زیندان قەڵای خۆڕاگری و بەرخۆدان

ئەمن سەعید باختە کوڕی وەستا ئەحمەد ناسراو بە  ئەحمەد مەنگوڕە ساڵی ١٣٤٧ لە گەڕەکی سێ ئاشان لەدایک بووم و فامم کردەوە و گەورە بووم و تێکەڵ بە سێڵاوی خرۆشانی خەڵک لە ساڵی ١٣٥٧ بووم.

سەرەتای شۆڕش لە مەدرەسەی جامی دەمخوێند لە گەڕەکی باغی سیسە یەکێک لە مامۆستاکانمان کاک عەلی حەسەنپوور ناسراو بە کاک شوان  بوو،پاشان بوو بە فەرماندە لک و بەداخەوە زوو شەهید بوو. کاک شوان زۆری هاندەداین کە تێکەڵ بە خۆپێشاندانەکان بین و خۆمان نیشان بدەین، بەسەرێکی زۆرمان پێ خۆشبوو کە لە مەدرەسەی دوور دەکەوینەوە و بە سەرێکیش نەماندەزانی بۆ وادەکەین و وەدوای چی کەوتووین ، چاومان لە خەڵکی دەکرد و جنیومان بە شای دەداو پەنجەرانمان دەشکاند.

وردە وردە خەلک چەکدار بوون و بابیشم بە پوڵی خۆی کەڵاشێنکۆف و دەمانچە و مەخزەنی کڕین و لە پێش چاوی ئێمە لە شانی دەکرد و وێڕای کوڕە جوانەکانی دەورووبەرمان وەک گوشوارەکان و سازوارێکان و دەیان کوڕی بە جەرگی دیکەی گەڕەکی سێ ئاشان کە بەراستی مەکۆی قارەمانێتی و پێشمەرگە پەروەر بوو ،منیش هەستم زیاتر دەبزووت و زیاتر تێکەڵ بەو جۆش و خرۆشە بووم و لە دەورەی دووی هێزی بەرگری دا ناونووسیم کرد و دەورەی هێزی بەرگریمان تەواو کرد و وردە وردە زیاتر هەستم بە خۆشی و غرور دەکرد لە نێو رەفیقەکانم دا .هیندەی پێ نەچوو سازمانی جەوانان دامەزرا و لە وێ نێو نووسیم کرد و پاشان بە هۆی زاڵبوونی هێژموونی حیزبی تودە بە سەر ئەو سازمانەدا بڕیار درا مونحەل بکرێ و یەکیتی لاوان دامەزرێنن من و ئەندامانی ئەو سازمانە ئوتوماتیک بوونە ئەندامی یەکیتی لاوان  و یەکەم بەرپرسی ئەو کاتیش کاک کەریم ئەڵڵاوەیسی بوو .

 دەگەل قادر قارەمانی ناوراو بە قادری زارا هەڵووچەکە پاشان بوو بە جاش و بە دەستی پێشمەرگە کوژرا و کوڕیکی دیکە بە نێوی ئەمیر عەینالوو کە بە رەچەڵەک عەرەبی شێعەی عێراق بوو کە ساڵی ٥٤ سەددام وەدەری نابوون و لە مهاباد گیرسابوونەوە ، ببووینە رەفیق و وامان لێهات بەشی زۆری ژیانمان دەگەڵ یەک و بە هاوکاری یەک و وەک یەک ژیانمان تێپەڕ کرد. چەند کەسی دیکەشمان دەگەڵ بوو وەک رەحمان سۆهرابی و سمایلە چکۆل و چەند کەسی دیکە کە ئێستا لە نێوخۆن و نێویان پارێزراوە. ئەمن بە رۆژ دەمخوێند و بە شەو کاری تەبلیغی و کۆکردنەوەی یارمەتی و داو و دەرمان و رێنیشاندەری پێشمەرگەکان بووین کە شەوانە دەهاتنەوە نێو شاری. جار و بارەش کۆبوونەوەی ئەندامانی یەکێتی لاوان دەبوو کە بەرپرسی ئەوکاتی نیو شاری کاک خوسرەو خوسرەوی بوو بە نێوی مستەعاری سەربەست کە بەراستی کوڕێکی رێک و پێک و بە ئیمان و بە باوەڕ بوو بەداخەوە دەگیرێ و بە هۆی مقاومەت و بەربەرەکانی لە زیندان دا لە بەندیخانەی ئەوین لە تاران لە حەوشەی زیندان بە نارنجۆک دەیتەقێننەوە و شەهیدی دەکەن. رۆژێک کاک عەزیم ئەفسەر کە ئەوکاتی بەرپرسی یەکێتی لاوان بوو رایسپاردبوو کە پێویستیان بە دەزگای چاپ و تەکسیرە و پەکیان کەوتووە و تیمەکانی دیکە هەوڵیان دابوو بەڵام نەیان توانیبوو پەیدای بکەن . ئێمەش کە ئەوەمان بیست غرور گرتینی و هەروگیفمان لە خۆمان دا و دەگەڵ ئەمیر و کەسێکی دیکە کە ئێستا لە نیوخۆیە مەدرەسەیەکمان دەست نیشان کرد و تەڕحەکەمان داڕشت و شەوێ بۆی چووین و بەهەزار زەحمەت توانیمان دوو دەزگای چاپ و تەکسیر بێنینە دەر و بە هاوکاری ژنێکی تێکۆشەر لە پشتی سێتەگەری دانێین و گڵمان بەسەر داداو بە غیرەتی ئەو ژنە بە بازگەکانی بازرەسی سپای پاسداران دا رەتمان کرد. و گەیاندمانە بنکەی یەکێتی لاوان کە ئەوکات لە گیادروان بوو ،کاک عەزیم کە چاوی پێی کەوت زۆر خۆشحاڵ بوو و گوتی خزمەتێکی گەورەتان بە یەکێتی لاوان کرد و ئەو کارەی ئیوەمان لە بیر ناچێتەوە و وەک تەشویق تفەنگێکی تامسۆنی ئالمانیان داینێ کە پێمان وابوو دونیایان داوینێ بێخەبەر لەوەی کە ئەو تفەنگە دەبێتە هۆی گۆڕانی ژیانمان لە داهاتوو دا.

ئێمە یەکەم هەستەی چەکداری یەکێتی لاوان لە نێو شاری بووین. کەیفمان ساز بوو غرورێکی تایبەتیمان هەبوو ، پێشتر بۆ خۆمان لە ئاسنی تفەنگمان ساز کردبوو شەوانە فەقەت سێبەرەکەمان پێشانی خەڵکی دەدا بۆ وەی ئاشکرا نەبین بەڵام ئەو تفەنگە لەخۆبایی کردین و کەمتر نهێنی پارێزیمان دەکرد و زیاتر ئاشکرا بووین و کەمتر مەجالی هەڵسوڕانمان مابۆوە. رژیم رۆژ نەبوو لاوانی مهاباد ئیعدام نەکا و تەرمەکانیان لە قەبرستانی مهاباد فڕێ نەدا . جەوێکی ناخۆش بەسەر مهاباد دا زاڵ ببوو ، ناخۆشتر لەوانەش بۆ وەرگرتنەوەی جەنازەی ئیعدام کراوەکان داوای قدویەک شیرنی و پوڵی فیشەکەکانی لە بنەماڵەکانیان دەکرد. رۆژێک خەبەرمان پێگەیشت کە چەند جەنازە لە قەبرستان فڕێ دراون و ئێمەش چووین و دیتمان کە هەموو گیانیان شکاوە و یەکیانم ناسی کە شەهابی سازواری بوو دیار بوو لەژێر شکەنجە دا شەهیدیان کردبوو نێوچاوانیان بە نیشانی ئەستێرە داغ کردبوو ، دیمەنێکی یەکجار جەرگبڕ بوو، ئەو کردەوانەی رژیم ئێمەی لەسەر تێکۆشانمان زیاتر سوور کرد و زیاتر لەو رژیمە بێزار بووین . رۆژێک دوو کادری یەکێتی لاوان بە نێوی خالید شاتری و رەزا کەریمی لە مهاباد ئیعدام دەکرێن و کاک عەزیم رایسپاردبوو کە بچین بۆ دیتنی ، من و ئەمیریش چووین و داوای لێکردین کە لە هەموو گەڕەکەکان وێنەی ئەو دوو شەهیدەی یەکێتی لاوان لە دار و دیوار بدەین. ئێمەش تەلیسێکی پڕمان ئیعلامیە بە هاوکاری ژنێکی تێکۆشەر لە بازرەسی “مهدی کودک” رەت کرد و هەتا شەوێ تاقەتمان کرد ، شەوی ئەوەڵ زۆرمان بڵاوکردەوە و لە کەمینێکیش نەجاتیمان بوو ، بۆ شەوی دوایە دایکم زۆری ئیسرار کرد کە نەچین و هەتا ماوەیەک هیچ نەکەین و خۆمان نیشان نەدەین بەڵام بە قسەمان نەکرد و بەو قسەیەی کە گوتمان ئاخرین شەوە قەناعەتمان پێهێنا. خۆمان ساز کرد و وەڕێ کەوتین چەکەکە بە من بوو ئیعلامیەکانیش بە عەڕەب و وان بوو ،لەسەری کووچەی کەژاڵ(نێوی مستەعار) کوتی راوەستە با کەوشەکانم توند بکەم منیش لەسەری راوەستام و عەڕەب رانەوەستا و رۆیشت ، ویستم بچمە خوارێ نەفەرێکم دیت و دەنگم دا و کوتم کێی کوڕە ؟ لەو عەینەی دا عەڕەب گەیشتە سەر کوچەی و پشتملی ویان گرت و منیشیان بە رەگبار داگرت ،یەکەم گوللە وەلاقم کەوت و لە نێو رەگباران دا گوللەی دووهەمم بە شانی کەوت و لە پشتم هاتەوە دەر و خوێن بە زارم دا هاتە دەر و ئیحساسم کرد کە جەرگم بڕاوە و لەختەی خوین دەهاتە نێو زارم و خۆش خۆش خوێنەکەم قوت دەداوە بەو خیاڵەی کە خوێنم تەواو نەبێ نەشمدەزانی کە دەچێتە نێو زگم و هیچ فایدەی نیە . دوای تەقەکە گوێم لێ بوو کە پاسدارەکە گوتی بچۆ تفەنگەکەی هەڵگرەوە و گوللەی خڵاسی لێدە ، منیش کە ئەوەم بیست خۆم مراند و خوێن بەزارم دا دەهاتە خوار و هەستم لەخۆم بڕی چوون دەمزانی ئەگەر زیندوو بم گوللەی خڵاسم لێدەدا. پاسدارەکە هاتە سەرم و ژێ سێ کەی لە گوێم نا و یەک دوو نووک پۆتینی لە کەلەکەم دا بەڵام تەکانم نەخوارد چاوم زەق کردو خوێنیش بە زارم دا دەهات هەر کەس با دەیگوت مردووم ، بە خۆشێیوە لێی نەدام و تفەنگەکەی هەڵگرت و رۆیشتن،منیش بۆ ئیحتیاد ماوەیەک هەر وا مامەوە بۆوەی دڵنیا بم رۆیشتوون ،پاشان کە هەستم بە دەنگە دەنگ نەکرد بە قوونە خشکە خۆم گەیاندە ماڵیکی کە لێی نیزیک بووم بە لاقی لەدەرکەم دا و دەرکەیان کردەوە و گوتیان ئەوە بۆوات لێهاتوە ؟ گوتم نازانم گوتیان چکارەی ؟گوتم محەسیلم و بێرە دا دەرۆیشتم و تەقەیان لێکردووم. بردیانمە ژوورێ و گوتم دوکتورێک لە کوچەی مزگەوتی سەعدیە بانگی بکەن گوتیان ناوێرین،گوتم بە دایکم بڵێن ، گوتیان ناوێرین ، خولاسە هەتا بەیانی ئەوە وەزعم بوو خوێنیشم هەر لەبەر دەرۆیشت و بێ هۆشێش هەر نەبووم و برینەکەشم هیند زۆر بوو ئەو خەڵکەی دەورووبەر هەر خۆیان دەڕنیوە و بە منیشیان نەدەگوت. هەتا بەیانی ئەوە وەزعم بوو بەیانی زوو دایکم هات و بە گریان و بەخۆدادان گوتی ئەوە بۆوات لێهاتووە منیش گوتم نازانم . بەراستیش نەمدەزانی چوون کەس فکری وەی نەدەکرد پاسدار شەوانە بێنە گەڕەکی سێ ئاشان ، ئەو شەوەش پێش وەی دەرگیر بین پێشمەرگە دوو گەرەک لە خوارەوەی ئێمە بوون هەر بۆیە شکی هەموو کەسم کردبا شکی پاسدارانم نەدەکرد. خەڵکەکە بە دایکمیان گوت مادام پاسدار نەبوون جێی خەتەر نیە و بیبە بیمارستان دەنا دەمرێ و خوێنی زۆر لەبەر رۆیشتووە ، دایکم پێی خۆش بوو بمباتە سەیداوا بەڵام کەس هاوکاری نەکرد و رێگاش هەموو گیرابوون و دەرچوونم محاڵ بوو، ناعیلاج بۆوەی نەمرم بردیانمە بیمارستان و دوکتور حەبیبزادە و دوکتور ئەبریشەمچی چاویان پێمکەوت و فەوری عەمەلیان کردم چوون دەیانزانی ئەگەر دەست بەکار نەبن ئیحتیمالی مردنم سەد دەر سەدە .منیش ئەوە ئاگام لێی نیە کە پاسدارەکانیش هەر بەیانی زوو چووبوونەوە شوێنی دەرگیرێکەی و بە شوێن خوێنەکەم دا رۆیشتبوون و ماڵەکەیان دیتبۆوە و لێیان پرسیبوون کوا ئەو کوڕە ئەوانیش گوتبوویان بردوویانەتە بیمارستان. دوای عەمەلەکەم وەهۆش هاتمەوە دیتم پاسدارێکی ناحەز و خێچ و خوار لە سەر سەرم راوەستاوە و خەریکە دەستم کەلەپچە دەکا ئەو کات بەتەواوی هەستم بە ئەسیری کرد و زانیم کە کارم تەواوە و گیراوم. دایکمیان وەدەر نا و نەیانهێشت تەنانەت دوکتورەکانیش بم بینن ،پەرەستارێک هاتە لام و گوتی نیگەران مەبە ئەوشۆ پێشمەرگەکان دێن دەتبەنەوە دەرێ ، منیش زۆرم پێخۆش بوو و هیوای مانەوەم ئەو قسەیە بوو، هیندەی پێنەچوو ژنێکی دیکە چوو سرتەیەکی دەگەڵ پاسدارەکان کرد و ئەوانیش بە بێ لەبەر چاو گرتنی وەزعی من و داوای دوکتورەکان پێچایانمەوە و سواری ماشێنیان کردم بردیانم بۆ زیندانی مهاباد و چارەرەشی و ئەزیەت و ئازار و بێ هیوایی من لەو کاتە را دەستی پێکرد.

