میلی زیندان و بیری ئازادی دیرۆکی خۆڕاگری

كەماڵ شەریفی

باسێک لە ژیان و بارودۆخی کەماڵ شەریفی لە زیندان‌دا
“ماوەی هەشت ساڵە لە زینداندام، تەنیا یەک جار و ئەویش لە دۆخێکی تەواو ئەمنیەتیدا چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ دایکم و براکەم بووە. شەش مانگ لە سلوولەکانی ئیتلاعاتی شاری سنە، لەژێر هەموو شێوازێک لە ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕووحیدا بووم، لەم شەش مانگەدا لێپرسینەوەکانم شەو و ڕۆژی بۆ نەبوو، شکانی ددان و پەراسوو و، ٦٥ شەو و ڕۆژی تەواو کەلەپچە لە دەست مانەوە؛ تەنیا بەشێک لە ئەشکەنجەکانم بوون.
پێوەبوونی دەسبەند و پێبەند تەنانەت لە کاتی خەوتنیشدا و ئێش و ئازاری بێکۆتایی لاق و چۆک هەتا نیزیک بوونەوە لە مەرگ، بەو مەبەستەی کە لەبەر کامێرادا دان بەو شتانەدا بنێم کە ئەوان لێیان دەویستم، هەڕەشەی ئێعدام، لەدوای شەش مانگی تەواو ئەشکەنجە و بەبێ ئەوەی دەموچاو و ڕوخساری هیچ بازجوویەک و تەنانەت زیندانییەکیش ببینم، نێردرامە دادگا و لە ئاکامی دادگاییەکی زارەکی و ٢٠ خولەکیدا و، بەبێ ئەوەی مافی قسەکردن لەگەڵ پارێزەرەکەم «سەعید شێخی»ـم هەبێ و هەروەها هەڕەشەی ئەشکەنجە و ناردنەوەم بۆ ئیتلاعات لە ئەگەری قسەکردنم لەگەڵ وەکیلی تری پەروەندەکەم «عەبدولفەتاح سوڵتانی»، حوکمی ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ یەکێک لە شارەکانی باشووری ئێران، بەبێ مافی تێکەڵبوون و چاوپێکەوتن و نامە و نامە ناردن بۆ هیچ کەسێکم بەسەردا سەپا.
لە ماوەی ئەم هەشت ساڵەدا سەرەڕای ئەوەی ٥٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا مانگرتنم لە خواردن کرد و تووشبوونم بە نەخۆشیگەلی سەخت و دژوار و لاوازیی جەستەیی و چاو و سەکتە لێدان و ماوەی چوار مانگ بێهەست بوونی لایەک لە لەشم؛ ئیزنی ئەوەم پێ نەدراوە کە بچمە دەرەوەی زیندان و لەوێ دەرمان بکرێم. لەو ماوەیەدا هەر بۆخۆم بە خواردنی حەبی وەک پرۆفێن، دیکلۆفناک و مێفنامیک ئەسید و کڕینی عەینەک لەلایەن بەندییە ئازادکراوەکانەوە؛ بەرەوڕووی نەخۆشییەکانم بوومەتەوە. هەشت ساڵ مانەوە لە زیندانێک کە زیاتر لە ٩٠٠ کەسی تێدایە و لە بەندێکی ١٨٠ کەسیدا و لە ژوورێکی ٥ لە ٦ کە ٣٠ کەس لەوێ پەستێوتراون؛ کە بەداخەوە بە تاوانی جۆراوجۆری وەک کوشتنی بە ئەنقەست، دزی، قاچاخیی مادەی سڕکەر و مرۆڤدزی و … گیراون، دۆخەکە دژوارتر کردووە.
بەپێی یاسای زیندانەکان لە ئەگەری مەرگی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە، ئەو زیندانییە ئەگەر تەنانەت بەتاوانی کوشتنی بەئەنقەستیش گیرابێ و حوکمەکەی ئێعدامیش بێ دەتوانێ مەرەخەسی وەربگرێ و بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا بکا. لەو کاتەیدا کە باوکم فەوتی کرد، داوای مەرەخەسیم کرد کە لە وڵامدا بەرەوڕووی سووکایەتی پێکردنی ڕەییسی زیندان بوومەوە.”
ئەمە بەشێک لە نامەی سەرئاوەڵای زیندانیی سیاسیی کورد «کەماڵ شەریفی»ـیە، کە باس لە دۆخی نالەباری خۆی لە گرتووخانەکانی ڕێژیم دەکا.
نامەکە تایبەت بە سێ ساڵ لەمەوبەرە بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێ، بچووکترین گۆڕانێک بەسەر دۆخی ئەودا نەهاتووە و نامەکە بۆ ئێستاش هەر نوێیە.
«کەماڵ شەریفی» ڕۆژنامەنووسی زیندانیی سیاسیی کورد، کوڕی «بایەزید» لەدایکبووی ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لە شاری سەقزە. باوکی ناوبراو کارمەندی ئیدارەی پەروەردە بوو لە شاری سەقز، کەماڵ شەریفی هەتا وەرگرتنی بڕوانامەی دیپلۆم لە بەشی زانستە مرۆییەکان هەر لەو شارە درێژەی بە خوێندن دا.
«کەماڵ شەریفی» لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت دەسبەسەر کرا و بە تۆمەتی «بڕینی سنوور» و «هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان» مەحکووم کرا و، ماوەیەک لە گرتووخانەی «ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز» و زیندانەکانی سەردەشت و پیرانشار بوو. ئەو هەروەها لە ساڵەکانی ٦٨ و ٦٩، چەندین جار بەتۆمەتی «لایەنگری لە و چالاکی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان» لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی «سپای پاسداران» و «ئیدارەی ئیتلاعات»ی شاری سەقزەوە دەسبەسەر کراوە و، لە ئاکامدا لە کۆتایی بەهاری ساڵی ١٣٦٩دا، لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە، حوکمی یەک ساڵ زیندان و ٤٠ قامچی بەسەردا سەپاوە.
ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە لە بەهاری ساڵی ١٣٧٠دا، هاوکات لەگەڵ ئازادبوونی بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی باشووری کوردستان، بووە ئەندامی فەرمیی «حیزبی دێموکراتی کوردستان».
ئەم کەماڵ شەریفی زیندانییە لە سەرەتای ساڵی ١٣٨٠وە دەستی دایە کاری نووسین و وەرگێڕان و، بێجگە لە کار بۆ بڵاڤۆکە حیزبییەکان هاوکارییەکی بەرچاو و نیزیکیشی لەگەڵ هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامە مەدەنییەکانی شارەکانی سلێمانی و هەولێر هەبوو و؛ ماوەیەکیش لە «ڕادیۆ دەنگی کوردستان»دا لە ئەندامانی دەستەی نووسەران بوو.
کەماڵ شەریفی، لە ساڵی ١٣٨٧ بۆ پێوەندی لەگەڵ ئەدیبان، نووسەران، مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییە فەرهەنگی و هونەرییەکان ڕۆشتەوە سەردانی شاری خۆی، کە لە ٥ی جۆزەردانی ئەو ساڵەدا، لە ماڵی کتێب‌فرۆشێکی خەڵکی سەقز، لەدوای گەمارۆی ماڵەکە و دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران و شەهید بوونی هاوڕێکەی دەسبەسەر دەکرێ.
لەو کاتەدا کە لە ئیتلاعاتی سنە دەبێ لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی تر بە ناوەکانی «شێرکۆ مەعارفی» و «ئێحسان فەتاحیان» لە یەک سلوولدا دەبێ. لەدوای ماوەیەک لەگەڵ شێرکۆ مەعارفی دەگوازرێنەوە بۆ سەقز کە لەوێ و لەلایەن «قازیی شایەق»ـەوە حوکمی ئێعدام بەسەر شێرکۆ و حوکمی سی ساڵ زیندان و دوورخرانەوەش بەسەر کەماڵ شەریفیدا دەسەپێ.
ئێستا کە بۆ ماوەی نیزیک بە دوازدە ساڵە لە زیندانی شاری «میناب» و لە ناخۆشترین کەشدا بەسەر دەبا، هێشتا ئیزنی ئەوەیان پێ نەداوە کە لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنێکی هەبێ و تەنانەت هەتا بە ئێستا ١٦ جار ئەم داواکارییەیان ڕەت کردۆتەوە. بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی نیزیک لە بنەماڵەی کەماڵ شەریفی؛ «ئەو لە کاتی لێپرسینەوەدا بەهۆی ئەشکەنجەی زۆر، تاندۆنی لاقەکانی تووشی کێشە بوون بە جۆرێک کە تەنیا دەتوانێ پیادەڕۆیی بکا و لە ڕاکردن و وەرزش خۆ دەبوێرێ؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئەوەی کە لە دەرەوەی زیندان دەرمان ناکرێ ئەم کێشەیە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرە دەستێنێ.»