ئازادی دوو هاووڵاتی کورد و ناڕوونی چارەنووسی دوو کەسی دیکە

لە درێژەی دەسبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگی لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و بەپێی راپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، دوو هاونیشتمانی خەڵکی سنە، بە ناوەکانی”سەیفوڵڵا جەلیلی و هیوا جەلیلی” کە بە تۆمەتی هاوکاریکردنیان لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری دەماوەند دەسبەسەر کرابوون بە دانانی بارمتە ئازاد کران. ئەو دوو کەسە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە گەڵ “بەشیر حاتەمی” و “غەفور یاری” لە شاری دەماوەند لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری دەماوەند دەسبەسەر کرابوون کە چارەنووسی ئەو دووکەسەی دیکە تا گەیشتنی ئەو هەواڵە هەروا ناڕوونە.
لە لایەکی دیکەوە چارەنووسی چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی “کەیوومەرس لەتیفی” پاش ٤٠ ڕۆژ گواستنەوەی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ناڕوونە.
بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ناوبراو، ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ساڵی ڕابردوو، بە ساڵێک زیندانیی مەحکووم و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کرا و لە دۆسیەیەکی نوێ‌دا بە تۆمەتی هاوکاری حیزبە کوردیەکان تاوانبار کراوە .
هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارونووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.
“کەیوومەرس لەتیفی”، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنەیە و لە بواری بەڕێوەبەریی وانەی فێرکاریی زمانی کوردی لەو شارەدا، چالاکیی هەبووە. هەروەها مامۆستایەکی کورد خەڵکی شاری دیواندەرە بە ناوی” ئومێد شامحەممەدی” لە زیندانی ناوەندی شاری سنە، لە مافی ئازادی بێمەرج و مورەخەسی بێبەرییە.
ئەو چالاکە سێنفییە، ڕۆژی ٢ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لە دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە ساڵێک زیندانی مەحکووم کرا.