دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێ لە بانگکردن و هەڕەشە لە چالاکانی مەدەنی پیرانشار

لە سەرەتای مانگی رەزبەرەوە زیاتر لە ١٥ کەس لە چالاکانی مەدەنی پیرانشار بە تۆمەتی بەشداری کردنیان لە چالاکییەکانی رێکخراوەکانی “ژینگەپارێزانی پیرانشار و کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار” بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون.
چالاکانی مەدەنی ئەو شارە زەخت و گوشاری زۆریان لەلایەن بەرپرسانی ئیتلاعاتەوە خراوەتەسەر و هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێ چیتر لە کۆبوونەوە و چالاکییەکان دا بەشداریی بکەن.
رێکخراوەکانی کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار و ژینگەپارێزانی پیرانشار لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چالاکی بەرچاویان لە بوارە مەدەنی، کلتووری و ژینگەپارێزی دا هەبووە.
هەروەها لەدوای خۆپێشاندانەکانی شاری پیرانشار بۆ پڕۆتستۆ کردنی هێرشی داگیرکاری تورکیە بۆ سەر رۆژاوای کوردستانیش، ١٣ کەس لە خەڵکی شاری پیرانشار گیراون و هێندێکیان تا کاتی دادگایی بە دانانی بارمتە ئازادکراون.