نهێنیی جەزرەبە و ئازار لەپێناوی نیشتماندا

حەسەن کاکیلی
ئەمن حەسەن کاکیلی کوڕی قادر لەدایک بووی ساڵی ١٣٣٨ خەڵکی ئاوایی گاپیس سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهابادم. خوێندنی سەرەتاییم هەر لەوێ تەواو کرد و بۆ درێژەدان بە خوێندن چوومە شاری مەهاباد و هەتا وەرگرتنی بڕوانامەی دیپڵۆم لە ساڵی ١٣٥٨ لەو شارە مامەوە.

تەمەنی لاوەتیی من هاوکات بوو لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران و، منیش وەک زۆربەی خەڵک لەو کەشوهەوا ئینقلابییەدا بەشداریی چالاکانەم هەبوو و لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانمان ڕۆژنامەیەکمان بەناوی ڕۆژنامەی شۆڕش بە چاپ گەیاند کە سێ ژمارەی لێ دەرچوو. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕش و وەرگرتنی بڕوانامەکەم تێکەڵ بە کار و چالاکیی حیزبی بووم و لە ئاوایی گاپیس و قجێ‌ئاوا وەک بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات دیاری کرام. لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەکان لەو دوو ئاواییە لەلایەن کۆڕی فێرکردن و بارهێنانی حیزبی دێموکراتەوە وەک مامۆستای شۆڕش دیاری کرام و، دواتریش بوومە ئەندامی کومیتەی ناوچەی شاروێران و پاشانیش نەقڵی کومیتە شارستانی مەهاباد کرام و لەوێ وەک کادری ئینتشاراتی ئەو کومیتەیە دەست بەکار بووم. هاوکات ئەرکی پێوەندیی نێوان تاران و مەهاباد بە من ئەسپێردرابوو کە ماوەی نیزیک بە ١ ساڵ و چەند مانگی خایاند.

پاش ماوەیەک وەک بەرپرسی تەشکیلاتی نهێنیی حیزب لە مەهاباد دەستم بەکار کرد کە دوای یەک ساڵ لە مەئمووریەتێکی نێوشاردا لەگەڵ کادرێکی تەشکیلاتی دەسبەسەر کراین. ماوەی سێ مانگ بوو لە نێوشار بووم و دەمهەویست لە شار بڕۆمە دەرێ و ئەم هەواڵەم لەتوێی نامەیەکدا بە هاوڕێیەکی تەشکیلاتی بەناوی خالید خۆشڕوو گەیاند؛ لەو نامەیەدا ئاماژەم بە ڕۆژ و شوێنی چاوپێکەوتن کردبوو. بەداخەوە ناوبراو هەر لەو شەوەدا لە شاخ لەلایەن گرووهی زەربەتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێ و نامەکەشی پێ دەبێ و؛ بە چڕوپڕی هەموو ئەو ماڵ و شوێنانەی کە جێی گومان بووە دەپشکێندرێ بەڵام ئەمن شوێن گۆڕکێی زۆرم کردبوو بەبێ ئەوەی بزانم خالید دەسبەسەر کراوە.

لە کاتی دیاریکراودا بە ماشێنی خۆم و لەگەڵ هاوڕێیەک بەرەو شوێنی مەبەست وەڕێ کەوتین و، هەر لە یەکەم سەیتەرەدا زانیمان وێنەیەکیان لەمن گەورە کردۆتەوە و بەوردی ماشێنەکان دەپشکنن بۆ گرتن و دۆزینەوەی من. کە زانیم ڕێگەی دەربازبوونم بۆ نییە خۆم تەحویلی مەئموورانی ئەرتەش دا و ئەوانیش پەروەندەیەکیان بۆ دروست کردم و ڕایانگوازتم بۆ بنکەی سەرەکیی خۆیان، لەدوای چوار بۆ پێنج سەعات ئیدارەی ئیتلاعاتیان ئاگادار کردەوە کە فڵانەکەس خۆی ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کردوە. پاشان مەئموورەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هاتن و مشتومڕێکی زۆریان لەگەڵ ئەرتەشییەکان کرد و گوتیان ئێمە چوار ڕۆژە لەو کەسە دەگەڕێین و ئێستا دەرەتانێکی نەبووە بۆیە خۆی ڕادەستی ئێوە کردوە. لەوێ بەرپرسی ئەو بنکەیە دڵنیای کردمەوە کە پشتیوانی لەمن دەکا بەو مەرجەی قسەکانم نەگۆڕم چونکوو ئەوان دەیانهەوێ ئەوپەڕی سزام بۆ دیاری بکەن و خۆڕادەست کردنەکەم ئەو ڕێگەیەیان پێ نادا.