لاقم عەرزی نەدەگرت گوللەکە وەچۆکم کەوتبوو ، پشتیشم ١٨ تەقەڵی پیوە بوو برینێکی زۆر بوو نەمدەتوانی تەکانێ بخۆم بەو حاڵەش بردیانمە ئینفرادی و خودا نەبێ کەس نازانێ چۆنم تەحەمول کرد ئەو هەموو ئازارە ، چەند جاران بەهۆی ژانی زۆر بێهۆش دەبووم و دەیان بردمە بێهداری ئیتلاعات ناعیلاج وا ساغ بوونە کە هەتا بڕێک خۆدەگرم و چاک دەبمەوە هەر لە وێ رامگرن و بازجوویم بکەن. بە پێی وەیکە من و عەرەب پێکەوە گیرابووین جورمەکەشمان هەر یەک بوو ،ئەمن ئاگام لەوی نەبوو کە چی بەسەر هاتوە بەڵام دڵنیا بووم کە ئیعتراف لەسەر کەس ناکا و شتەکە هەر لە بەینی خۆمان دا دەبێ ، هەر لە رۆژی یەکەم کە بردیانم بۆ ئیتلاعات بازجوویی دەستی پێکرد و لێیان پرسیم چکارەی ؟ منیش گوتم محەسیلم و شەوێ بە کووچەی دا دەڕۆیشتم و تەقەیان لێکردووم ، گوتیان کێ تەقەی لێکردووی ؟ گوتم پیم وایە پێشمەرگە تەقەیان کردووە و لێم مەشکووک بوون ، گوتی راستی بڵێ ئەو قسانە کۆمەک بە پەروەندەکەت ناکا رەفیقەکەت هەموو شتی باس کردوە بۆخۆمان دەزانین کە چ کارەی و خەریکی چی ، ئێمە چەند جاران کەمینمان بۆ دانابوونەوە بەڵام هەر نەجەتیتان دەبوو راستێکەی بڵێ و خۆت خڵاس بکە، منیش هەر دەمگوت پێشمەرگە لێیان داوم ئەوانیش بەو قسەیەی من تیر پێدەکەنین و مەسخەرەیان دەکردم و ئەو کات کە ئەمن گیرام تەمەنم ١٥ ساڵ بوو ، دەیان گوت ئێستا زارت بۆنی شیری لێدێ بۆ تفەنگت هەڵگرتوە و دەگەڵ ئەو دەوڵەتە زەلامەی بەشەڕ دێی ؟ منیش هەر حاشام لێدەکرد و بازجوویەکە نێوی سبزواری بوو گوتی پێتخۆشە بابت ببینی ؟ منیش گوتم بەڵێ گوتی دەزانێ ئەتۆ چکارەی ؟ گوتم بەڵی دەزانێ محەسیلم گوتی بابی بانگ بکەن ،هیندەی پێ نەچوو بابم وەژوور کەوت و ردێنێکی زۆری هەبوو دیار بوو زۆریان نارەحەت کردبوو زۆر کز ببوو کە چاومان بە یەک کەوت هەردووکمان چاومان پڕبوو لە ئاو و یەکترمان لەباوەش کرد و یەکترمان ماچکرد و لەبن گوێم گوتی هیچ نیە ناڕەحەت مەبە و هیچ لەسەر خەڵکی مەڵێ ،پاشان نەیان هێشت زۆر لە لام بمێنێتەوە و بردیانەوە سللوولی خۆی و  بازجوویەکە گوتی ئەگەر ئێستا قسان نەکەی بابت ئیعدام دەکەم منیش زۆر نیگەران بووم و هیچم نەگوت پاشان گوتی ئەگەر ئەو کەسەی تەقەی لێکردووی و هاتە سەرت و تفەنگەکەی هەڵگرتەوە و ویستی گوللەی خلاست لیدا بەڵام مردبووی بێت و بڵی ئەمن لێمداوی دەڵێی چی ؟ گوتم بیهێنن ، وەمزانی درۆیان دەکەن و هەر دەیان هەوێ بمترسێنن ، گوتی ئەوەتا دا بۆی باس بکە، خولاسە پاسدارەکە نێوی سەمەد بوو ، دوایە نێوانیشمان خۆش بوو دەیگوت بچمەوە بە دایکم دەڵێم ئەو زیددی ئینقلابە چکۆلەم گرتووە ، لە ئەوەڵەوە هەمووی گێڕاوە و گوتی با لەو قسانە گەڕێین ئەتۆ مردبووی چۆنە ئێستا زیندووی ؟ منیش کە تازە عیلاجم نەبوو نەمدەتوانی هەر وا درۆیان بکەم داستانەکەم بۆ گێڕانەوە و گوتم بە قەستی خۆم لە مردن دابوو ئەگەر وام نەکردبا دەت کوشتم ، گوتی ” خدا شاهدە راست میگی” بەڵام مادام نەمردووی هەر نامری. من و عەرەب ئیعترافمان هەر لەسەر خۆمان کرد و کەس بە هۆی ئێمەوە نەگیرا و جورمەکەشمان کێشا.  ئەو رەفیقانەش کە کاریان دەگەڵ ئێمە دەکرد وەک رەحمان سۆهرابی و سمایلە چکۆل لە ترسی وەیکە نەگیرێن چوونە دەرێ و بوون بە پێشمەرگەیەکی نموونە و قارەمان .

ئەوکات گروهی زەربەتی سپا هەموویان خەڵکی “خمین شهر” بوون شەوانە دەچوونە مەئمورییەت و بە بێ تەلەفات نەدەهاتنەوە و بە رۆژیش دەهاتنە لای من ئەزیەتیان دەکردم و مەسخەرەیان دەکردم رۆژێک فەرماندەکەیان کوژرابوو و زۆر تووڕە و نارەحەت بوون و هاتن بانگیان کردم و منیش شەقەم لەبن هەنگەڵی نا و دەگەڵیان چووم کوتم بۆ کوێم دەبەن کوتیان ئیعدامت دەکەین منیش کوتم ئیستا دادگایی نەکراوم ئیعدامی چی ؟کوتیان فەرماندەکەمان کوژراوە و دەبێ تۆڵەی لەتۆ بکەینەوە منیش بەڕاستی زۆر ترسام چوون پێشتر دیتبووم لە حەساری زیندان کوڕێکیان ئیعدام کرد وەک بزانم نێوی سمایل ئەحمەدزادە بوو کە کاری نیزامی دەکرد لە نێو شاری و کوتم حەتمەن منیش هەر بەو شێوەیە ئیعدام دەکەن. لە بن دیواری رایان گرتم و چاویان بەستم و گێلان گێدانی تفەنگیان کێشاو و چاوەڕوانی تەقە بووم کە لە پڕ چاویان کردمەوە و گوتیان ئەوجارەش ناتکوژین بەڵام ئەوەندەت ئەزیەت دەکەین” مرغان آسمان بە حالت گریە کنند” و بردیانمەوە بێهداری . لە دوای وەیکە لە بیمارستان را بردیانم بۆ زیندان دایکم ئاگای لە من نەما و بۆشی مەعلووم نەبوو ماوم یان ئیعدامیان کردووم ، هەموو رۆژێک لە بەیانی را دەهاتە بەردەرکی زیندان و ئیتلاعات بۆوەی خەبەرێکی من بزانێ و هیچی دەست نەدەکەوت رۆژێک بردیانم بۆ بێهداری دەرەوەی زیندان بۆ پانسمان لە ماشێنەکەی هاتمە خوار دایکم لە دوور را منی دیت و بانگی کردم و چاومان بە یەکتر کەوت و نەیانهێشت یەکتر ماچ بکەین و لێکیش دوور بووین بەڵام هەر ئەوەندە منی دیت و بۆی مەعلووم بوو ماوم زۆری پێخۆش بوو . دوای تەداوی برینەکانم بردیانمەوە بۆ زیندان و لە تەنیشت من شوێنێکی لێ بوو بە نێوی قەرەنتینە کە برایم سوڵتانی ناسراو بە برایمە سوور کوڕی کاک سمایل لە وێدا بوو ئەوەندەیان شکەنجە کردبوو هەموو گیانیان شکاندبوو ئیعترافی هەر نەکردبوو بەداخەوە لە ژێر شکەنجەدا بە بێ دادگایی لە قەرەنتینە دا شەهید بوو . بەو وەزعە خراپەی کە هەمبوو ماوەی مانگێک لە ئینفرادی دابووم و نەئاگام لەکەس بوو نە کەسیش ئاگای لەمن بوو ، پاشان چوون ئەو کات خەڵک زۆر دەگیران و دەبوو ئینفرادێکان چۆل بکەن بردیانم بۆ دیوێکی دیکە کە چووار کەسی تێدابوو یەک لە یەک کوڕی باشتر و رێک و پێکتر وەک کەماڵ مەنسووری عەزیز رەنجبەر و محێدین عەلیپور و عەلی توبی کە بەراستی خزمەتێکی گەورەیان پێکردم و رێزی تایبەتیم هەیە بۆ هەموویان بەداخەوە کاک عەلی نەماوە و تەمەن درێژیش بۆ ئەوانی دیکە ئاواتمە. باسی جەماعەتێکیان دەکرد کە پێش من لێرە بوون و ئیعدام کراون وەک کەریم بلووری و حامید شاریکەندی و مستەفا دیبووکری و عەلی جانگیری و ناسر بلالی کە هەموویان بە سروودی ئەی رەقیبەوە چوون بەرەو ئیعدام و تەنانەت باسی وەشیان دەکرد کە بازجوویەکە لە ناسر بلالی و عەلی جانگیری پرسیبوو ئەگەر ئازاد بن چ دەکەن ؟ گوتبوویان تفەنگەکەمان لە مەقەڕی سەیداوا چاوەڕێی ئێمەیە و دەبینەوە پێشمەرگە و پاشان باسی شەهامەتی حامید شاریکەندیان دەکرد کە لە بازجوویەکەشی داوە و  ئەو جۆرە قسانە تەئسیری موسبەتیان لە سەر رووحییەی من دادەنا . ئەمن ماوەی ٣ مانگ لە مهاباد بووم و ملاقاتیشم نەبوو پێش من بابمیان برد بۆ زیندانی دەریا لە ورمێ و دوای تەکمیلی پەروەندەی منیش دەگەڵ جەمعێک لەو پێشمەرگانەی لە قازیاوایە گیرابوون وەک حوسێن چاوشێنی و شەهریار باهووش و یۆنس بەیتاسی و محەممەد قارەمانی چاویان بەستین و سواری ماشێنیان کردین و بردیانین بۆ زیندانی دەریا لە ورمێ ، کە گەیشتینە بەردەرگایە بابم لە وێ راوەستابوو یەکترمان لەباوەش کرد و بردمی بۆ کوپەکەی خۆیان و کەمێک حەسامەوە و پاشان لە تەختی بەتاڵ دەگەڕاین و دیتمان کەسێک دەبەن بۆ ئیعدام و تەختەکەی بەتاڵ دەبێ ، چوومە کوپەکەیان و جەوانێکی فارس بو، بۆ یەکەمین جار گۆرانی “مرا ببوس”م لە وی بیست و  دوای تەواو بوونی گۆرانیەکەی کۆتەکەی بەسەر شانی دا داو بردیان و نەهاتەوە و تەختەکەی وەبەر من کەوت . دوای نیزیک بە ٤ مانگ یەکەم ملاقاتیان دا بە من و بابم لە لایەک و دایکم و منداڵەکانیش لە لایەکی دیکە ، هیچ کاممان توانای قسەکردنمان نەبوو بەس گریان و چاولێککردن بوو ،دیمەنێکی زۆر ناخۆش بوو بە تایبەت بۆ دایکم و بابم کە رەنگە فکریان لە زۆر شت کردباوە کە ئێمە ئاقڵمان پێی نەدەشکا وەک بێسەرپەرەستی منداڵان ،بێدەرەتانی و فەقیری و دەستکورتی و… خولاسە رۆژێکی ناخۆش بوو بەڵام بەوحاڵەش چوون چاومان بە یەکتر کەوت دیسان هەر خۆش بوو.بابم بۆ بژیوی منداڵان لە زیندان دا پاک و خاوێنی دەکرد و پوڵێکی پەیدا دەکرد و دەینارد بۆ ماڵەوە .

