محەمەد نەزەری: دوو ئەندامی بنەماڵەکەم لەکاتی بەدواداچوون بۆ پەروەندەکەم گیانیان لە دەست داوە

محەمەد نەزەری بەندکراوی سیاسی کە ئێستا ماوەی ٢٥ ساڵە لە بەندیخانە ڕاگیراوە، نامەیەکی نووسیوە ڕایگەیاندووە کە ناوەندە ئەمنییەکان گوشارێکی زۆریان خستووەتەسەر بنەماڵەکەم و دو وئەندامی بنەماڵەم لەکاتی بەدواداچوون بۆ پەروەندەکەم دا گیانیان لە دەست داوە.

محەمەد نەزەری، بەندکراوی خەڵکی سایین قەڵا ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ساڵ ١٣٧٣ی هەتاوی بە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان دەستبەسەر و لەوکاتەوە هەتا ئێستا بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە کە بەبێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانە ڕاگیراوە.

دەقی نامەی محەمەد نەزەری کە کۆپییەکی بۆ هەنگاو نێردراوە بە شێوەی خوارەوەیە؛

هەموو ئەو داواکارییانەی کە لەم نامەیەدا باسیان لێوە کراوە، پێشتر بە شێوەی فەرمی و نووسراو بۆ وەزارەتی ئیتلاعات نێردراون، بەڵام چونکە وەکوو داواکارییەکانی دیکەم بێ وەڵام ماونەتەوە، بڕیارم دا کە بەم شێوەیە و لە چوارچێوەی نامەیەکی سەرئاوەڵادا بڵاویان بکەمەوە، بەڵکوو ویژدانە نەنووستووەکان وەڵامێکیان بدەنەوە.

من محەممەد نەزەری، کوڕی حەمدوڵڵا، بە تۆمەتی لایەنگریی لە حیزبی دێموکرات، لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی  (٣٠ی مەی ١٩٩٤) زیندانی هەتایی بەسەرمدا سەپا. هەتا کاتی نووسینی ئەم نامەیە، زیاتر لە ٢٥ ساڵە بەبێ تەنانەت یەک ڕۆژ مورەخەسی لە بەندیخانەدام. بەم بۆنەوە بە پێویستم زانی کە باسی چەند خاڵێک بکەم، هەتا ڕای گشتی ئاگادار بێت کە لەم ماوەیەدا جگە لە خۆم چ بەسەر بنەماڵەکەمدا هاتووە.

١. لەو ساڵانەدا کە لە بەندیخانەم، بنەماڵەم بەدواداچوونی پەروەندەکەم بوون. دایکم لە ساڵی ٩٠دا (٢٠١١) کە بە مەبەستی بەخشین و داشکانی حوکمی داسەپاو بە سەرمدا سەردانی هەموو ناوەندەکان و بەیتی ڕێبەریی کردبوو، تەنیا یەک وەڵامی پێ درایەوە: هیچ کاتێک بەدواداچوون بۆ پەروەندەی کوڕەکەت مەکە، بڕۆ دوعا بکە کە لەسێدارە نەدرا! دایکم دواجار لە ژێر گوشار و زەبری ناوەندەکانی حکوومەت پاش لێدانی جەڵتە کۆچی دوایی کرد.

٢. لە ساڵی ٢٠١٢ دا دادستانیی گشتیی ئێران، بڕیاری پێداچوونەوەی بە پەروەندەکەمدا دا. سەرەڕای ئەوەی کە دادگای مەهاباد لەگەڵ بەخشران و ئازادیی مندا بوو، بەڵام کومیسیۆنی گشتیی بەخشین لە تاراندا بە دەستێوەردانی ئاغای نەجمی، نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، ئەمنی شایستەی بەخشین نەزانی و بڕیاری ئازادیی منی پەسند نەکرد.

٣. براکەم کە بەدواداچوونی بۆ پەروەندەکەم دەکرد، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو و دواجار تەرمی بێ گیانی لە یەکێک لە جادەکاندا لەکاتێکدا کە بە ڕواڵەت ڕاگەیەندرا کە جەڵتە لێی داوە، دۆزرایەوە. 

٤. چەندین جار داوای پارێزەرم کرد. چەند کەس لەو پارێزەرانە سەرەڕای قبووڵکردنی وەکاڵەت لە قۆناغەکانی یەکەمدا بە هۆکارگەلێکی ناڕوون کشانەوە. لە ساڵی ٩٦دا (٢٠١٧) محەمەدحوسێن ئاقاسی بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک وەکاڵەتی ئەمنی قبووڵ کرد، بەڵام سەرەڕای هیوایەکی زۆر بە ئازادییم، نەیتوانی هیچ کارێک بکات. 

٥. بە سەرنجدان بەو خاڵانەی باسم لێوە کردن، داوام لە خوشکەکەم کرد کە بە هیچ شێوەیەک بەدواداچوون بۆ پەروەندەی من نەکات، چونکە نامەوێ سێهەم کەس بێت کە لەسەر پەروەندەکەم لەدەستی بدەم. 

٦. لە ساڵی ٩٦دا نوێنەری ئیتلاعات پێمی ڕاگەیاند کە مەرجی ئازادیی من، وتووێژی تەلەڤزیۆنییە، ئەم داواکارییەی ئەوان لەلایەن منەوە ڕەت کرایەوە. ئەوان لە وەڵامدا پێیان ڕاگەیاندم کە ناتوانن بۆ ئازادیی من هیچ کارێک بکەن. 

سەرەڕای ئەوەی کە ئەمڕۆ هێزەکانی ئیتلاعات دان بەوەدا دەنن کە ئەو حوکمەی بەسەر مندا سەپاوە ناعادڵانەیە، بەڵام ئەوەی کە بۆچی هێشتا لە گرتووخانەدام و ئازاد ناکرێم، پرسیارێکە کە تەنیا بەڕێوبەری گشتیی ئیتلاعاتی ئازەربایجانی غەربی (ئورمیە) دەتوانێ وەڵامی بداتەوە. 

دەبێ ئەوەش بڵێم کە لەسەر داوای هەرکام لە بەرپرسەکانی ناوەندە قەزاییەکان ئامادەم لە بەردەم دادگادا وەڵامی پرسیارەکانیان بدەمەوە. گەلۆ ڕەوایە کە بەبۆنەی دانپێدانانێکی درۆیی و پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٢٥ ساڵ، بەم شێوەیە لەگەڵ بنەماڵەکەمدا هەڵسوکەوت بکرێت؟ 

لە کۆتاییدا لە خوێنەرانی ئەم نامەیە داواکارم کە وەڵامێک بەم نامەیە بدەنەوە.

محەمەد نەزەری، بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە