دەسبەرکرانی ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە سەرپێڵی زەهاو

فریشتە چراغی، رۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٨ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی “فریشتە چراغی” رۆژنامەنووس، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاو و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی چراغی وێڕای پشتراستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند “فریشتە چراغی” دوای دەستبەسەر کران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بۆ شاری کرماشان گوازراوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند، فریشتە چراغی لە ڕۆژی یەکەمی خۆپێشاندانەکانی شاری سەرپێڵی زەهاو، دەستبەسەر و دوای چەند ڕۆژ ئازاد کرابوو.
فریشتە چراغی، رۆژنامەنووس، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی ناسراوی خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاوە کە دوای بوومەلەرزەکەی ئەو شارە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە گەیاندنی دەنگی خەڵکی ئەو ناوچەیە و ڕووماڵ کردنی هەواڵە پیوەندیدارەکان بەو کارەساتەوە.