نیگەرانی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ لە چارەنووسی منداڵەکانیان

بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ لە ناڕوونی چارەنووسی منداڵەکانیان نیگەرانن.
بە پێی ڕاپۆڕتێک کە بە دەستمان گەیشتووە چەند رۆژە بەشێک لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی شەوی چوارشەممە سووری و ڕۆژی نەورۆزی ٩٨ی هەتاویی کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیراون، سەردانی ناوەندە ئەمنی و ئنتیزامییەکان دەکەن و تا ئێستاش لە چارەنووسی منداڵەکانیان هیچ وڵامێکیان وەرنەگرتووە.
ڕۆژی شەممە ٣ی خاکەلێوە کەس‌وکاری بەندکراوانی شەوی چوارشەممە سووری شاری دیواندەرە سەردانی گرتووخانەکان و دادگای ئەو شارەیان کردوە کە لە چارەنووسی منداڵانیان دڵنیا بن، بەڵام بەرپرسان هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوە
پێویستە بگوترێ هەموو ساڵێك ئەو کەسانە کە لە بەرەبەری نەورۆز یا لەو ڕۆژەدا لە کوردستان دەسبەسەر دەکرێن هەتاکوو دوای سێزدەبەدەر بە دەسبەسەرکراوی دەمێنەوەو ئینجا دادگا سزایان بۆ دەردەکا.
جێی‌ئاماژەیە هێزە ئەمنییەکان شەوی چوارشەممە سووری لە شاری دیواندەرە هەڵیانکوتایە سەرخەڵک و دوای تەقەکردن لە خەڵکی ئاسایی، چەندین لاو و مێرمنداڵیان دەسبەسەر کردوە.
هەروەها لە ناوچەی کاکاوەندی کرماشانیش چەند کەس لە ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵیان دەسبەسەر کردوەو لە ئاوایی حەسەن‌نوورانی شاری شنۆ و چەند شوێنی دیکە لە پیرانشار هێزە ئنتیزامییەکانی بەتوندی هێرشیان کرد سەر خەڵکی بەشدار لە بۆنەکانی نەورۆز و ڕێوڕەسمەکانیان تێک‌دا.