حوکمی لەسێدارەدان بۆ ٨ کەسی دیکە لە خۆپێشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی

بەرپرسێکی دەزگای دادی ڕێژیم لە ئیسفەهان، ٣ ڕۆژ پاش ئاشکرابوونی حوکمی ئێعدام بۆ ٣ کەس لە خۆپێشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی هەواڵی سەپاندنی هەمان حوکمی بەسەر ٨ کەسی دیکەدا پشتڕاست کردەوە.

بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیم، ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، “محەممەد ڕەزا حەبیبی”، دادستێنی ئیسفەهان کە پێش دەستپێکردنی نوێژی هەینی ئەو شارە قسەی دەکرد، سەرەڕای هەڕەشە لە خەڵک بۆ دەربڕینی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک ڕایگەیاند کە  دادگاکانی ئیسفەهان حوکمی سێدارەیان بەسەر ٨ کەس لە خۆپێشاندەران لە پارێزگای ئیسفەهاندا سەپاندوە، بەڵام ئاماژەی بە ناوی هیچ یەک لەو کەسانە نەکرد.

شایانی باسە کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا نزیک بە ١٥٠٠کەس بەدەستی هێزەکانی ڕێژیم  کوژران و هەزاران کەسیش بریندار و دەسبەسەر کران.