دەسبەسەرکرانی شاعیر و نووسەرێکی کرماشانی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە

شاعیر و نووسەرێکی دیکەی کورد لە کرماشان لە درێژەی ڕەوتی ڕەشبگیری چالاکانی کورددا دەسبەسەر کرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٩ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی مامۆستا “موعین شاهوەیسی”، خەڵکی شاباد لە پارێزگای کرماشان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە.
سەرچاوەیەکی نیزیک لە بنەماڵەی مامۆستا موعین شاهوەیسی ڕایگەیاندوە کە هۆکاری گرتن و شوێنی دسبەسەرکرانی ناوبراو بۆ بنەماڵەکەی ناڕوونە.
مامۆستا موعین شاهوەیسی شاعێر، نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی، مامۆستای ئەدەبیاتی فارسی لە قوتابخانەکانی شاباد، هەڵەچن و مامۆستای زمانی کوردی، خوێندکاری کارناسی باڵا لە زانکۆی تاران، لاوی هەڵبژێردراو و نموونەی کرماشان لەساڵەکانی ٩٦ و ٩٧ی هەتاوی و نێوبژیوانی فێستیڤاڵی شێعرە و کەسێکی خوشەویست و بەرچاوی خەڵکی ئەو شارە و ڕووناکبیرانی کوردە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا و لە زانکۆی ڕازی کرماشانیش سێ خوێندکاری ئەو زانکۆیە و هەوروەها سیاوەش حەیاتی ئەندامی بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکراون.