دۆخی تەندروستی سەکینە پەروانە ناجێگیرە و بۆ بێهداری بەندیخانە گوازرایەوە

خۆڕاگری: سەکینە پەروانە بەندکراوی سیاسی کورد کە یازەهەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆی لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین تێپەڕ دەکات بۆ بێهداری بەندیخانە گوازرایەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢٠)،ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕێ ٢٧٢٠ (٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، دوای ١١ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن بە هۆی دابەزینی زەختی خوێن و ناجێگیربوونی باری تەندروستی بۆ بێهداری بەندیخانە گوازراوەتەوە.


سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسی کورد کە حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندی ٣ی بەندیخانەی قەرچەک، کە بەندی تایبەت بە تاوانە مەترسیدارەکانە، ڕاگیراوە، لە ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان (١ی ژوئەن) ەوە بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕاگیرانی لەو بەندە و ڕەچاو نەکردنی یاسای جیاکردنەوەی بەندکراوان بە پێی تۆمەتەکان، مانی لە خواردن گرتووە.


ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٧ی مەی ٢٠٢٠)، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆرشی تارانەوە حوکمی پێنج ساڵ بەندکران و بێبەری کردن لە ئەندامیەتی رێکخراوە سیاسیەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.


ئەو حوکمە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران بە ئامانجی تێکدانی ئەمنیەتی وڵات بە سەر سەکینەدا سەپێندراوە و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا دەتوانرێ داوای پێداچوونەوەی ئەو حوکمە بکات.

سەکینە پەروانە تەمەن ٣٠ ساڵ، ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٩(٧ی فێوریەی ٢٠٢٠) لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان دەستبەسەر و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین تاران ڕاگیرابوو.