سێ بەندکراوی سیاسی کورد بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەیان ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کران

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سێ بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی “محەممەد ئەمین قازی، کامیل ئەحمەدی خانلەر و کورش عەزیزی” خەڵکی شنۆ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کران.
ئەو سێ چالاکە سیاسییە پێشتر بە تۆمەتی هاوکاریکردن و ئەندام بوون لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر کام بە چوار ساڵ بەندکران حوکمدران و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا حوکمەکەیان بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، کامیل ئەحمەدی خانلەر و محەممەد ئەمین قازی، و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١ی بەفرانبار، کوروش عەزیزی” دەسبەسەر و بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەیان بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ڕایگەیاند: پێشتر ئەو سێ کەسە لەگەڵ چوار کەسی دیکە بە ناوەکانی ” ئەبووبەکر میناپاک، یوسف ئەحمەدی، تەیب بامروەت، موغدید محەممەدزادە، بە تۆمەتی هاوکاریکردن و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆ هەرکام بە چوار ساڵ بەندکران حوکمدران و دواتر داوای پێداچوونەوەی حوکمەکەیان کردبوو و لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.