دوای چەند مانگ مانەوە لە بازداشتگایە بەیانیەکی بابم هات هەڵیستاندم و گوتی هەستە نێوت خوێندراوەتەوە دەتبەن بۆ دادگایە ، خۆم سازکرد و چوومە بەر دەرگایە دیتم حوسێن و وانیش لەبەر دەرگایە چاوەڕێن گوتم ناکا ئیوەش بانگ کرابن ؟ گوتیان ئەرێ وەڵڵا . من و حوسێن چاوشینی و شەهریار باهوش و یۆنس بەیتاسی و محەممەد قارەمانی و چەند کەسی دیکە بەداخەوە نیوەکانیانم لەبیر نەماوە چاویان بەستین و بردیانین بۆ دادگایە کە بەراستی نەمان زانی لە کوێیە و بۆ کوێیان بردین ، لە پێشدا حوسێن چوو ژوورێ و ٥ دەقیقەی پێنەچوو بە پێکەنینەوە هاتەوە و گوتمان چ بوو؟ گوتی ئێعدام و بزەیەکی هات ئەوانی دیکەش هەر بەو شێوەیە بە حوکمی ئیعدام هاتنەوە و کردیان بە فشە ،نۆبەی من هات و ویستم بچمە ژوور پاسدارێک لەبەر دەرگای بوو دەستی گرتم و گوتی پێت خۆشە ئیعدام نەکرێی ؟ گوتم بەڵێ ، گوتی راستیم پێبڵێ چەند نەفەرت کوشتووە بە حاجی ئاغای دەڵێم تەخفیفت بداتێ ،گوتم کەسم نەکوشتوە ، گوتی “خر خودتی ” بڕۆ ژوورێ. چوومە ژوور و گوتی لە وێ دانیشە ، حاکمی شەرع و دادستان و بازجوو لەوێ بوون ، گوتی کەیفەر خواستەکەت بۆ دەخوێنمەوە وحەقی قسان و ئیعترازت نیە ! گووتم باشە ، گوتی بە حوکمی وەیکە مسەلەح بووی و بەدژی نیزام قیامت کردووە و زیددی ئینقلابی ” محارب با خدا و رسول خدا” دەناسرێی و مەحکووم بە ئیعدامی ! گوتی وەرە ئیمزای بکە منیش بێ وەی قسان بکەم ئیمزام کرد وچوومەوە خوار و گوتیان چبوو ؟ گوتم منیش وەک ئێوە ئیعدامم . هەموو فشەمان پێدەهات و بردیانینەوە بۆ زیندان و بابم لەبەر دەرگای هەر چاوەڕوانی من بوو کە بچمەوە و نیگەرانیش بوو چوون زۆر کەسیان دەبرد بۆ دادگایە و نەدەهاتەوە ، هەر کە چاوی بە من کەوت زۆر خۆشحاڵ بوو لە باوەشی کردم و گوتی چبوو ؟ گوتم هەموومان حوکمی ئیعدامیان داینێ ، گوتی هیچ نیە هەر دەتان ترسێنن نیگەران مەبن . ئێمەش هەر لە ژێر حوکمی ئیعدامدا چاوەڕێ بووین کەنگێ حوکمەکەی ئیجرا دەکەن.

هیندەی پێنەچوو بڵیندگۆی زیندان هاواری کرد کە هیندێک پەروەندە هاتوونەوە وەرنە بەر دەرگای زیندان من و بابیشم چووین و پەروەندەی بن بنەوە هی من بوو گوتی سەعید باختە بە دەرەجەیەک تەخفیف بە حەبسی ئەبەد مەحکووم کراوی . منیش کە ئەوەم بیست لەخۆشیان قاقایەکم لێدا و خەڵکەکە پێیان سەیر بوو کابرایەک لە وێ دەگریا سمیڵی بەقەرا من بوو کە یەک ساڵیان دابوویە و پێیان گوت خەجاڵەتێ لەو منداڵەی بکێشە ئەبەدیان داوەتێ وەک تۆ ناگری و پێدەکەنێ ،کابرا هەستا و لەباوەشی کردم و خەڵکەکەش زۆریان پێخۆش بوو بابم ماچی کردم و گوتی نیگەران مەبە مادام ئیعدام ناکرێی ئازاد هەر دەبی. ئەو ماوەیەی لە بازداشتگایە بووم بەداخەوە زۆر کەسیان برد بۆ ئیعدام و جەوێکی زۆرناخۆش و ترسینەر بە تایبەت ئێواران بەسەر زیندان دا زاڵ ببوو ،چوون ئیعدامەکان لە سەعات ٤ی ئیواران را دەیانبردن و ئەو کاتانە کەس بە تەمای خۆی نەبوو ،زۆر کەسمان هەبوو کە پیاوانە بە بێ ترس دەچوو بەرەو ئیعدام وەک برایم باشوو خەڵکی شنۆیە بوو  وەک بزانم فەرماندە لک بوو گیرابوو حوکمی ئیعدامی هەبوو مەئمورەکان هاتن کە بیبەن زۆر پیاوانە نەیهێشت دەستی بگرن و گوتی پێویست ناکا دەستم بگرن بۆخۆم وەپێشتان دەکەوم و پەشیمانیش نیم لەوەیکە کردوومە و قەتیش ناتوانن تۆڵەی خۆتان لەمن بکەنەوە . بەراستی لەو جۆرە کەسانە لە زینداندا زۆر بوون کە مایەی شانازی و فەخربوون بۆ ئێمە. حوسێن و شەهریار و وانیان کە برد بۆ ئێعدام نوقڵیان بڵاوکردەوە و سروودیان دەخوێند و ورەیان دەدا بە ئێمە ، خولاسە زیندانی بوون دەگەڵ ئەو کەسانە ،بازداشتگای کردبوو بە مەکتەبێک کە فێری مقاومەت و خۆراگری و کۆڵنەدانی دەکردی و هانی دەدای کە زیاتر سوور بی لەسەر ئەو رێبازەی کە بۆی گیراوی. پیاو مەجبوور بوو کە مقاوم بێ دەنا هەستت بە شەرمەزاری دەکرد.

