تۆمەتی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان خرایە پاڵ زارا محەمەدی

محەممەدی بەرپرسی دەستبەسەر کراوی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە تۆمەتی پاڵپشتی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە خراوەتە پاڵی.

زارا محەممەی حەفتەی ڕابردوو دوای چوار مانگ دەستبەسەر کران توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی محەمەدی لەمبارەوە ڕاگەیاند: “زارا بە بنەماڵەکەی وتووە کە لە سەرەتایی دەستبەسەرکرانیەوە لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بووە کە دان بە هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتدا بنێ و ئەو تا ئێستە ئەو کارەی نەکردووە و ئەوانیش نەیانتوانیوە کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات ڕوو بکەن”.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا باسی لەوە کرد، زارا ڕایگەیاندووە دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لە  سەلماندنی تۆمەتی هاوکاری من لەگەڵ حیزبی دێموکرات بێ هیوا بوون، ئێستا دەیانهەوێ دان بە پەیوەندی لەگەڵ حیزبی کۆمەڵە بنێم.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاند بوو کە ، لێپرسنەوەی زارا کۆتایی هاتووە و ئیستا چاوەڕوانی بەڕێوە چوونی دانیشتنی دادگا دەکات.لێکۆڵەری ناوبراو دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە ئیزنی نەداوە کە زارا بە دانانی بارمتە ئازاد بکرێت.

زارا محەمەدی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧١٩(١٨ی سێپتامبری ٢٠١٩) دوای چوارمانگ دەستبەسەر کران بە بێ ئاگاداری بنەماڵە و پارێزەرەکەی ڕەوانەی لقی دووی دادگای شۆرشی سنە کرا کە بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت گەڕێندرایەوە بۆ دەستبەسەرگە.

زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩ ( ٢٣ی مەی ٢٠١٩) دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. هاوکات دوو ئەندامی دیکەی ڕێکخراوی نۆژین بە ناوەکانی ڕێبوار منبەری و ئیدریس منبەری دەستبەسەر کرابوون کە دوای چوار ڕۆژ ئازاد کران، بەڵام زارا پاش مانگێک هێشتا دەستبەسەرە و ئازاد نەکراوە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.