چارەنووسی نادیاری بەشێک لە خۆپێشاندەرانی مانگی خەزەڵوەر

دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ لە دەسپێکی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، ئێستاش ڕادەیەکی بەرچاو لە دەسبەسەرکراوان هەر لە گرتووخانەکاندا چارەنووسیان نادیارە.
چارەنووسی نادیاری دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکان لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی ڕێژیم تا ئێستا ئاماری کوژرا و بریندار و دەسبەسەرکراوەکانیان بڵاو نەکردووەتەوە و لەو کارە خۆیان دەبوێرن. هەرچەند تەنیا چەند کەس لە ئەندام پارلەمانەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە نزیک بە ٧ هەزار کەس لە خۆپێشاندەران دەسبەسەر کراون. کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران باس لەوە دەکا کە دانانی بارمتەی قورس، گوشار بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ بۆ سەپاندنی پێوەندی لەگەڵ دژبەرانی ڕێژیم و کەڵکوەرگرتن لە ئامێرەکانی باتووم و شوکی کارەبایی لەسەر دەسبەسەرکراوان، نموونەیەکی کەمی ئەو پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤن کە لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی کۆامری ئیسلامیی ئیڕاند دەرهەق بە بەندییەکان ئەنجام دەدرێن.
هەر ئەو ناوەندە لە ئێران ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەی زۆربەی دەسبەسەرکراوەکان، بۆ دیتنەوەی ڕۆڵە دەسبەسەرکراوەکانیان نازانن ڕوو لە کام ئورگانی ئەو ڕێژیمە بکەن و لە کوێ هەواڵی کەسوکاریان بزانن.
خۆپێشاندەرە دەسبەسەرکراوەکان، بە تۆمەتگەلێکی وەکوو دژایەتی نیزام، هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، تێکدانی ئاسایشی وڵات، پێوەندی لەگەڵ حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم و چەندین نموونەی دیکە ڕەوانەی زیندانەکان کراون.
ئەو کەسانەی کە ئازاد بوونە باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی بە زۆرەملێ ویستوویەتی دەسبەسەرکراوەکان دان بەوەدا بنێن کە لەگەڵ وڵاتان و کاناڵەکانی دەرەوە پێوەندییەیان هەبووە. هەروەها چەندین کەسیش لە دەسبەسەر کراوەکان هیچ پێوەندییەکی تەلەفوونییان لەگەڵ بنەماڵەکانيان نەبووە و نەیانزانیوە لە کوێ دەسبەسەر کراون.
شوێنی ڕاگرتنی دەسبەسەرکراوەکان شوێنگەلێکی وەکوو ساڵۆنی وەرزشی، ئەنبار، گرتووخانە بێ ئیمکاناتەکانی ڕێژیم و چەندین شوێنی دیکە کە لە هەموو شتێک بێبەشن و دەنگیشیان بە هیچ شوێنێک ڕاناگات