جاوید ڕەحمان خوازیاری ئازادی بەندکراوەە سیاسییەکانی ئێرانە

جاوید ڕەحمان خوازیاری ئازادی بەندکراوانی سیاسی لە ئێرانە و دەڵێ قەیرانی کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار بەندیخانەکانی ئێرانیشی گرتووەتەوە.
ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی ئێراندا ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٠ ڕەشەمە لە ژنێڤ دەڵێ: داوای لە تاران کردووە هەموو بەندکراوەکان بەشێوەی کاتی ئازاد بکا. جاوید ڕەحمان هەروەها دەڵێ لەونێوەدا کە قەیرانی کۆرۆنا پەرەی‌سەندووە دەسبەسەربوونی بەندکراوەسیاسییەکان جێگەی داخ و کەسەرە و نیگەرانییە. برایمی ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای “بێداد”ی ڕێژیم ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەشەمە گوتبووی کە نیزیکەی ٧٠ هەزار بەندکراو مورەخەسییان دراوەتێ و بەشێوەی کاتی و بۆ بەرگری لە تووشبوون بە کۆرۆنا ئازاد کراون. بەوحاڵەش جاوید ڕەحمان دەڵێ دەزگای دادی ڕێژیم تەنیا بەندکراوانی کەمتر لە حوکمی ٥ ساڵی لەبەرچاو گرتووە و بەندکراوە سیاسییەکان و ئەوانەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ حووکمی قورسیان بەسەرداسەپاوە ناگرێتەوە. هەروەها جاوید ڕەحمان پێداگری دەکا کە ژمارەیەک بەندکراوی دوو تابعیەتی یان بەندکراوانی وڵاتانی دیکە بەڕژدی لە مەترسی دان و ئێران بەرپرسە لە ئاست سڵامەتی ئەوان.