 بە پێی وەیکە حوکمەکەم هاتبۆوە لەبابمیان جودا کردمەوە و بردیانم بۆ بەندی سیاسی کە بەندی ٧و٨ بوو ،ئەوکات لە ژێر کۆنترۆلی شارەبانی دابوو و ئیمکاناتیش وەک دوربینی ئەکاسی و کتێب و تەلێزوون هەبوون ، لە بەندی تازە چاوم بە عەڕەبی کەوتەوە کە پێشتر حوکمی ١٥ ساڵیان دابوویە و زۆر خۆشحاڵ بووم و پاشان جەماعەتێکی دیکەم ناسی کە شوێنەواری زۆرباشیان لە سەر من هەبوو لە ماوەی ٦ساڵ زیندانی مندا وەک سولەیمان حەسەنپور کە پێم دەگوت مامە،سولەیمان و جەعفەر عەولاکوردە کە پێم دەگوتن خاڵە،سولەیمان گوشوارە،رەحمان مەعرووفی،سەلیم دیبۆکری،مستەفا مزەفەری،سیاوەش بابامیری،وەستا رەحمان خالیدنژاد، سۆفی ئەحمەد ،عومەر شاداب، سەلاح کاکەسووری و کەماڵ رەبیعی و…. کەبردیانم بۆ ئەو بەندە بەشێک لەو کوڕانە کە لەوێ بوون و بەشێکیش کە دوایە دێن بۆلای ئێمە نەیانهێشت دووری بابم هەست پێبکەم و زوو دەگەڵیان بوومە رەفیق و ئیحساسی غەریبیم نەدەکرد.

وردە وردە برینەکانم چاک دەبوونەوە و بە وەرزش و کتێب خوێندنەوە زیندانمان تێدەپەڕاند .ساڵەکانی دەهەی ٦٠ دەهەی ئیعدام و بێ سەروشوێنی و بلاتەکلیفی زیندانیان بوو  رۆژ نەبوو چەند کەسێک ئیعدام نەکرێن هۆیەکەشی ئەوە بوو کە هەموو رۆژێ پێشمەرگە عەمەلیاتی دەکرد و پاسداران بە لێشاو دەکوژران و ئەوانیش تۆڵەی خۆیان لە زیندانێکان دەکردەوە جارێک ٣٠ کەسیان پێکەوە ئیعدام کرد و جارێک ٢٤ کەسیان ئیعدام کرد و جارێک دوازدە کەسیان ئیعدام کرد و کار گەیشتە ٥٩ نەفەرەکەی مهاباد کە زۆربەیانم دەناسی و لە زیندان دیبوومن و کەم تەمەنەکەیان ١٤ ساڵانە دەبوو بەتەمەنەکەشیان ٣٠ ساڵانە دەبوو ، پێشوەی بیان بەن بۆ تەورێز هەموویان هێنانە ئەو بێهداریەی کە منیش دەچووم بۆ دەرمان کردنی برینەکانم دەگەڵ عەباسی کاک غولام حوسێن کە جیرانمان بوو قسەمکرد و گوتم بۆ لێرەن ؟گوتی قەرارە بمان بەنە شوێنێکی دیکە نازنین دەمان بەن بۆ کوێ ! بەراستی هێندێکیان نەیاندەزانی لەسەر چیش گیراون ، مێرمنداڵی وای تێدابوو فکری هەموو شتێکت دەکرد بەڵام فکری ئیعدامی وانت نەدەکرد .منیان بردەوە بەندی ٧و٨ و ئاگام لەوان نەما هەتا خەبەرمان بۆهات کە ٥٩ نەفەریان لە تەورێز ئیعدام کردوە .پێشتر ئیعدامەکان وابوون کە دوای ئیعدام کردنیان بە بنەماڵەکانیان دەگوت قدویەک شیرنی و دەگەڵ پووڵی ئەو گوللانە بێنن کە لێمان داون پاشان جەنازەکان بەرنەوە بەڵام بۆ ئەو ٥٩ نەفەرەی ئەوەیان نەکرد و دەنگۆیەک کە هەتا ئێستاش هەیە ساز بوو کە ئیعدام نەکراون و لە شوێنێک بە نهێنی راگیراون و هێندێکیش دەڵێن ئیعدام کراون. بەهەر حاڵ ئێمە لە زیندان کە ئەو خەبەرەمان بیست زۆری پێ تێک چووین و کۆبووینەوە کە چ بکەین بۆ وەی هاودەردی بنەماڵەکانیان بین و ئیعترازێکیش بێ بۆ ئەو ئیعدامانە . هەموو زیندانیەکانمان کۆ کردەوە بە بێ جیاوازی بیر و بۆچوون و چووینە حەساری زیندان و تەحەسوونێکی “سکوت”مان کرد و یەکڕا لاقمان لە حەرزی دەدا بە جۆرێک کە کوللی زیندان دەنگی دەداوە و مەئمورەکان هاتن و هیچیان بۆنەدەکرا و تەنیا هەڕەشەیان لێدەکردین و ئەوانیش دەیانزانی کە نارەحەتین زۆریان فشار بۆ نەدەهێناین ،خولاسە جەوێکی ناخۆش دوای ئەو ئیعدامە بەسەر زیندان دا زاڵبوو. کەس بە تەمای خۆی نەبوو هیچ بەربەستێکیش بۆ ئیعدام نەبوو فەرقی نەدەکرد کە حوکم درابای ،پیر بای،منداڵ بای،بێ گوناح بای ، هەموو خۆمان وەک “مردووی متحرک” ئیحساس دەکرد .ئێمە زیندانی و بێ دەسەڵات بووین و تەنیا دەمانتوانی خۆمان دەگەڵ ئەو وەزعەی رابێنین و عیلاج نەبوو وامان لێهات بوو ئێعدامکردنی هاوڕێیانمان بۆ ببوو شتێکی رۆژانە و عاددی.

ئەو ماوەیەی کە لە بابمیان جودا کردبوومەوە هەفتانە یەکترمان لە حەساری زیندان دەدیت کە دەهات بۆ نەفت وەرگرتن چوون پاک و خاوێنی زیندانی دەکرد و پوڵەکەی دەناردەوە بۆ دایکم و منداڵان و هەموو جارێش ١٥٠ تمەنی دەدا بە منیش ،ئاخرین جار کە یەکترمان دیت زۆری لە باوەش کردم و زۆریشی ماچ کردم و منیش پێم سەیر بوو فکری هەموو شتێکم کردبا فکری وەم نەدەکرد کە ئیعدامی بکەن زۆری دڵخۆشی دامەوە و زۆری نەسیحەتکردم و لە کۆتاییدا گوتی رەنگە نەتوانین یەکتر ببینینەوە و ئەگەر ئازاد بووی تۆڵەی خۆت بکەوە و ئاگات لە دایکت و وان بێ . منیش حەبەسابووم و هیچم نەدەگوت ١٥٠ تمەنی دامێ و گوتم نامهەوێ بیدە بە دایکم و منداڵەکان گوتی با پێت بێ و موحتاجی کەس نەبی. خولاسە بە گریانەوە خوداحافیزیمان لێککرد و ئەو دەیزانی چ خەبەرە بەڵام ئەمن هەر وەک رۆژانی پێشوو خودا حافیزیم لێکرد.

دوای حەفتەیەک نەفەرێک کە هاتووچۆی دەرەوە و زیندانی دەکرد و دوکانێکی چکۆلەی لە زیندان دا هەبوو پێی کوتم ،دەزانی ئەوە بابت دەبەن بۆ ئیعدام ! منیش حەبەسام و دڵەخورپە گرتمی و گوتم لە کوێیە؟ کوتی ئەو لە پاش قفڵەیە و دەیبەن ،منیش بە هەڵاتن چوومە بەردەرکی بەندەکەی خۆمان و بە نیگهبانەکەم گوت بابم دەبەن بۆ ئیعدام تکایە ئیجازەم بدە بچم بیبینم گوتی نابێ بۆ من خەتەرە بە گریانەوە دەپاڕامەوە و زگی پێمسووتا و گوتی بڕۆ بەڵام مەڵێ ئەمن ئیجازەم داوی و بڵێ دەرگا کرابۆوە . بە هەڵآتن چوومە پاش قفڵە و دیتم دەستی بابمیان گرتوە و دەیبەن و هاوارم کرد کە راوەستن و ئەوانیش کە چاویان بە من کەوت گوتیان بۆ هاتووی ؟ گوتم دەمهەوێ بابم ببینم گوتیان گوتخوارد و برۆوە بەندی خۆت هەم ئەمن هەم بابم دەپاڕاینەوە کە ئیجازەمان بدەن یەکتر لە باوەش کەین و خودا حافیزی بکەین بەڵام نەیانهێشت و بە جنێو و مست و پێلاقان نەیان هێشت بۆ ئاخرین جار یەکتر لەباوەش بگرین و بابم هاواری کرد و گوتی بێ دینانە لە بنەماڵەکەم هەر ئەو کوڕەم لێرەیە لێمگەڕێن با ماچی بکەم ، پاسدارەکانیش زۆربێ بەزێیانە جنێوێکیان پیدا و گوتیان ئەگەر بێدەنگ نەبی کوڕەکەشت دێنینە لای تۆ . ئەمیش ئەوە هەر دەگریم و دەپاڕێمەوە بەڵام فایدەی نەبوو بابمیان برد و منیشیان بە گریانەوە بردەوە بەندەکەی خۆم.

چووارشەممەی وەختی ملاقات هاتوو  نێویان خوێندمەوە و چوومە ژووری ملاقات و چاوم بە دایکم کەوت و دەستم کرد بە گریان و گوتی بۆ دەگری چ بووە ؟ زوو زانیم کە نەیزانیوە و منیش هیچم نەگوت و دڵم نەهات بەڵام هەستی کرد کە شتێک بووە ، رۆژی جومعەش ملاقاتی بابم بوو کە هەموو حەفتان دایکم دووجاران لە مهاباد را دەهاتە ورمێ بۆ ملاقات ئەو ٦ ساڵەی کە ئەمن لە زینداندا بووم و ئیجازەی ملاقاتم هەبوو بۆ یەک حەفتەش بێ ملاقات نەبووم و گەرما و سەرما و شەڕ و خەتەری رێگاوبان نەبوونە بەربەست بۆ وەی دایکم نەیەتە ملاقات ،بەراستی دایکێکی نموونە و کۆڵنەدەر و قارەمانە و هەتا ماوم قوربانی ئەوجێگایە بم کە پێی لێ دەنێ.

دوای ئیعدام کردنی بابم ئەخباری ئوستانی کە هەواڵەکانی کوردستان و عەمەلیاتەکانی باس دەکرد لە هەواڵەکاندا گوتی کە دۆنێ ئەحمەد باختە مەحکوم بە ئیعدام بووە و حوکمەکەی جێ بە جێ کراوە .

منیش کە ئەوەم بیست و دڵنیا بووم کە ئیعدام کراوە زۆر تێکچووم و بێ ئیختیار دەستم بە گریان کرد و خەڵکەکە هاتن دڵخۆشیان دامەوە و سەرەخۆشیمان بۆ دانا خەمیکی قورس دایگرتم و فکرم لە دایکم و منداڵەکان دەکردەوە و نیگەرانی وەی بووم کە لە ملاقاتدا چییان پێ بڵێم.

رۆژی چووارشەممە ملاقاتم هات و چوومە دیوی ملاقات دایکم و باجە روقیا خوشکی کاک عوسمان ئەفشین و منداڵەکان هاتبوون بێ وەیکە هیچ کەس قسان بکا هەموومان دەگریاین و زانیم کە خەبەرەکەیان بیستوە . دایکم چوو بوو تەرمەکەی وەرگرێتەوە و نەیاندابۆوە کە بیبا لە مهاباد بینێژێ بەڵام نیشانیان دابوو کە لە قەبرستانی ئەرمەنیەکان لە قوڵکەیەکیان هاویشتوە و گڵیان بەسەر دادابوو ،دایکم شەڕێکی چاکی دەگەڵ کردبوون و زۆری جنێو بە دادستان و مەئمورەکاندابوو لە کۆتایی دا ئیجازەیان دابوو هەر لە وێ بە جوانی بینێژێ و نێوی لەسەر بنووسێ.

منیش لە زیندان دا فکری بنەماڵە و ئازاری نیو زیندان و بێدەسەڵاتی ئۆقرەیان لێ هەڵگرتبووم ،ئەگەر ئەو کوڕە باشانەی زیندان نەبان بەراستی لە جیاتی من ئەگەر پۆڵاش با دەچەمێوە بەڵام بەخۆشێوە زۆر زوو توانیمان بەسەریاندا زاڵ بین. لە زینداندا هەموومان بۆ یەک بووین و غەمی یەکترمان دەخوارد ،هیندەی پێ نەچوو کاناڵی ئوستانی هەواڵێکیان بڵاو کردەوە کە یۆسف و جەعفەر گوشوارە لەگەڵ چەند پێشمەرگەی دیکە لە عەمەلیاتێکدا کوژراون! زۆرمان حەولدا سولەیمان ئەو خەبەرەی گوێ لێ نەبێ و شکیشی کردبوو کە شتێک رووی داوە ناعیلاج پێمانگوت کە براکانت شەهید بوون . ئەویش وەک پیاوان بێوەیکە لە کن خەڵک خۆی ناڕەحەت بکا و مەئمورەکان هەستی پێبکەن گوتی هیچ نیە پیاوانە شەهید بوون و سەرەخۆشیمان بۆ دانان و ئاگام لێ بوو شەوێ کە خامووشی لێدرا لەبن پەتۆکەی بە کوڵ دەگریا و نارەحەت بوو بەڵام هیچ نەدەکرا و دەبوو هەموومان ئەو ئازارانە تەحەمول بکەین.

وردە وردە ئێمە لە زینداندا خۆمان سازمان دا و وەک تەشکیلاتێکی غەیری رەسمی کۆبوونەوەمان دەگرت و هەواڵەکانمان بە یەکتر دەگەیاند و پەیوەندی باشمان دەگەڵ مجاهدینەکان ساز کرد چوون ئەو کات حیزبیش لە شوڕا دابوو هاوکاری ئێمەش لە زینداندا زۆر باش بوو . ئەوانیش تەشکیلاتێکی مونسجیم تر لە ئێمەیان هەبوو .مجاهدینەکان عادەتێکیان هەبوو ئەگەر سەردەمی مقاومەت با پیاوانە دەیان کرد و تەنانەت ٤ کەسیان ئیعدام کرا چوون حازر نەبوون نێوی خۆیان بڵێن و دەیان گوت نێومان میلیشیای ١و٢و٣وچووارە . ئەگەریش سەردەمی تۆبەکردن با کەس تۆزی نەدەشکاندن و لە پاسدارەکانیش زیاتر بەدئەخلاقتر دەبوون. ئەگەر لێشمان دەپرسین بۆ ئاوان ؟ دەیانگوت رێنوێنی سازمانە و جێ بە جێی دەکەین.

 ساڵەکانی ٦٣ و ٦٤ و٦٥ ساڵی خۆتەحویلدانەوەی پێشمەرگەکان بوو ،بۆ ئێمە لە نێو زینداندا زۆر ناخۆش بوو بە تایبەتی ئەگەر فەرماندەیەک خۆی تەحویل دەداوە دەیان هێنا بۆ زیندان و قسەی بۆ ئێمە دەکرد .رۆژێک گوتیان دیموکراتەکان هەموو وەرنە مزگەوت کۆبوونەوەیە ئێمەش هەموو چووین و نەماندەزانی چ خەبەرە رەئیسی زیندان گوتی دەزانم ئێستا هیندێک لە ئیوە هەر لەسەر مەوزع هەن و پێتانوایە دیموکرات فیبلەی ئێوەیە بەڵام لە ئیشتیبا دان و گوێ لە فەرماندەکانتان بگرن کە چیتان بۆ باس دەکەن ، ئەگەر وای گوت زۆرمان پێ سەیر بوو گوتمان دەبێ کێ بێ خۆی تەحویل دابێتەوە لە پێشدا کەماڵی ئیسماعیلزادە هات و زۆری قسە کرد پاشان رۆژێکی دیکە عوسمان مەجنون ناسراو بە شەکرە هات  و زۆر بەسەر و گوێلاکی حیزبدا چوونە خوار و پاشان هەر حەفتەی نەفەرێکیان دێنا . مەبەستیان ئەوە بوو کە رووحیەمان تێک بشکێنن و واز لە حیزب بێنین بەڵام ئەو پیلانەیان هیچ سودێکی نەبوو چوون دەمانزانی هیچیان بە دڵەوە قسان ناکەن و رەنگە لە ژێر شکەنجە دا مەجبوریان کردبن. چوون شتی وامان لە زیندان دا دیبوو . زۆر کەسی دیکەشمان هەبوو تەنانەت لە ژێر شکەنجەشدا حازر نەبوو قسان بکا وەک کاک عومەر قازی و کاک کەماڵ دەبباغی کە بەداخەوە کاک کەماڵ ئیعدام کرا و کاک عومەریشیان فەلەج کرد . هەر لەو سەروبەندەش دا بوو کە سەید خالید عینایەتی لاوێکی ١٧ ساڵانە بردیان بۆ ئیعدام و بەزەردەخەنە و دڵخۆشی دانی ئێمە بەرەو پیری مەرگ رۆیشت و قوماری بە مەئمورەکانی ئیعدام دەکرد .

بەهۆی وەیکە خەڵک زۆر گیرابوون و شوێنی راگرتنیان کەم بوو چەند بەندی دیکەشیان بە بەندی سیاسی زیاد کرد وەک بەندی ١٢و١٣و١٤و١٥ . ئەمن هەموو بەندەکانم دیبوو جاری وابوو تەبعید دەکراین بۆ بەندی ١٣ کە نە هەواخۆری هەبوو نە دەفتەر نە قەڵەم و نە دانیشتنی دوو نەفەری . زۆرتر لە بەندی ١٥ بووم ،بە فوتباڵ و والیباڵ و کتێب خوێندنەوە خۆمان دەخافڵاند و خەریکی خۆپێگەیاندن بووین و ئەو رێبازەی کە لەسەری گیرابووین و نەماندەزانی چیە لە زینداندا گەشەی کرد و ئازار و کویرەوەری و ئیعدامی هاوبەندێکانمان بوونە هەوێنی بیرو باوەڕێک کە هەتا مردن هاندەرمانن بۆ خەبات و تێکۆشان بە دژی ئەو جەللادانەی کە بە ناحەق خوێنی بەندییە سیاسیەکانیان رشت .

تەشکیلاتی مجاهدینەکان زۆر بەر بڵاو بوو هەرکەس تازە دەهات فەورەن دەچوونە بنی و تەبلیغیان بۆدەکرد و دەیانخستە نێو تەشکیلاتی خۆیان ، رۆژێک نەفەرێکیان هێنا ئەوەندەیان لێدابوو هەموو گیانی هەڵمسابوو نەیدەتوانی لەسەر قوون دانیشێ مجاهدینەکان فەورەن چوونە بن هەنگڵی و بردیانە کوپەکەی خۆیان و دەرمانیان دەکرد و چاکی پێڕادەگەیشتن و ئەویش خۆش خۆش دەیگوت “زندە باد میلیشیا” رۆژهات و شەو رابرد هەتا ئەو کورە چاک بۆوە و هەست و نیستی تەشکیلاتی مجاهدینەکانی ناسی و بەجۆرێک خۆی نیشاندابوو کە ببوو موعتمدی بەند و فکری هەموو شتێکت کردبا فکری وەت نەدەکرد کە مۆرەی ئیتیلاعات بێ . دوای ٦ مانگ ئەو کوڕە ماوەیەک ون بوو بەو بەهانەی کە بەندەکەی دەگۆڕن بردیان. رۆژێک گوتیان هەمووتان وەرنە قەراغ تەختەکانتان و بەسەف بن ئێمەش هەموو راوەستاین و نەشمان دەزانی چ باسە و کێ بەتەمایە بازدیدی زیندان بکا. دیتمان چووار نەفەر وەژوور کەوتن و رەئیسی زیندان و دوو ئیتلاعاتی و ئەو کوڕەی کە خۆی خزاندبووە نێو تەشکیلاتی مجاهدین بە لیباسی رەسمی سپا وە وەژوور کەوت ، هەر کە چاومان پێی کەوت هەموو زراومان چوو بە تایبەتی مجاهدینەکان وەک گێچ سپی هەڵگەڕان ئێمەش لەوان باشتر نەبووین بە پێشمان دا رەد دەبوو جار و بار رادەوەستا و سڵاوێکی دەکرد و دەیگوت فڵان کەس چۆنی خەبەری تازە نیە ؟ بێدەنگێکی بەسام بەسەر زیندان دا زاڵ ببوو بە جۆرێک ترپەی دڵی یەکترمان گوێ لێدەبوو . ئەو رۆژە هیچیان نەکرد و رۆیشتن بەڵام هەموومان لە وەزعێک کەوتین کە هەموو ئیعدامی خۆمان لەپێش چاومان بوو ،کەس شەوێ خەوی لێنەکەوت و هیندێک لە مجاهدینەکان ئەوەندە ترسابوون بە بێ وەیکە بانگیان بکەن چوو بوون ئیعترافیان کرد . وردە وردە خەڵکیان بانگ کرد بۆ بازجوویی و شکەنجە و ئینفرادی و تەنانەت ئیعدامیش کران بەجۆرێک کە تەشکیلاتەکەیان تەفروتونا بوو وایان لێکردن کە جاسووسی لەسەر یەکتر بکەن و جەوێکی ناخۆش و دوور لە متمانە و ترس لە یەکتریان لە زینداندا خوڵقاند کە تەئسیری خراپیشی لەسەر ئێمە هەبوو ، وامان لێهاتبوو کە دەگەڵ یەکتر قسان نەکەین و خۆمان ئاشکرا نەکەین . ماوەیەکی پێچوو کاریان بە ئێمە نەبوو .ئێمەش مەغروور بووین و پێمان وابوو هیچ شتێکیان لەسەر ئێمە نیە و ناغافڵ لەوەیکە بە نهێنی و لەتەریق جاشەکانی نێو زیندان خەریکی ئاشکرا کردنی ئێمەشن، کوڕێکی ئێمە بە نێوی چیا رادیۆیەکی پەیدا کردبوو کە هەواڵەکانی رادیۆ حیزبی دەگرت و بە ئێمەی دەگووت و ئێمەش لە نێو بەندەکە دا بڵاومان دەکردەوە ،رەئیسی زیندان زۆری هەوڵدا زەربەیەکیش لە ئێمە بدا بەڵام بۆی هەڵنەدەکەوت هەتا رۆژێکی کەسێک بە نێوی ” ئە – ت ” و ” ش – ب ” کە نیویان لە حیزب پارێزراوە راپۆرتیان دا کە لە فڵان ساعەت و لەسەر فڵان تەخت دیموکراتەکان رادیۆی دەگرن. هەر ئەوەندە دیتمان مەئمورەکان بە نێو بەندەوە وەر بوون یەکراست هاتنە کووپەی ئێمە و چیاش لەسەر تەختی من درێژ ببوو کە گوێی دا بوو بە رادیۆ پەتۆیان لەسەر سەری هەڵداوە و رادیۆکەیان هێنا دەرێ و هەر لە وێڕا هەتا بردیانە خوارێ بە شەپ و مست و پێلاقان شل و کوتیان کرد . ئەوجار نۆبەی ئێمە بوو کە ترسمان رێنیشتبوو بەڵام بەخۆشیوە چیا ئەوەندە پیاوانە مقاومەتی کردبوو کە نە ١٤ مانگ ئینفرادی نە شکەنجە و نە ئیعدامی قوللابی و نە ئازاری بنەماڵە بە چۆکیان دانەهێنا و ئیعترافی لەسەر کەس نەکرد و گوتبووی رادیۆی خۆمە و هەر بۆخۆمم گرتووە . ئەو ماوەیەی کە ئەو لە ئینفرادی بوو و ئێمەش ئاگامان لە هیچ نەبوو مەئمورەکان دەهاتن دەیان گوت دیموکراتەکان کۆ ببنەوە کارمان پێیانە ئێمەش دەچووین و بە هەڕەشە و ئولتیمات وەختیان دەداینێ کە ئیعتراف بکەین و دەیان گوت چیا هەموو شتێکی گوتوە و بۆ سووک کردنی پەروەندەی خۆتان وەرن ئیعتراف بکەن با وەک مجاهدینەکان ئیعدام نەکرێن. ماوەیەکی زۆر ئێمەیان ئاوا شکەنجە دەکرد و تاق و لۆق یەک یەک و دوو دوو دەیان بردین بۆ بازجوویی . رۆژێک یەکێک لە کوڕەکان کە بونیەی مقاومەتی کەم بوو بەداخەوە ئیعترافی کرد و هەموو شتێکی باس کرد و ئەو جار بە خڕی بردیانین بۆ بازجوویی و شکەنجە و تەنانەت دادگایی کردنەوەش بە خۆشیوە کەسمان ئیعدام نەکرا بەڵام زۆربەمان تەجدیدی حوکم کراینەوە و لێکیان بڵاو کردین و بەسەر بەندەکانی دیکە دا دابەشیان کردین ، بەڵام خۆڕاگری و مقاومەتی چیا بۆ ئێمە لە زینداندا جێگای رێز و ئەمەگناسی بوو و هەتا ماوم مەدیونی چیا و چیاکانم.

 دوای ئەو کارەساتانە کە بەسەرمان هات وەزعی زیندان زۆرناخۆش بوو هەموو شتێکیان لێ کەم کردبووینەوە تەنانەت ملاقات و دانیشتنی دەستەجەمعی و تەنانەت چەندنەفەریشیان مەمنوعلقسە کردبوو . نەفەریشیان لەسەر کردبووینە جاسووس کە ئەگەر لاقمان خوار دانێین راپۆرتمان لێبدەن.

دوای ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجە و ئیعدامە نایاسایانە کە کران بنەماڵەکانیش وەزاڵە هاتبوون و سکاڵایان لە شورای عالی قەزایی کردبوو ، ئەوانیش نوێنەریان نارد بۆ زیندانەکان کە لێکۆڵینەوە بکا ،هەر لەو سەروو بەندە دا بەرپرسانی زیندانیان گۆڕی و ئاڵووگۆڕ بەسەر زینداندا هات و تۆزێکیش فشار لەسەر ئێمە کەمبۆوە و هاتینەوە بەرەخۆ و مەجال رەخسا کە درێژە بە خوێندن بدەین ، ئەمن لەوێ بە هاوکاری ئەو کەسانەی کە لە زیندان دا بوون و خۆش نێوبوون و جێگای متمانەی خەڵک بوون وەک سەعدە و لوقمان و موحسینی قازی و ئاغای شیخانی و سەلیم دیبۆکری و برایم مهاجری و چەند کەسی دیکە بەداخەوە نێوەکانیانم لەبیر نەماوە دەرسمان خوێند و لە زینداندا ئیمتحانیان لێوەرگرتین و توانیم ئەوەڵ و دووهەمی نەزەری لە زینداندا وەرگرم . وردە وردە عفووات زۆر بوو خەڵک بە لێشاو بەردەبوون ، ئێمەش کە قەدیمی بووین هیچ باس نەبوو ، تەنانەت کارشکەنیش دەکرا بۆوەی عەفوومان وەبەر نەکەوێ ، چەند کەسمان عەفوویان وەرگرتبوو بەڵام پێیان نەگوتبوون خولاسە هەرچی بۆخۆیان پێیان خۆشبا ئەوەیان دەکرد.

لە دوایین ملاقاتەکانم دا دایکم گوتی ئەوە ٦ مانگە لوقمانیش گیراوە و قەرارە بیهێنن بۆ زیندانی ورمێ ، زۆرم پیناخۆش بوو ، هۆی گیرانەکەیم لێپرسی و ئەویش گوتی ئەتۆ و بابت چۆن خۆتان بەدبەخت کرد ئەویش هەرئاوا ، زۆری پێ تێکچووم و چاوەڕێ بووم بێهێنن بۆلای من لە زیندانی دەریا هیندەی پێنەچوو خەبەری هێنانی لوقمان و ئازادی من لە یەک رۆژدا روویدا . بە منیان گوت وەسائیلەکانت خڕکەوە ئازادی منیش بە هاوکووپەکانم کە ئەو کات کاک عومەر قازی و رەفیقەکانم لەوێ بوون گوت کە دەست لە تەختەکەم نەدەن و قەرارە لوقمانی برام بێنن بۆ ئێرە ئەگەر هات شتەکانی من و تەختەکەمی بدەنێ با بێ جێگا نەبێ ، ئەوانیش لەباوەشیان گرتم و کاک عومەر گوتی وادیارە زیندان بێ باختەکان نابێ. ماڵئاواییم لە هاوبەندێکانم کرد و گەلێکیان بۆ ناڕەحەت بووم و ئەمن بە دەرکەیەکی دا چوومە دەر و ئازاد بووم و لوقمانیش بە دەرگایەکی دیکە دا هاتە زیندان و بردیان بۆسەر تەختەکەی من .

 دەرگای دەرەوەی زیندان کە کراوە دونیایەکی گەورەم لەپێش چاوی خۆمدا دیت و تا ماوەیەک گێژ ببووم بە دیتنی دایکم و وان گەشامەوە و یەکترمان ماچ کرد و یەکم کاریشم ئەوە بوو کە داوام کرد بچینە سەر گۆڕی بابم و فاتیحایەک دا بدەین و پاشان بەرەو ماڵ وەڕێ کەوین. ئەو کارەمان کرد و وەک کەسێکی سەربڵیند و رازی بە چارەنووسی خۆم درێژەم بە ژیاندا و بە گوڕتر لە جاران و بە بیرو باوەڕتر لە پێشوو هەنگاوەکانم بەرەو داهاتوو هەڵێنا.

 دوای ٦ ساڵ زیندان و تەحەموول کردنی ئەو هەموو بەدبەختی و بێدەرەتانی و نائومێدی و ئازار و ئەشکەنجەی جیسمی و رووحی و رەوانی بە بۆنەی ٢٢ی رێبەندان عەفوومان وەبەر کەوت و دەگەڵ ئەمیر عەینالوو (عەرەب) بە تەفاوەتی رۆژێک ساڵی ١٣٦٦ ئازاد بووین . ئەو کات توانیمان هیندێک وێنە بگرین کە ئێستا بوونە بەڵگەیەک بۆ مێژووی پڕلە کارەساتی نیو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی کە بەو تەمەنە کەمەی هەمان بوو توانیمان وەک بەردێکی خاراو لە کڵ بێینە دەر.چەند نموونە لەو وێنانەتان پێشکەش دەکەم