ئیقباڵ زارعی دوای ١٤ ڕۆژ مانگرتن تووشی خوێنبەربوونی هەناو بووە

بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەقز ١٤ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و بەهۆی ئەو مانگرتنەوە تووشی خوێنبەربوونی هەناو بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ئیقباڵ زارعی، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز ڕاگیراوە،لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (١٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێ نەکرانی فەرمانی سەرۆکی دەزگای دادوەریی کە داوای بەخشینی ماوەی حوکمەکەی کردبوو، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستی خستووەتە ناو کەیسی ئیقبال زارعی و ئیزن نادات کە ماوەی حوکمەکەی بکەوێتە بەر لێبوردن و تەنانەت گوشاریشی خستووەتە سەری کە دەبێ واز لە مانگرتن بهێنێت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە، ئیقباڵ دوای ١٤ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن تووشی خوێنبەربوونی هەناو بووە و باری تەندروستی ناجێگیرە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە بە نیسبەت تەندروستی ناوبراو کەمتەرخەمن و هیچ هەوڵێکی بۆ نادەن.

ئیقباڵ زارعی تەمەن ٣٥ ساڵ و خێزاندارە، کە ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧١٦ (٩ی ژوئیەی ٢٠١٦)  لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و دواتر تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو خەڵکی گوندی خۆشەدەرەی سەقزە و لەکاتی دەستبەسەر کرانیەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز ڕاگیراوە.