دوو ئەندامی بنەماڵەیەک لە ورمێ ٣٢ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپا

لە ورمێ دوو ئەندامی بنەماڵەیەک بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی سەرجەم ٣٢ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپا. برایم سدیق هەمەدانی و کوڕەکەی بە ناوی سالار کە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو گیرابوون، هەر کامە و سزای ١٦ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپا.
جیا لەم باوک و کوڕە، مریەم سدیق هەمەدانی، کچێکی دیکەی ئەو بنەماڵەیەش لەگەڵ باوک و براکەی گیرا، بەڵام دوو ڕۆژ دوای گواستنەوەیان بۆ زیندانی ورمێ بە دانانی بارمتە ئازادکرا.
بەپێی دادنامەی ڕاگەیەندراو لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ برایم هەمەدانی و کوڕەکەی سالار هەمەدانی بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللیی وڵات لە ڕێگەی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیم” و “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” هەر کام سزای ١٦ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە کە ئیبراهیم سدیق هەمەدانی پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٤ سەبارەت بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردی سزای ٦ ساڵ زیندانیی درابوویە کە دوای کێشانی ٢ ساڵ لەو ماوە سزایە بەمەرج ئازاد ببوو..