەی تەمەنی خۆیدا بێجگە لە نەهامەتی بۆ گەلانی ئێران و زوڵم و زۆر و چەوسانەوە هیچی دیکەی بۆ گەلانی ئێڕان بە دیاری نەهێناوە. ڕۆژ نییە بە بیانووی جۆراوجۆر ئازدیخوازان و چالاکانی بوارە جیاجیاکان نەخاتە بەندیخانەکانەوە و بە دڕندانەترین شێوە لەگەڵیان هەڵسوکەوت نەکا و بەندکراوان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان بێبەشن.