مالئاوایی لە کادر و فەرماندەی حیزبەکەمان کاک کەمال بەدری

ڕۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی جانیوێری ٢٠١٩ی زایینی، بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کە لە وڵاتانی سکاندیناوی و ئوروپاوە هاتبوون و چەندین کەسایەتی سیاسی و نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی، لە شاری لەندەن،ی پایتەختی وڵاتی بریتانیا و  لە یەکێك لە گۆرستانەکانی ئەم شارە، تەرمی هاوڕێی ئازیز و کادری لێهاتوو و خۆشەویستی حیزبەکەمان کاک سەید کەمال بەدری بە خاک سپێردرا.

سەرەتا کۆڕی یاران لە سەر تەرمی هاوڕێ سەید کەمال بەدری کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بۆ دوایین جار ماڵئاوایی لەو هاوڕی خۆشەویستەیان بکەن. پاشان سندووقی هەڵگری تەرمی سەید کەمال لە لایەن هاوڕێی و دۆستانیەوە بەئالای پیرۆزی کوردستان ڕازێندرایەوە و تاجە گولینەی وەفاداری لەسەر بەر دەم تەرمەکەی دانرا. ئینجا ڕێورەسمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە هاوڕی سەید کەمال و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن هاوڕی مەولوود سوارە یەکێك لەدۆستە نیزێکەکانی لەگەل بەخێرهاتنی دۆستان و میوانەکان، پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا پێشکەشی ئامادەبووان کرد. بە ئەو دا تێکۆشەری دێرینی و ئەندامی پێشووری ڕێبەری حیزب هاوڕێ سدیق بابایی کە چەندین ساڵ لەگەڵ هاوڕێ کەمال بەدری پێکەوە پێشمەرگە بوون، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. بەڕێز بابایی باسی لە ئازایەتی، قارەمانەتی، لێزانی و دڵسۆزی سەید کەمال کرد و مەرگی ئەو خۆشەویستەی بە خەسارێک بۆ گەل و بزووتنەوەی کوردایەتی ناوبرد. ئینجا هاوڕێ ئیرەج سامی کادری دێرین و یەکێک لە هاوڕی نزیکەکانی سەید کەمال هۆنراوەیەک کە لە کاتی ژیانی دا وێردی زمانی سەید کەمال بوو، لە سەر گۆڕەکەی خوێندەوە و پێشکەشی کرد بە ڕۆحی نەبەزیوی ئەو هاوڕی ئازیزەی.

جێگەی ئاماژەیە کە لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی سەید کەمال دا چەندین کەس لە هاوڕێ بیانیەکانی ئامادە بوون. هاوڕێ مەولوود سوارە وێڕای دەربرینی سپاس و پێزانینی خۆی و حیزبی دیموکرات بۆ ئامادە بوونیان، داوای لە خاتوو ” هایکی ” کە بە درێژایی چەندین ساڵ لە نزیکەوە هاوڕیی سەید کەمال بوو کرد کە بە ناوی خۆی و هاوڕێیانەوە وتەیەک پێشکەش بکا. خاتوو هایکی وێڕای دەربڕینی سپاسی خۆی و هاورێکانی، لەگەڵ یەکێک لە ڕفیقەکانی گۆراییەکیان پێشکەش بە ڕۆحی سەید کەمال کرد، کە لە شەوی کریسمێس دا خوێندبوویان و سەید کەمال سەرەڕای نەخۆشی و نارەحەتی بەڵام زۆری پێخۆش بوو.

ڕیورەسمی بە خاکسپاردن و دوایین ماڵئاوایی لە هاوڕێ سەید کەمال بەدری بە چەند وتەیەکی هاوڕێ مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری حیزب دیموکراتی کوردستان کۆتایی پێ هات، کە تێدا وێڕای سپاس و پێزانین بۆ ئامادە بوونی کۆمەڵێکی زۆر لە هاوڕی و دۆستانی کە لە چەندین وڵاتی ئوروپاییەوە ڕوویان لە شاری لەندەن کردبوو، بۆ جارێکی دیکە یادی سەید کەمال بەدری بەرز ڕاگرت. پێویست بە ئاماژەیە کە کاک سەید کەمال بەدری یەکێک لە فەرماندە و کادرە بە وەج و لێهاتووەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٣١ی دەسامبری ٢٠١٨ی زایینی، پاش چەندین مانگ بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ، چاوە پڕ لە هیوا و ئاواتەکانی لە سەر یەک دانا و ماڵئاوایی لە گەل و حیزبەکەمان کرد.

ئەوەش دەقی پەیامی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانە کە لە سەر گڵکۆی سەید کەمال خوێندرایەوە:

دۆستان، هاورێیان و ئازیزانی  خۆشەویست!

لەدەوری یەکدی کۆبووینەوە هەتا هاورێیەکی بەوەفا، پێشمەرگە و قارەمانێکی دیکەی میللەتەکەمان ، بە هەموو رێز و وەفاوە بەرەو مەنزڵگەی ئەبەدی خۆی بەرێ بکەین. هەمومان وەک ئەرک و وەزیفەی گشتیمان، هەریەکەو لە گۆشەیەکی وڵاتانی لێک دووررا، هاتوین خەمی لەدەستدانی  هاورێمان کاک سەید کەماڵی بەدری، ئەو پێشمەرگە و فەرماندەیەی کە هەموو تەمەنی خۆی پێشکەشی خەباتی رزگاری خوازانەی میللەتەکەی و حیزبەکەی کرد، دەگەڵ یەکتر بەش بکەین.

کاک سەید کەماڵ، رۆڵەی بەوەفای حیزب و میڵلەتەکەمان، بۆ هەموومان وەک یەک جێگای رێز و خۆشەویستیە و هەمومان وەک یەک داخدار و خەمباری کۆچی ئەم ئازیزەمانین، بەڵام کۆرێک لە هاورێیانی زۆر نزیکی کاک سەید کەماڵ لە رێگای زۆر دوورەوە بۆ دوایین دیداری ئەم خۆشەویستە، شەو و رۆژیان بڕی و گەیشتنە لای. ئیزن دەخوازم لێرە بە ناوی هەموان دەپێشدا سپاسگوزاری ئەوان بم و پاشان بە دڵەوە هەموو لایەکتان بۆ ئەنجامی ئەم ئەرکە پیرۆزە بەخێر هاتن بکەم.

ئەمرۆ، پێشمەرگەیەک، فەرماندەیەک، رازدارێک وکەسێک بەرێ دەکەین کە بە دەیان پێشمەرگە کە زامی برینی دوژمنیان بە لەشەوە بوو، بە دەستە پڕ لە خۆشەویستی و  لێ زانی ئەو، لە مەرگ رزگاریان بووە.

رؤلەکانی خەباتکاری میللەتەکەمان هەر هەمویان بۆ هەموومان جێگای رێز و خۆشەویستین، بەڵام تایبەتمەندێک کە کاک سەید کەماڵ لە زۆربەمان جیا دەکاتەوە، ئەوە بوو، کە کەماڵی ئێمە، لەوپەری نەداری و بێدەرەتانی ژیانی پێشمەرگایەتیدا، خۆاردەمەنی و پێداویستیەکانی خۆی و بنکەی پێشمەرگەی دەگەڵ نەدارانی گوندەکان دابەش دەکرد.

کاک کەماڵ بەدری، چ وەک پێشمەرگەیەکی ئاسایی، چ وەک فەرماندەیەکی ئازا و بەجەرگ و تەڕاح، چ وەک کادری دەرمانی، یان  کادری ئەمنیەتی بۆ پاراستنی پێشمەرگە و کۆی هەیکەلی حیزبەکەی، وەک کەسێکی سادە وساکار، رازدار و هێدی و هێمن، لە هەموو ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو و جێگای هیوا و پشت پێ بەستن بوو.

پاش ئەوەی بە ناچاری رێگای هەندەرانی گرتەبەر، بە هۆی ژیانی تایبەتی خۆی ماوەیەک لە بەشێک لە نزیکانی دابرا و ناچار بوو، جۆرێک بژی کە بەداخەوە بەشێکمان  بۆ ماوەیەک  لیی بێ هەواڵ بووین. دواتر خۆی وەک جاران پەیوەندی دەگەڵ هاورێیانی، دەگەڵ دۆست و رەفیقانی پێشوی گەرم کردەوە و وەک هەمیشە بۆوە بە کەماڵی روخۆشی لەبەردڵان و کەسە روح سووکەکەی جاران. بەڵام زۆر بەداخەوە نەخۆشی و شێر پەنجە مۆڵەتیان نەدا، کاک کەماڵ بەدڵی خۆی بەئارەزوەکانی کە گەورەترینیان رزگاری میللەتەکەی بوو بگا.

کاک سەید کەماڵی بەدری، ئازیز و هاوریی هەموومان، لە دوور وڵاتی، دوور لە باوەشی گەرمی ئازیزان و بنەماڵەی و کۆری هاورێیانی چاوی پڕ لە هیوای وێک نا و بەجێی هێشتین. ئەو بەجەستە لە ناومان نەماوە، بەڵام یاد و خۆشەویستی کاک کەماڵ  قەت لە دڵان دەرناچێ.

سپاس بۆ بەشداری و هاوخەمی هەموو لایەک.

سەری رێز و نەوازیش بۆ تەمنێک خەبات و فیداکاری کاک سەید کەماڵی بەدری.

رورەشی بۆ داگیر کەرانی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی بریتانیا

١٢ی جانیوێری ٢٠١٩