بانگ کردن و دەسبەسەر کردنی چەند کەس لە خەڵکی سەوڵاوای مەریوان

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم دوو کەس لە دانیشتوانی یەکێک لە گوندەکانی سەوڵاوا دەسبەسەر و زیاتر لە ١٠ کەسی دیکە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چەند ڕۆژ لەمەوبەر هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی “دێوەزناو” و دوو کەسیان بە ناوەکانی “قادر مەجیدپوور” کوڕی حەمدوڵڵا و “هەیبەت ئەمینی زادە” کوڕی فەرەیدوون دەستبەسەر کردووە.
یەکێک لە دانیشتوانی گوندی دێوەزناو کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کراون.
ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا ڕایگەیاند کە، زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا بانگ کراون و دەبێ لەماوەی ڕۆژانی داهاتوودا خۆیان بەو ناوەندە ئەمنییە بناسێنن.
سەرەڕای تێپەڕینی یەک حەفتە لە دەستبەسەر کرانی قادر و هەیبەت، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان لە بەر دەستدا نیە و هەوڵەکانی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسیان بێ ئاکام ماوەتەوە.