بەردەوامیی دەسبەسەر کردنی هاونیشتمانیانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە درێژەی ڕەشبگیری و دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەردەشت و کرماشان دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون. هەروەها هاونیشتمانییەکی خەڵکی بۆکانیش، بە ١٠ ساڵ بەندکران حوکم دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان ، ڕۆژی شەممە ٤ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “حەسەن هاشمی” تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی کرماشان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
لایەنێکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەی ناوبراو هەوڵی زۆریان داوە کە شوێن و هۆکاری دەسبەسەر بوونی ناوبراو بزانن بەڵام تا ئێستاش بێ ئاگان.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژێک پێشتر، ”هیوا حسێنی” خەڵکی ناوچەی سەردەشت و تەمەن ٢٧ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراوە.
لە هەواڵێکی دیکەدا و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چالاکێکی ئایینی بە ناوی ” سەید ئارام ئیسلام زادە” خەڵکی بۆکان لەلایەن دەزگای قەزایی بۆکانەوە بە تۆمەتی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەسبەسەر و بە ١٠ ساڵ زیندان حوکم دراوە.
ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر و ئێستاش لە بەندی زیندانیانی عەقیدەتی_سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، ماوەی حوکمەکەی بەسەر دەبا.
هاوکات لەگەڵ دەسبەسەر کردنی ئەو چالاکە ئایینییە، چالاکێکی سیاسی بەناوی “سەلام مەردان” کە ساڵێکی لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، ئێستاش لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بەسەر دەبا و هیچ هەواڵێک لە بارودۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.