حوکمی بەندکرانی سێ هاووڵاتی کورد

لەدرێژەی گرتن و دەسبەسەرکرانی هاونیشتمانیانی کورد لە شارەکانی کوردستان، لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سێ هاونیشتمانی کورد لە شارکانی ئیلام و ورمێ بە سێ ساڵ بەندکران حوکمدران.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ “ئەحمەد شەکەری” خەلكی ئیلام لە ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی، لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی کردن لە خەڵکی ڕۆژاوا و مەحکوم‌کردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر کوردانی ئەو پارچەیە، لەگەڵ چەند کەسی دیکە دەسبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە بە تۆمەتی شێواندنی بیروڕای گشتی و درووست کردنی ئاڵۆزی و پشێوی بە یەک ساڵ بەندکران حوکمدرا و بۆ زیندانی ئیلام گوازرایەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا دوو هاووڵاتی خەلکی ورمێ، بە ناوەکانی”ڕەزا ئیسماعیلی ” و “کەیوان زارع” کە ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەری ٩٨ی، بۆ دربڕینی ناڕەزایەتی لە هێڕشی دەولەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان هاتبوونە سەر شەقامەکان، دەسبەسەر کران و دوای لێپرسینەوە لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی تەبلیغ بە دژی نیزام و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، هەر کام بە یەک ساڵ بەندکران حوکمدران و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕاگوازراون.