نامەی بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بۆ داکۆکی کردن لە ئارەش سادقی

زیاتر لە ١٥٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا خوازیاری پێڕاگەیشتن بە دۆخی ” ئارەش سادقی” بوون .
“ئارەش سادقی” بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، تووشی سەرەتان” بووە و دوای ئەوەی نەشتەرگەری و شیمی دەرمانی بۆ کرا، بەبێ ڕاگیران لە نەخۆشخانە، بۆ بەندیخانە گوازرایەوە و ئێستا لە دۆخێكی خراپدایە. هەر لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵادا خوازیاری پێڕاگەیشتنیی خێرا بە دۆخی ناوبراو بوون.
زیاتر لە سەدوپەنجا کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی، لەو نامەیەدا داویان کردووە بۆ ئەوەی بارودۆخی ” ئارەش سادقی” لەوە خرابتر نەبێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی بکرێ.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و بنەماڵەکانیان بە دەرکردنی ئەو نامەیە نیگەرانی خۆیان لە بارودۆخی خراپی ئارەش سادقی” زیندانی سیاسی بەندکراو لە بەندیخانەی “ڕەجایی شاری کەرەج” دەربڕیوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەری ئەوە هەیە بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی بەندیخانە دۆخی ناوبراو بەرەو خراپی بچێ. ئەوان خوازیاری پیڕاگەیشتنی هەرچی خێراترن بە دۆخی تەندرووستیی ناوبراو داوادەکەن کە چارەسەری پزیشکی بۆ بکرێ. دوکتورەکان چەند جار جەختیان لە سەر ئەوە کردبۆوە کە دوای نەشتەرگەری و شیمی دەرمانی، ناوبراو دەبێ لانیکەم بیست ڕۆژ تا سی ڕۆژ لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابێ و لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە ڕاگرتنی ناوبراو بەو دۆخە لە بەندیخانە جێگی نیگەرانییە.
ئەمیر ئەمیرقولی، شاهین نەجەفی، پەروین محەمەدی، ئەمیرچەمەنی، گوڵرۆخ ئێرانی، سپیدەقولیان، شاناز ئەکملی، سەدیقە پاک‌زەمیر، ناهید خوداجوو،منسوور بێهکیش، حسێن دائمی و جەعفەر ئیبراهیمی، بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بوون کە ئەو نامەیان واژۆ کردووە.
شایانی باسە کە گوشار و زەبروزەنگ بۆ سەر بەندکراونی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبی لە لایەن دەزگای قەزایی ئێران و کاربەدەستانی زیندان، بۆتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە بەندکراوان دەست بدەنە مانگرتن لە خواردن، ئارەش سادقی، سەعید شێرزاد و، نەرگس محەممەدی و ئاتنا دائمی و چەند کەسی دیکە لە زیندانیانی سیاسی، بەشێکن لەو کەسانە کە بە هۆی سازکردنی پەروەندەی جۆراوجۆر لە بەندیخانە و پێڕانەگەیشتنی کاربەدەستانی زیندان دەستیان داوەتەوە مانگرتن لە خواردن و لە دۆخێکی خراپدا بەسەر دەبەن.