سەپاندنی حوکمی بەندکران بەسەر سێ هاووڵاتیی کورددا

سێ هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە کرماشان دەسبەسەر کرابوون، لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕش لە کرماشان بە دادوەریی قازیی «ئەسەدی» حوکمی ۱۷ ساڵ زیندانی تەعزیرییان بەسەردا سەپا.
ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕێبەندان، “سوحبەتوڵڵا ئومیدی”، “خەلیل ئەسەدی بووژانی” و “مێهدی ئەبداڵی” بەسەر یەکەوە حوکمی ١٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.
جێی ئاماژەیە، “سوحبەتوڵڵا ئومیدی” بە تۆمەتی “ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم” حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “کۆبوونەوەی نایاسایی” حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و بە پێی یاسای حوکمەکان یەکێکیان جێبەجێ دەکرێ.
هەروەها “خەلیل ئەسەدی بووژانی”، بە تۆمەتی “ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم” حوکمی ٣ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ”کۆبوونەوەی نایاسایی و تێکدانی ئاسایشی وڵات“ حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و، بە پێی یاسا زیاترین حوکمی ناوبراو جێبەجێ دەکرێ.
لە لایەکی تریشەوە “مێهدی ئەبداڵی” هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی کرماشان لەلایەن هەمان دادگاوە حوکمی ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.