چارەکە سەدەیەک خۆڕاگری و کۆڵنەدان

ئەمڕۆ ٢٥ ساڵ و ٤ مانگ و ٦ ڕۆژ بەسەر زیندانی‌بوونی «محەممەد نەزەری»دا تێدەپەڕێ.
«محەممەد نەزەری» کوڕی حەمدوڵڵا خەڵکی میاندواو، زیندانی سیاسیی ئازەری‌زمان لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٧٣ی هەتاویدا، لە شاری بۆکان و لە ماڵی خوشکی لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شاراوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەسبەسەر کرا.
ناوبراو ماوەی ٩ مانگ لە گرتووخانەی ئیتلاعات دەبێ و لەدوای تەحەممولی بێبەزەییانەترین ئەشکەنجەکان، لە لایەن دادگاوە و بە حوکمی «جەلیلی»، قازیی پەروەندەکەی لە ماوەیەکی ٢٠ خولەکیدا و بەبێ ئەوەی پارێزەرێک وەک سەرەکیترین مافی هەر بەندییەک بۆ محەممەد نەزەری لەبەرچاو گیرابێ؛ سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا. ئەمە لە کاتێکدایە بە وتەی خودی محەممەد نەزەری کە لە چەندین جێگادا و بەتایبەتی لە نامەکانی خۆیدا باسی لێ کردوە –کە ئێمە لەم نووسراوەیەدا زیاتر پشتمان بەو سەرچاوانە بەستووە-؛ ڕیزی ئەو تاوانانەی وا دراونەتە پاڵی هەمووی لە ئاکامی دانپێدانانی زۆرەملی بووە. ئەم حوکمە هەتا ساڵی ٧٦ واتە سێ ساڵ پاش گیرانی نەگۆرا؛ بەڵام لە دوای ناڕەزایەتیدەربڕینی بەردەوامی حوکمەکە لە ئێعدامەوە شکا بۆ زیندانی تاهەتایی. یەک لەو تۆمەتانە بریتییە لە «دەستێدا هەبوونی ناوبراو لە تێرۆری ٤ مەئمووری ئیدارەی ئیتلاعات»، ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچکات تێرۆری وا نەکراوە و، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ سزادان و مەحکووم کردنی چالاکانی کورد لەم جۆرە پیلان و تاوان هەڵبەستنانە کەلک وەردەگرێ.
لە ماوەی ئەم ساڵانەدا و بەتایبەتی لەم دوایین ساڵانەدا ئەم بەندییە خۆڕاگرە چەندین جار داوای پارێزەری کردوە. هەندێک لە پارێزەران سەرەڕای ئەوەی کە بەدوادا چوون و داکۆکی کردن لە دۆزەکەیان بە ئەستۆ گرتوە، بەڵام هەر لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوە و هۆکارێک دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا دایکی بەساڵاچووی محەممەد نەزەری حەولێکی زۆری داوە کە بتوانێ ڕێگایەک بۆ ڕزگاریی کوڕەکەی بدۆزێتەوە، هەر بۆیەش لە ساڵی ٩٠ی هەتاویدا لە دەرگای هەموو ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی دا و تەنانەت هەتا «بیت رهبری»ـش چوو؛ بەڵام لە کۆتاییدا پێیان گوت کە نابێ چاوەڕوانی ئازادیی کوڕەکەی بێ و دەبێ سەری لێ بخەوێنێ. ئەم وڵامە بووە هۆی هیوابڕاوی و خەمۆکیی دایکی محەممەد نەزەری و لە ئاکامدا لە ساڵی ٩١ سەکتە لێ دا و بە ئاواتی رزگاریی سەری نایەوە. هەر لەم ساڵەدا دادئەستێنی گشتیی وڵات حوکمی پێداچوونەوە بەسەر دۆزی ناوبراو دەر دەکا. دادگای شاری مەهاباد حوکمی ئازادییەکەی دەدا، بەڵام کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوون تاران بە دەستێوەردانی نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی «رجایی شهر»ی کەرەج ئەم حوکمە هەڵدەوەشێنێتەوە.
لە کاتی دەسبەسەر کرانی محەممەد نەزەری هەتا بە ئێستا چوار کەسی جیاواز بوونەتە سەرۆکی داد لە ئێران، کە ناوبراو بۆ سێ کەسیان نامەی ناردوە و داوای پێداچوونەوە و ڕوونکردنەوەی لێ کردوون. بەڵام هیچکام لە سەرۆکەکان چ یەزدی، چ شاڕوودی و پاشان لاریجانی‌ش هیچ چەشنە وڵامێکیان پێ نەداوەتەوە. کۆی سەرنج‌نەدان و وڵامنەدانەوەی ناوەندە پێوەندیدارەکان، مردنی دایکی –کە لە پێناو هەوڵدان بۆ ئازادیی کوڕەکەی گیانی خۆی لەدەست دا و ئەویش لە دوای ساڵێک ئاگادار بۆتەوە- و هەروەها مردنی دوو کەس لە هاوڕێیانی لە بەندیخانە کە هەرکام لەوان ٢٣ و ٢٢ ساڵ لە ژیانی خۆیان لەو شوێنە بەسەر بردبوو؛ دەبنە هۆی ئەوەی زنجیرە مانگرتنی ناڕەزایەتیی خۆی دەست پێبکا. لە یەکەمین مانگرتنیدا کە لە ڕێکەوتی ٧ی خەرمانانی ٩١ی هەتاوییەوە دەست پێدەکا هەتا لە ٢٥ی ڕەزبەری هەمان ساڵدا کۆتایی پێدێ؛ بە دوورینەوەی لێوەکانی بە بەنی نەبڕ ئەوپەڕی ناڕەزایەتییەکەی دەردەبڕێ. لەم بارەوە دەڵێ بە لێدانی حەبی سڕکەر لە لێوەکانی توانیویەتی بەرگەی ئێش و ئازاری دوورینەوەکە بگرێ، بەڵام لەو ماوەیەدا کە ٤٩ ڕۆژی خایاندوە، بە پژمین و باوێشک‌دان دەوروبەری دەمی بریندار بووە و بەم بۆنەیەوە هەر جارە تووشی ئازارێکی زۆر بووە.
