عوسمان مستەفاپوور ٢٩ ساڵە بە بێ مرەخەسی لە بەندیخانە ڕاگیراوە

عوسمان مستەفاپوور، کە کۆنترین بەندکراوانی سیاسی کوردستان و ئێران بە ئەژمار دێت وزیاتر لە ٢٨ ساڵە بە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.

عوسمان مستەفاپوور ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی (١٩٩١ی زایینی) دەستبەسەر و لە دوو دۆسیەی جیاوازدا سەرجەم حوکمی ٣٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئەوە ماوەی ٢٨ ساڵ و ٤ مانگە لە بەندیخانەیە.

بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی عوسمان مستەفاپوور بۆ ئەوەی ناوبراو بتوانێت لە مافی مرەخەسی وەرگرتن کەڵک وەربگرێت هەتا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و ئەو بەندکراوە کوردە ماوەی نزیک بە سێ دەیەیە کە بۆ یەک ڕۆژیش لە بەندیخانە نەهاتووەتە دەرەوە.

عوسمان مستەفاپوور تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٧٠ی هەتاوی ( ١٣ی ژوئیەی ١٩٩١ی زایینی) دوای تێکهەڵچوونێکی چەکداری نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە هاوڕێ لەگەڵ سێ پێشمەرگەی دیکە بە ناوەکانی مەلا جاسم دڵنشین، ئەیووب جەهانگیری و میرزا محەمەد قاسمی بەدیل گیرا.

ناوبراو لەگەڵ سێ کەسی دیکە بۆ ماوەی ٦ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوو و لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ دوای تەواو بوونی لێپرسینەوەکانیان بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرانەوە  و هەر یەک لە عوسمان مستەفاپوور، ئەیووب جەهانگیری و مەلا جاسم دڵنشین لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەری جەواهری بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات و بە بێ هەبوونی مافی وەرگرتنی پارێزەر حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپا.

دوای ئەوەی کە حوکمی ئەو سێ کەسە لە دادگای پێداچوونەوە وەک خۆی پەسەند کرا، لە هاوینی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی حوکمی سێدارەی مەلا جاسم دڵنشین جێبەجێ کرا و ساڵی دواتریش ئەیووب جەهانگیری لە بەندیخانەی ئورمیە لەسێدارە درا. عوسمان مستەفاپوور  ساڵی ٧٢ (٩٣ی زایینی) گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی تەورێز و دوای دوو ساڵ سەر لەنوێ گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە.

حوکمی سێدارەی عوسمان مستەفاپوور ساڵی ١٣٧٩ (٢٠٠٠) هەڵوەشایەوە و حوکمەکەی کەم کرایەوە بۆ ١٠ ساڵ بەندکران، ناوبراو هەمان ساڵ لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات حوکمی ٢٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و سەرجەم حوکمەکەی بوو بە ٣٥ ساڵ بەندکران.

میرزا محەمەد قاسمی دوای ٨ ساڵ ڕاگیران لە بەندیخانە ئازاد کرا و دواتر ڕووی لە باشووری کوردستان کرد.

عوسمان مستەفاپوور ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی کە لەسەر پێشنیاری داواکاری گشی داوای ئازادی مەرجدرای کردبوو، داوای ئەو بەندکراوە سیاسیە دوای ٢٨ ساڵ بەندکران لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە ڕەد کرایەوە.