ماوەی دوو ساڵ لە ساڵەکانی ٦٤ و ٦٥دا لە زینداندا بووم کە نیزیک بە هەشت مانگی لە ژووری تاکەکەسی و لەوپەڕی زەخت و فشاردا بووم و، دوایە درام بە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد و لەگەڵ کەسانی وەک خەلیفە سەیدیان و مەنسوور دەروێش‌زادە ناسراو بە قیلەوقانج هاوبەند بووم. لە بەندەکەی ئێمەدا بەپێی تەمەن لە هەمووان بچووکتر بووم بەڵام بەهۆی ئەوەی کە دەیانزانی کادری حیزبی بووم؛ ڕێزێکی زۆریان بۆ دادەنام. تەنانەت هیچکات ناوی منیان لە لیستی خاوێنکاریی زینداندا نەنووسی و منیان لەو کارە مەعاف کردبوو.

بەداخەوە لەو ساڵانەدا کەسانی سیاسی و چالاک و هەڵسووڕی زۆر لە زینداندا بوون کە دواتر ئێعدام کران بۆ نموونە عەلی دەوڵەت‌ئابادی کە پێشمەرگەیەکی ئازا و بە جەرگ بوو و هەروەها لە زیندانیشدا لە کەسانی ڕۆحسووک بوو و، هەر بەم بۆنەیەوە ببووە خۆشەویستی هەموو زیندانییەکان و جێگای لە دڵی هەموو لایەکدا کردبۆوە؛ یاد و ناوی بەرز و پیرۆز بێ.

لە بیرەوەرییەکانی ئەو ماوەیەدا بەپێویستی دەزانم بەسەرهاتێک بگێڕمەوە کە مەنسوور دەروێش‌زادە بووە هۆی خوڵقاندنی؛ ڕۆژانە کلاسی ئایینی و عەقیدەتییان بۆ بەندییە سیاسییەکان دادەنا، هەر بەو مەبەستە مەلایەکی خەڵکی شاری قۆم‌یان بۆ ئێمە دیاری کردبوو کە لە پاش چەند جەلەسەش هێشتا نە ئەو منی دیبوو و نە منیش ئەو چونکی دەچوومە سەر کلاسەکانی و لەوێ خۆم لە خەو دەکرد و پەتوویەکیان پێدا دەدام، هەر جارەی کە پرسیاری منی دەکرد پێیان دەگوت نەخۆشە و لێی گەڕێ. زۆربەی جارەکانیش کوڕێکی کوردی لەگەڵ بوو کە خەڵکی مەهاباد بوو بەناوی مێهدی عەباسی و بۆخۆشی کوڕە مەلا بوو بەڵام لە زینداندا ببووە تەوواب و دەهات زیندانییەکان بەناو ئێرشاد بکا. مەنسوور کە پێشتر باسم کرد چووبوو کتێبی کیمیای سەعادەتی ئیمام غەزالی خوێندبۆوە و لەوێ هەندێک پرسیاری پێچەڵپێچی لێ دەرهێنابوو بۆ ئەوەی نەخوێندەواریی مەلاکەی پێ ئاشکرا بکا و بەجۆرێک لە باس و مشتومڕدا مەحکوومی بکا. داوای لە منیش کرد کە چیدی خۆم لەخەو نەکەم و بەشدار بم. مەلا کە چاوی بە من کەوت بۆ یەکەم جار لە کلاسەکەدا بەشدار دەبووم و گوێم دەدایە باسەکان پێی بەسەیر بوو و هەستی بە مەترسی کرد. پاش ماوەیەک لە دەسپێکی کلاسەکە ڕیزی پرسیارەکانی مەنسوور دەستی پێکرد یەک لە دوای یەک دەیباراند بەسەر مەلادا و، ئیدی وڵامی پێ نەما و لەوێدا مایەوە. لەو کاتەدا مێهدی عەباسی فریای کەوت و ئیزنی لێ وەرگرت کە وڵامی ئەو پرسیارە بۆخۆی بداتەوە لە کاتی وڵامدانەوەدا خۆی لە ڕیزی مەلاکەدا دانا و گوتی بەپێی بیروباوەڕی ئێمە و بەپێچەوانەی بیروباوەڕی ئەوان …! هەر توانی ئەوەندە بڵێ و هەر ئەوەی کە چووبووە ڕیزی مەلایەکی حکوومەتییەوە بەس بوو بۆ ئەوەی کە ڕەپێیان بنێن و لەلایەن زیندانییەکانەوە سووکایەتییان پێ بکرێ؛ ئەوە بۆ دوایین جار بوو کە ئەو کلاسانە بەڕێوە چوو وئیدی بۆ هەمیشە کۆتایی پێ هێندرا.