دۆخی ئاڵۆزی زیندانیانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا

زیندانیانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو ئازار دەدرێن و لە هەموو مافەکانیان بێبەشن و ئەشکەنجە و ئازاری زۆر، بووەتە هۆی نەخۆش کەوتنیان و لەباری پزیشکی و تەندروستییەوە لە دۆخێکی نالەباردان.
زۆربەی ئەو زیندانییانە کە بە تاوانی سیاسی زیاتر لە چەند ساڵە لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدان، بە ورەیەکی بەرزەوە بەرەنگاری ئەشکەنجەکانی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە. زیندانیانی سیاسیی کورد ڕادەیەکی بەرچاو لە بەندکراوانی سیاسیی ئێران پێکدێنن. بۆ نموونە لەو کەسانە دەتوانین ئاماژە بە “محەممەد نەزەری” بکەین کە ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵە بە تاوانی سیاسی بوون حوکمی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە و لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییەوە لە بەندیخانەی ئێڤین و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا ڕاگیراوە و لەو ماوەیەدا بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئەشکەنجە و ئازار دراوە. ناوبراو لەو ماویەدا لە یەک ڕۆژ مەرەخەسی بێبەش بووە و بەهۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە تووشی نەخۆشی بووە.
هەروەها “عومەر فەقێ پوور” و “خالید فەرەیدوونی” دوو کەسی دیکەن کە بە تاوانی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتدا، ماوەی ١٩ ساڵە بێ هەبوونی مافی پارێزەر لە زیندان دان و بەهۆی ئازاری زۆرەوە تووشی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی بوونە.
لایەنێکی ئاگادار لەو بارەوە ڕایگەیاند کە دۆخی تەندروستی ئەو دوو زیندانییە خراپە و لەباری دوکتۆر و دەرمانەوە پێیان ڕاناگەن.