دەسبەسەرکرانی حەوت هاونیشتمانیی کورد لە شارەکانی ورمێ، پاوە، سنە و کامیاران

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، چەند ڕۆژ لەمەوبەر محەممەد ڕەزایی تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی خەلیل خەڵکی کامیاران بە شێویەکی نایاسایی و بێ ئیزنی دادگا، بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی دژبەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.
هەر لە حەوتووی ڕابردوودا کەسێکی تر بە ناوی ” مەجید تیباش” کوڕی خالید خەڵکی گوندی ” دزەی” ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە تۆمەتی پێوەندی بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ” ورمێ” وە بانگهێشتی ئیتلاعات کرا و لێکۆڵینەوەی لە گەڵ کراوە. ناوبراو ساڵی ١٣٩١ی هەتاویی بە هۆی چالاکیی سیاسی لە زانستگە دەرکراوە و لەو ساڵانەی دوایی دا چەند جار دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.
بەپێی هەواڵێکی دیکە دوو هاونیشتمانیی کورد بە ناوەکانی ” بێهزاد شاسوار” کوڕی میکائیل و ” سیامەند شاسوار” کوڕی مستەفا خەڵکی گوندی “دزەی” ناوچەی مەرگەوەڕ لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە سنووری “حاجی ئۆمەران” دوای پشکنین، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی دژبەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران.
ڕۆژی پێنج شەممە ٦ی بەفرانبار هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شارستانی پاوە کەسێکیان بە ناوی ” باست محەممەدی” تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی محەممەد خان خەڵکی گوندی “دەرەبیان”ی ناوچەی شمشیر دەسبەسەرکرد.
هەر لە پیوەندی لە گەڵ دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانیان کورددا، ڕۆژی شەممە ١ی بەفرانبار ” شێرکۆ جەمشیدی” تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی ” سەرهوویە”ی ژاوەرۆ بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ یەکێک حیزبە کوردیەکانی دژبەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنیکی نادیار کرا.
هەر لە هەمان ڕۆژدا ” پەیمان محەممەدی” تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی گوندی “ئەلک” ی ناوچەی شاهۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و دوای ئەشکەنجە و ئازار بەرەو شوێنێکی نادیار ڕەوانە کرا.
شایانی باسە کە تا ئێستا کەسوکاری ئەو دەسبەسەرکراوانە هیچ هەواڵێکیان لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان نییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە نێوخۆ و دەرەوەدا کەوتۆتە ژێر گوشار و، توانای وەڵامدانەوەی بە ویست و داواکارییەکانی خەڵک نییە و زوڵم و زۆر و بێکاری و نەداریی بەوپەڕیی خۆی گەیشتووە، بۆ کپ کردنی دەنگی خەڵک پەنای بردۆتە بەر کوشتن و سێدارە و زیندان و ئەشکەنجە کردنی خەڵک و ڕۆژانە ڕەوانەی بەندیخانە و دادگاکانیان دەکەن و بە تۆمەتی جۆراوجۆر سزایان بە سەردا دەسەپێنن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*