دەستبەسەر کرانی حەوت هاووڵاتی لە بۆکان

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان دەستبەسەر کراون، هاوکات سێ کەسی دیکەی دانیشتووی ئەو شارە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٣ی فێوریەی ٢٠٢٠)، سێ چالاکی مەدەنی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ”سمکۆ مەعرووفی“، شاهۆ خزری“ و ”هوومەن فەیزی“ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەکی حوکمەکەیان دەستبەسەر کراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەەزبەی ئەمساڵ (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، هاوڕێ لەگەڵ ”ژاکا ئیسماعیل پووڕ“ بە تۆمەتی بەشداری کردن لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی بۆکان بە نیسبەت شەرمەزار کردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر و دوای دوو حەفتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

ئەو چوار هاووڵاتییە دواجار لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی ”تێکدانی ئاسایشی کۆمەلگا لەڕێگای بەشداری لە گردبوونەوە نایاسایی“ حوکمی ٢ ساڵ، ١ ساڵ، ٤ مانگ و ٣ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

ژاکا ئیسماعیل پووڕ هاوژینی هوومەن ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانویە) بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکەوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا،  هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندی داشبەند و سێ کەسیان بە ناوەکانی ”فەتاح حەسەن زادە“ ئەیووب بەنا“ و ”سڵێمان“ کە خەڵکی گوندی ئەسپۆگە و دانیشتووی داشبەند بووە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.