ئەڵماس ڕەزایی دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد بوو

بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە، دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانە ئازاد بوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (٦ی نۆڤەمبری ٢٠١٩)، ئەڵماس ڕەزایی بەندکراوی سیاسی خەڵکی تەنگیسەر، دوای تەواوبوونی ماوەی ٣ ساڵە حوکمەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ئازاد بوو.

ئەڵماس ڕەزایی مانگی پووشپەڕی ٢٧١٦ (ژوئیەی ٢٠١٦) لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی تەنگیسەر بەناوەکانی ”خەبات مەولوودی“ و ”سروور مرادی“ دوای تێلهەڵچوونی چەکداری نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی سپای پاسداران، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە زستانی هەمان ساڵ (ژانویەی ٢٠١٧) لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی ٣ ساڵ بەندکران و ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.

ئەڵماس ڕەزایی دوای دەستبەسەر کران بۆ ماوەی ٤ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیرا و دوای دانیشتنی دادگا کە لە هەبوونی مافی پارێزەریش بێبەش بوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەریوان گوازرایەوە.