دۆخی نالەباری بەرزان محەممەدی لە بەندیخانەی فشافوویە، ” دۆزەخی ” بەندکراوان

بەرزان محەممەدی بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧ی هەتاوی لە شاری تاران دەستبەسەرکراوە، بە هۆی پیشێلکرانی مافەکانی لە لایەن بەرپرسانی قەزایی ئێرانەوە، نیزیک بە ٤٢ ڕۆژە دەستی داوەتە مانگرتن و بەو هۆیەوە باری تەندروستی جێگیر نیە.
بەرزان محەممەدی خەڵکی ئاوایی گۆشخانی سەربە شاری سەوڵاوا لە ناوچەی مەریوان، ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژ لە پارکی “دانشجو”ی تاران لە کاتی خۆپێشاندانەکان، دەسبەسەرکرا و پاش ماوەیەک ئازارو ئەشکەنجە کردنی لە گرتووخانەکانی ئیتلاعات لە لایەن لقی ١٥ی دادگای “ئینقلاب”ی تاران بە حوکمی دادوەر سەڵواتی بە تاوانی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی” و “هەوڵدان بەدژی ڕێژیم” و “بەشداریی کردن لە خۆپێشاندانەکان” بە ٦ ساڵ زیندان سزا درا، کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە بۆ بە ٣ ساڵ و نیو.
ئەو بەندکراوە کوردە لە ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمە لە گەڵ ” عەلیڕەزا شیر محەممەدی” بە نیشانەی ناڕەزایەتی دربرێن لە دۆخی خراپی زیندانی فشافوویە کە لە باشووری تاران دایە دەستی داوەتە مانگرتن.
بە گوتەی یەکێک لە کەسانی نیزیک بە بەرزان محەممەدی، ناوبراو لە ڕەوتی دادگایی کردنیدا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش کراوەو، هەروەها بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دۆخی خراپی زیندانی فشافوویە کە تەنانەت ئاوی خواردنەکەشی بەکار نایەت دەستی داوەتە مانگرتن لەخواردن و، ھەتا ئیستا ١٣ کیلو کێشی دابەزیوە.
هەروەها رۆژی ٣٠ی خاکەلێوەی ٩٨ بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی و دابەزینی فشاری خوێن کەوتووەو توانای ڕێگا ڕویشتنی نیە.
بە پێی هەمان سەرچاوە بەرزان محەممەدی نەخۆشی هەناسەبڕێکی هەیەو بە هۆی خراپی دۆخی بەندیخانەی فشافوویە و مانگرتنی لە خواردن، گیانی کەوتووتە مەترسییەوە.

ئەمە لە کاتێكدایە کە بەرپرسانی زیندانی فشافوویە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ھیچ ئاورێکیان لە خواستەکەی، کە داوای گواستنەوەی بۆ زیندانی “ئێڤین”ی تاران یا زیندانی شاری مەریوانی کردوە، نەداوەتەوە.
جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە بەندیخانەیە فشافوویە یان بەندیخانەی حەسەن ئاوای تاران، لە واقع‌دا گەورەترین گرتووخانەیە کە لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویی بۆ ڕاگرتنی تووشبووان بە مادە هۆشبەرەکان بنیات نراوە، بەڵام ئێستاکە بووتە شوێنی ئازار دانی بەشیکی بەرچاو لە بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی و لە ئەوپەڕی بێ ئیمکاناتی و خراپی‌دا بە “جەهەننەم”ی دیلەکان ناسراوە.