دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتی و ئازادی بەندکراوێکی سیاسی

دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی کرماشان و سەردەشت لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و هاوکات بەندکراوێکی سیاسی دوای ماوەی حوکەمەکی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتووڕۆژی شەممە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ (٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٦ ساڵیان بە ناوی ”حەسەن هاشمی“ کوڕی ئیسماعیل دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتیەکی خەڵكی سەردەشت بە ناوی ”هیوا حوسێنی“ کوڕی عەزیز و تەمەن ٢٧ ساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەر کردنی هیوا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی و دەستیان بە سەر کەرەستە تایبەتییەکانی ناوبراو وەکوو کۆمپیوتەر و مۆبایلەکەیدا گرتووە.

هەروەها، یەکشەممەی حەفتەی ڕابردوو، جەواد ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیرابوو، دوای تەواو بوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کراوە.

جەواد ئەحمەدی پاییزی ساڵی ١٣٩٤ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە دواتر بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران کەم کراتەوە.