ڕاگەیەندراوی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ کارەساتی شەهیدانی ژینگەپارێزی پاوە

چاونیوز: تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە چالاکانی کورد و ژینگەی کوردستان مەحکووم دەکەین و ڕێژیم بە بەرپرسیاری سەرەکیی شەهیدبوونی ژینگەپارێزان دەزانین.

خەڵکی تێکۆشەر و مافویستی کوردستان!
ڕێکخراوە مەدەنییەکان!
بنەماڵەی سەربەزری شەهیدانی ژینگە!

بە بۆنەی هەواڵی شەهیدبوونی گوماناویی سێ ژینگەپارێزی ئەنجومەنی “ژیوای” پاوە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی “بووزین” و “مەرەخێڵ” سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی خەڵکی ئەمەگناسی کوردستان، سەرجەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەت ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دەکەین.
بەداخەوە لەمێژساڵە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان کە بەپێی نیشانە و بەڵگەکان زۆربەی ئەو ڕووداوانە دەستی بەئانقەستی لە پشتە، بووەتە بەڵایەکی گەورە بۆ سروشتی کوردستان. جیا لەو زیانەی هەموو جارێ بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان وە ژینگە و سروشتی نیشتمان دەکەوێ، ئەمجارەیان ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی “مەرەخێڵ” گیانی سێ ڕۆڵەی نیشتماندۆست و ژینگەپارێزی دەروەستی کوردستانیشی ستاند.
ئێستا ئیدی لە کەس شاراوە نییە، کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی کەمتەرخەمی و زۆرجاریش بەئەنقەست و بە پیلانی پێشوەخت ژینگە و دارستانەکانی کوردستان دەکەنە ئامانج. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا قۆڵی تاڵانی سەرچاوە، سامان و خاپوورکردنی کوردستان و سروشتەکەی هەڵماڵیوە و لە بەرامبەردا ئەوە ڕۆڵە نیشتماندۆست و ژینگەپارێزانی کوردستانن کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکاندا بە کەمترین ئیمکاناتی بەردەستیان هەوڵی پاراستنی ژینگەی کوردستان دەدەن و بە دەستی بەتاڵەوە بوون بە پارێزەرانی ژینگە و نیشتمان.
ئەو ڕێکخراوانە و ئەندامەکانیان زۆر جار کەوتوونەتە بەر غەزەبی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و، بۆ زۆر لەوان پەروەندەسازی کراوە؛ بەڵام ئەو بەرەنگاری و دوژمنکارییە کۆڵی پێ نەداون، هەنگاوی پێ شل نەکردوون. “شەهیدبوونی شەریف باجوەر”، “ئومید حوسێن‌زادە”، “ڕەحمەت حەکیمی‌نیا” و “محەممەد پەژووهی” لە ساڵانی ڕابردوودا و ئەمجارەشیان شەهیدبوونی “موختار خەندانی”، “یاسین کەریمی” و “بیلال ئەمینی” بەڵگەن بۆ، خۆنەویستی و ئیرادەی پێشمەرگەئاسای ڕۆڵەکانی ئەم گەلە.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەتی تاوان و دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە کۆمەڵانی خەڵکی کورد و سروشت و ژینگەی کوردستان مەحکووم دەکا و ڕێژیم بە بەرپرسیاری سەرەکیی شەهیدبوونی ئەم ژینگەپارێزانە دەزانێ.

سڵاو لە گیانی پاكی ئەوانەی ژیانی خۆیان لە رێگەی نیشتمان بەخت كردووە،
سڵاو لە روحی بەرزەفڕی شەهیدانی ئەنجومەنی “ژیوای” پاوە و،
بە هیوای چاكبوونەوەی بریندارانی دیکەی ئەم ڕووداوە.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٩ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی