ناوەندە ئەمنییەتییەکان تۆمەتی ساختە لە “زارا محەممەدی” دەدەن

ماڵپەڕە نزیکەکان لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەندامێکی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی “نۆژین”، بە ئەندامبوون لە “یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران” تاوانبار کرد.

ماڵپەڕەکانی نزیک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، تۆمەتی “ئەندامییەتیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران”ی دایە پاڵ “زارا محەممەدی”، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی “نۆژین”.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدعاکانی ئەو ماڵپەڕە لە کاتێکدایە کە “زارا محەممەدی” لە شاری سنە، خەریکی وتنەوەی وانەی زمان و وێژەی کوردی بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەرمانان، “زارا محەممەدی”، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی “نۆژین”، بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی بە ناوی “مێهرداد عەلیخانی”، براوەتە دادگای ئینقلابی شاری سنە.

ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی “نۆژین” بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: “زارا لە کاتێکدا بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردایە کە سەر بە هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی نییە و تەنیا تاوانی، ڕاهێنانی منداڵان بە زمانی کوردی بووە.”

“کانی محەممەدی”، خوشکی زارا محەممەدی”، لە لاپەڕەی توییتریی خۆیدا نووسیبووی: “ڕۆژی ٢٧ی خەرمانان، پاش ٤ مانگ دەسبەسەریی نایاسایی و نامرۆڤانە و بەبێ  ڕاگەیاندنی تاوانەکانی، زارا برایە دادگا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکانی، دەیانهەویست بڕیاری بە سەردا بسەپێن”.

ماوەیەک پێشتر، برایەکی “زارا محەممەدی” لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، ڕایگەیاند کە لە چارەنووس و تۆمەتی وەپاڵدراوی “زارا”، هیچ زانیارییەکی وردیان نییە.

“زارا محەممەدی”، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، لەگەڵ دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی “ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری”، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.