نەزەری لە یەکێک لە نامەکانیدا بۆ سەرۆکی دادی وڵات باس لەوە دەکا لە ئاکامی یەکێکی تر لە مانگرتنەکانیدا کە ماوەی ٩٠ ڕۆژی خایاندووە، تووشی نەخۆشی بووە بەڵام کاربەدەستانی زیندان هیچ هەوڵێکی دەرمانییان بۆ نەداوە.
لە ساڵی ٩٥دا براکەی جارێکی دی وەدووی کارەکانی دەکەوێ، بەڵام لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە هەڕەشەی لێ دەکرێ و پاش ماوەیەک جەستەی بێ‌گیانی ئەویش لە قەراغ جادەیەکدا دەدۆزرێتەوە! ئێستا محەممەدی نەزەری پێشگیری لە خوشکەکەی کردوە کە لە پێناو ئازادکردنی ئەودا هیچ هەنگاوێک هەڵنەهێنێ، چونکوو بە وتەی خۆی پێی خۆش نییە ئەو سێهەم کەسێک بێ کە لەم ڕێگایەدا دەبێتە قوربانی.
لە ساڵی ٩٦دا نوێنەری ئیتلاعات لەپێناو ئازادکردنی محەممەد نەزەری مەرجی دانپێدانانێکی تەلەڤزیۆنی بۆ دادەنێ کە ئەمەش بەرهەڵست‌ بوونەوە و ڕەتکردنەوەی لەلایەن ئەوەوە بەدوادا دەبێ. وەک بۆخۆی باسی لێدەکا تەنانەت مەئموورە ئیتلاعاتییەکانیش لە کاتی قسەکردنیان، دان بەوەدا دەنێن کە بێتاوانە و دەبێ ئازاد بکرێ بەڵام دەڵێن: «ئێمە کارێکمان لەدەست نایە».
ئێستا کە پتر لە چارەگە سەدەیەک لە گرتنی محەممەد نەزەری تێدەپەڕێ و تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش مەرەخەسی پێ نەدراوە و هەموو ئەم ماوەیەی لە زینداندا بەسەر بردوە، هەندێک بیرەوەریی تایبەتی هەیە. ئەو ناخۆشترین ڕۆژی ژیانی نێو بەندیخانەی خۆی بەو ڕۆژە دەزانێ کە هەواڵی مەرگی دایکی بیستووە، خۆشترین هەواڵەکەشی هەر هەواڵی مەرگ بووە بەڵام مەرگی یەکێک لە بازجووەکانی بەناوی «محمد مینایی». لەم ماوەیەدا شایەدی ئێعدامی زیاتر لە ٥٠ کەس لە هاوڕێیانی بووە کە ئەمەش کارتێکەرییەکی قووڵی دەروونیی لەسەر داناوە. هەروەکوو ئاماژەی پێکرا هەتا ساڵی ٧٦ کە سزای ئێعدامەکەی لەسەر جێی خۆی مابۆوە، هەموو حەوتوویەک شایەدی ئێعدامی خەڵکانی دیکە بووە و، لە هەمان کاتدا چاوەڕێی لەسێدارە دانی خۆیشی. ئەو کە لاوەتیی خۆی لە بەندیخانەدا داناوە پێی وایە ژیانی هەر لە چاوەڕوانیدا بووە یەکیان چاوەڕوانیی ئێعدام و ئەوی تریان ئازادی. لە یەکێک لە وتووێژەکانیدا لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە چ شتێک هیوای خۆڕاگریی پێ بەخشیوی، دەڵێ: «ڕق و قینێک کە لە دەسەڵاتدارانی ئەم حکوومەتەم هەیە، ورەم پێ دەبەخشێ.» بەڵام لە هەمان کاتدا کە بەهیوایە پێی وایە ئەگەر ڕۆژێکیش لە بڵیندگۆی زیندانەوە ناوی وەک کەسانی ئازادکراو بخوێندرێتەوە، بڕوا ناکا چونکوو لە ماوەی ئەم ساڵانەدا درۆی زۆری لە کاربەدەستان بیستووە!
تەنیا ئاواتیشی پێکهاتنی حکوومەتێکە کە لەوێدا مافی هەموو کەمینە ڕەگەزی و ئایینییەکان پارێزراو بێ.