چالاکێکی سیاسیی کورد بە ٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کرا

دادگای ئینقلابی ورمێ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەر چالاکێکی سیاسیی کورددا سەپاندووە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٠ـی ڕەشەممە، حوکمی ٥ ساڵ بەندکران بە چالاکی سیاسیی کورد، “شەهرام کازمیان” ڕاگەیەندراوە. لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر “شێخلوو” حوکمەکەی دەرکردووە. شەهرام کازمیان تەمەن ٤٢ ساڵ و کوڕی فارس، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەمە، لە یەکەمین دادگایی کرانیدا کە لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ و بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو بەڕێوەچووە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم و چالاکی دژی نیزام مەحکووم کرابوو.
شایانی باسە کە ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕێبەندان، ئەو هاونیشتمانییە کوردە دوای یەک مانگ لێپێچینەوە و ئازار و ئەشکەنجە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو. هەروەها پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە ١١ـی بەفرانبار، بێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی و حوکم، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی ئیتلاعات ڕاگوێزرابوو.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٣ی هەتاویش، ناوبراو لە ڕێپێوانی پشتیوانی لە کۆبانێ لە ورمێدا، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو.