میراتێک لە باوکەوە بۆ کوڕ

ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لە گوندی «نەرزیوە»ی شنۆ لەدایک بووم. لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران تەمەنم ٩ ساڵ بوو. باوکم (شەهید مەلاحەمەدەمین خزری) هەر پێش لە شۆڕش، پێوەندیی تەشکیلاتی بە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتەوە هەبوو و، لەگەڵ ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزب ببوو. هەر بۆیە منیش وەک مێرمنداڵێک لە نیزیکەوە بە هەستی کوردایەتی، پێشمەرگایەتی و شۆڕش ڕاهاتم. ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی شاری شنۆ و ناوچەکانی لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە داگیر کرا و، حیزبی دێموکراتی کوردستان و باقی هێزەکانی کوردستان ناوچەی شنۆیەیان بە ناچاری بەجێهێشت. باوکیشم وەک زۆربەی پێشمەرگەکانی ئەو کات سەرەڕای ئەوەی خاوەن ژن و منداڵی ورد بوو، ناوچەی شنۆی بەجێ هێشتوو و بەکردەوە سێبەری وەک باوک لەسەر ئێمە لاچوو. هەتا ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ ٧ هاوسەنگەری دیکەی کە لە مەئمورییەتێکی حیزبی بوون، لە لایەن ئەرتەشی داگیرکەری تورکیەوە لە سنوورەکانی باکووری کوردستان شەهید کران.

هاوکات لەگەڵ خەباتی باوکم، ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە ڕێگای کادرەکانی کومیتەی شارستانی شنۆ و بە تایبەتی شەهید «مراد عەزیزی»یەوە، بەو قەناعەتە گەیشتم کە لە تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دەست بە تێکۆشان بکەم. بۆیە شەهیدبوونی باوکم نەک ورەی منی دانەبەزاند، بەڵکوو بەهێزتری کردم. هەتا ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆوە بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا گیرام؛ درێژەم بە کار و چالاکیی حیزبی دا.

هەر لەو ڕۆژەوە و بۆ ماوەی چەند حەوتوو لە ئیدارەی ئیتلاعات بە توندترین شێوە ئەشکەنجە درام، بەڵام لەسەر ئەوە سوور بووم کە دان بە هیچ چالاکییەکمدا نەنێم. پاش ئەم چەند حەوتوویە کە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هیچ جۆرە ئەشکەنجەیەک نەیانتوانی بە چۆکمدا بێنن، ڕەوانەی بەندیخانەی دەریای ورمێ کرام و پاش ماوەیەک لە دادگایەکی فەرمایشیدا دوو ساڵ زیندانم بەسەردا سەپا. لەوێ سەرەتا بۆ بەندی ١٥ لە بەندیخانەی دەریای ورمێ کە تایبەت بوو بە بەندییە سیاسییەکان گوازرامەوە و پاشان هاوڕێ لەگەڵ باقی زیندانیانی دیکەی سیاسی بۆ بەندی ١٤ گوازراینەوە و تا تەواو بوونی ماوەی حوکمەکەم، واتا ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی لەو بەندە مامەوە.

بەندەکەی ئێمە لە زیندانی دەریا زیاتر لە ٣٠٠ کەسی تێدا بوو. لە سنەوە هەتا دوایین ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندانیمان هەبوو، دیارە زۆربەی هەرەزۆریان بە تاوانی! هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات گیرابوون. هەڵبەت ١٥ بۆ ٢٠ کەسێکیش کە کورد نەبوون و، بە تاوانی هاوکاری و ئەندامبوون لە تەشکیلاتی حیزبە سەرانسەرییەکانی ئێران و هەروەها بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتانی بیانی بەند کرابوون. ئەو کەسانەی بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتدا دەسبەسەر کرابوون، لە هەموو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە پێک هاتبوون.

لە ماوەی دووساڵ مانەوە لە زینداندا لە گەڵ خەڵکانێکی جۆراوجۆر ئاشنا بووم و تەنانەت لە نێو زیندانیشدا بە باوەڕی قووڵ و ورەی بەرزەوە بریارمان دا وەک ئەندامی نهێنیی تەشکیلاتی، درێژە بە کار و چالاکییەکانمان بدەین. دواتر زۆرێک لەوانە بوون بە پێشمەرگە و ئێستاش لە ڕیزەکانی خەبات دان.

لێرەدا دوو بیرەوەریی زیندانم دەگێڕمەوە.

لەگەڵ کۆچکردوو کاک ئەحمەد رەسووڵی خاڵتاوێ، ناسراو بە ئەحمەد ئاغای خاڵتاوێ هاوخەرج بووم لە نێو یەکێک لە کووپەکانی بەنددا. بەبۆنەی ئەوەی کە لەگەڵ باوکم هاوڕێ بوو هەر پێشووتریش یەکترمان دەناسی.  کاک ئەحمەد سەرەتا حوکمی دە ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپابوو، لەدوای ئێعتراز دان، پاش چەند مانگێک سەرلەنۆی حوکمی تازەی بۆ هاتەوە و بانگیان کرد و نامەکەیان پێدا. منی بانگ کرد و گوتی بۆم بخوێنەوە! منیش چاوم لێکرد و گوتم بە داخەوە، گوتی چی بووە پێم بڵێ! گوتم بە داخەوە سێ ساڵ زیندانیت بۆ هاتۆتەوە. نامەکەی بە توندی لێ ئەستاندمەوە و گوتی: «وەدە وەدە… وامزانی حوکمی سێدارەیان بۆ بڕیومەتەوە! وەڵا گۆڕی باوکیان وا لێدەکەم ئەو سێ ساڵەی هەر بە خەو تەواو دەکەم!» من بەش بە حاڵی خۆم جگە لەوە کە قەت لە بیرم ناچێتەوە، لە بەرامبەر ئەو ئیرادە بە هێزەشدا سەر دادەنەوێنم بۆ کەسێکی سەرووی تەمەن ٦٠ ساڵ و خاوەن ژن و منداڵ ئاوا خۆڕاگر و بەورە بێ.

بە پێویستی دەزانم لێرەدا باسی دوو لاوی هەست بەرز و ورە پۆڵایینیش بکەم.

بەڕێزان ڕەحیم مەحموودی و سۆران مەحموودی کە ئامۆزا بوون و خەڵکی ناوچەی مەهاباد و بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزب گیرابوون (بە خۆشییەوە ئێستا هەر دووک پێشمەرگەی حیزبن.) حاجی ڕۆستەم خەڵکی سینگانی شنۆ تەمەنی سەرووی ٧٠ ساڵ دەبوو ئەویش بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزب گیرابوو و درابوو بە کووپەی کاک رەحیم و سۆران.

ئەو دوو لاوە تازەپێگەیشتووە کە تەمەنیان نیزیک ١٨ ساڵ دەبوو، ئەوەندە ئۆگری کوردایەتی و خزمەت کردن بە گەلەکەیان بوون، ئەو خزمەتەی بە حاجی ڕۆستەمیان دەکرد دەتوانم بڵێم مامە حاجی لە ماڵی خۆشی ئاوا خزمەتیان نەدەکرد. ئێمە دەمانتوانی حەوتووی دوو جار بچین بۆ حەمام، کۆی بەندەکەمان بەگشتی لە یەک داندا، ئەو دوو گەنجە ڕۆح سووکە سەرەتا مامە حاجیان لە حەمام، کوردەواری گوتەنی وەک گوڵ دەشووت پاشان بە خۆیان ڕادەگەیشتن. ئەوە هەتا کاتی ئازاد کرانی کۆچکردوو حاجی ڕۆستەم لە زیندان هەر درێژەی هەبوو. دەبێ بە کەسانی ئاوا شۆڕشگێر و خاوەن هەڵوێست شانازی بکەین. کۆماری ئیسلامی ئەحمەد ئاغای خاڵتاوێی کە خاوەن ژن و منداڵ بوو و سەرووی ٦٠ ساڵ تەمەن بوو و، هەروەها لاوانی وەک ڕەحیم و سۆران بە تاوانی ئازادیخوازییەوە لە زیندان کردبوو، بۆ وەی بە گومانی خۆیان، پەشیمان ببنەوە، ئیدی نەیاندەزانی ئەوانە دەبنە هێمای ئاکاربەرزی و خۆڕاگری بۆ ئێمە و ئێستا و ئێستاش من شانازی بە خۆمەوە دەکەم کە ڕۆژانێک هاوڕێی ئەوان بووم.

لە پاش تێپەڕکردنی دوو ساڵ زیندان ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوەی ٧٦ی هەتاوی ئازاد بووم. ساڵێک دوای بەربوونم لە بەندیخانە هاتمە ڕیزی ئاشکرای خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پاش چەند ساڵان ڕووم کردە وڵاتی نۆروێژ و، لێرە درێژەم بە ژیانی سیاسیی خۆم داوە.