زیندانییەکی سیاسیی کورد مانی لە خواردن گرت

زیندانییەکی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ مانگرتنی ویشکی خۆی ڕاگەیاند.
ڕۆژی شەممە، ٢٦ی ڕێبەندان، “سیامەک ئەشرەفی” زیندانیی سیاسیی کوردو خەڵکی گوندی “وەلەند”، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ، مانی لە خواردن گرتوە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ناوبراو لە نامەیەکدا باسی لەوە کردوە ،”بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندانی ورمێ، مانگرتنی خۆی لە خواردن ڕادەگەیەنێ” و پێداگری لەسەرئەوەش کردوە تا جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەی درێژە بە مانگرتنەکەی خۆی دەدات.
جێی ئاماژەیە، بارودۆخی تەندروستی ئەو بەندییە سیاسییە دوای ڕەت کردنەوەی داواکارییەکەی لە لایەن لقی ٩ی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگای شۆڕشی ورمێ و مانگرتنی لە خواردن نالەبارە.
شایان باسە ناوبراو پیشتریش لە ڕۆژی سێشەممە، ١ی ڕێبەندان، دەستی دابووە مانگرتن و ڕایگەیاندبوو کە هەتا بە ئەنجام نەگەیاندنی داواکارییەکەی درێژە بە مانگرتنەکەی خۆی دەدات.
“سیامەک ئەشرەفی” کە پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم بووە و مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٥، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلابی ورمێ بە ٥ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.و ماوەی ٣ ساڵ و ٨ مانگە زیاترە لە زیندان دایە.