سەپاندنی حوکمی سێدارە و ١٣٤ ساڵ بەندکران بەسەر چالاکانی کورد لە ژانویەی ٢٠٢٠ دا

 لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ٢٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژانویەی ٢٠٢٠ دا، لانیکەم ٢٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای دادوەرییی حکوومەتی ئێرانەوە دادگایی کراون و حوکمی قورس وەکوو سێدارە، ٢٥ ساڵ، ١٥ ساڵ و ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

بە پێی ئەو حوکمانە، هاووڵاییەک حوکمی سێدارە و ٢٢ هاووڵاتیی دیکە سەرجەم حوکمی ١٣٤ ساڵ و یەک مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچییان بە سەردا سەپاوە.

زۆربەی ئەو کەسانە (٢١ حاڵەت) بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و دوو کەسیان مامۆستای قوتابخانە بوون کە حوکمیان بە سەردا سەپاوە.

لە ماوەی ئەو مانگەدا، ٨ هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای سنە، ٨ هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ٣ هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای کرماشان، ٢ هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای خوراسانی باکوو، هاووڵاتییەکی خەڵکی پارێزگای ئیلام و هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمیان بەسەردا سەپاوە.