دۆخی زیندانەکانی ئیران هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا

دۆخی زیندانیانی ئێران بەگشتی و زیندانیانی سیاسی بەتایبەتی، لە کاتی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێران، زۆر مەترسیدار و جێگەی نیگەرانییە.
سەرەڕای بەڵێنیەکانی دەزگای دادی ڕێژیم و ئەو هەواڵانەی کە لەسەر زاری کەسانێکی وەکوو “ئیبراهیم ڕەئیسی”، بەرپرسی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی و “عەلی ئەسغەر جەهانگیری” بەرپرسی زیندانەکانی ئێران سەبارەت بە پێدانی مەرەخەسی بە زیندانییە سیاسی و ئایینییەکان بڵاو دەکرێنەوە، زۆربەی زیندانییەکان هێشتا هەر لە بەند دان و ئازاد نەکراون. ژمارەیەکی کەم لەو زیندانییانەش بە دانانی بارمتەی قورس بۆ ماوەیەکی کەم ئازاد کراون و لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش ژمارەیەکی زۆر کەم لەو بەندکراوانە مافی مەرەخەسیان پێدراوە.
ئەو کارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە زۆربەی زیندانییەکانی دیکە کە کێشەی ماڵی و شکایەت و شتی سەرەتاییان هەبووە، مەرەخەسیان پێ دراوە و تەنانەت کەسانێکیش کە لە دۆسییەکەیاندا دزی و گەندەڵیش نووسراوە، بەهۆی مەترسیی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و نەخۆشیی کۆوید ١٩ـەوە مەرەخەسیان پێدراوە، بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی مافی مەرەخەسیان بە زۆربەی ئەو زیندانیە سیاسییانە نەداوە و ئێستاش لە زیندانەکاندا بەسەر دەبەن.
زیندانییە سیاسی و ئایینییەکان لە حاڵێکدا مافی مەرەخەسییان پێ نادرێ کە پێش لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناش پێویستییان بە چارەسەری پزیشکی و خزمەتگوزاریی پزیشکی هەبووە و دۆخی جەستەییان لاواز بووە. ئێستا ئەو زیندانییانە مەترسیی زیاتریان لەسەرە و سیستمی بەرگریی جەستەییان لاوازتر بووە و لە ئەگەری تەشەنەسەندنی زیاتری پەتای کۆڕۆنا لە زیندانەکانی ئێراندا، زیندانیانی سیاسی زۆر بەخێرایی تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبن.
شایانی باسە کە زۆربەی پزیشک و پسپۆڕەکانیش ڕایان لەسەر ئەوەیە کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە شوێنی سەربەستراو وەکوو زیندان کە بەستە و داخراوە و و لەباری پاکوخواێنییەوە لە ئاستێکی خراپدایە، زۆر خێراتر دەتوانێ کاریگەریی لەسەر مرۆڤەکان هەبێ و مەترسییەکەی چەند هێندە زیاترە بێ.