کەلێنی باڵەکانی نێو کۆماری ئیسلامی و دەرفەتێك کە دەبێ بیقۆزینەوە!

سام یارسان

لەبۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی بازنەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی هەڵکەوتوونە، ئەو دەستەڵاتە، حوکمی بوونێكی تاکی هەیە کە لە پەنادیوارێکی بەرزی ئیدۆلۆژیک _ خوێندنەوەیەکی سەمەرە لە ئیسلام _ هەڵکەوتووە، زۆر بیرتەسکانە تەنانەت هاتنی ئەو بەشە لە «خودی» یانەی کە(دەگەڵ حەزی زۆریان بۆ خۆفڕێدان بەوبەری دیوارەکە) دەگەڵ لەمپەر بەرەوڕوو بووونە و تەنانەت هەنێ ڕا بەشێک لەو پەڕیوانەی ئەو بەر دیوارەکە، وەدیوی دەرێ دەنێن. بە باوەڕی نووسەر ئەو بەشە لە دەرکراوەکان و تێهەڵدراوان خوازیاری گەڕانەوەی ئەو شوێنە ئەمینەن، بە شێوەیەکی گشتی ئەو کێشە و گرفتانە نەبووتنە هۆی ئەوەی کە لە هەمووی ڕێژیم بێهیوا بن و لە ژێر ناوی چاکسازی (اصلاح طلبی) دەخوازن پارێزەری ئەو نیزامە بن، ڕەنگبێ لەو نێوانە تووشی گرفتیش بن، بەڵام لە ڕاستیدا هەموویان سەروقوونی یەکترن! بەتایبەت ئەو ماوەیە دەبینین کە بەشێک لە مەرجەعی شیعە و کەسایەتیی ناسراو و ناوبەدەر دەگەڵ وجوودی وەلی فەقیهـ کێشەیان هەیە، ئەوە بەو مانایە نییە کە دەگەڵ ئەندێشەکانی ئاغا ناتەبا بن، بەڵکوو پرسەکە کەسییە و ئەمەش خۆی نیشاندەری ئەوەیە پاراستنی نیزام لەوپەڕی ئەرک و واجیباتە.

ئەمڕۆ ئەگە بە سرنجەوە بڕوانین، ئەو دیوارە پتەو و بەرز و مەزنە وەکوو جاران نەماوە، وەها قەڵشتی قووڵ و کەلێنی تێکەوتووە کە تەنانەت لە دوورەوەش ئەو هاتوچۆ و کێبرکێ و پێکهەڵپڕژانە بە جوانی دەبینرێ، بە شێوەیەک ئیتر کەمتر کەسێک لە نێو ئەو بازنەیە لە بیری یەکیه‌تی و یەکگرتوویین و هەموویان سەرقاڵی دەستەبەندی و بەرژەوەندییەکان و قایمترکردنی جێپێی خۆیانن. ئەو سەقامگیرییەی کە ڕەوشی هەنووکە پێشاندەری نەبوونی وەها دۆخێکە و زۆریش سەیر نییە ئەگە بەشێک لە حاکمیەت لێی تێ نەگه‌یشتبێت، ئەو سەقامگیرییە وەها تەنک و شکێنەرە کە کاڵفامی و گەوجی هەرکام لە ئەندامانی پشت دیوارەکە ماتەوزەی قوربانی بوونی حاکمیەتێکیتر، بە مەبەستی وەدواخستنی ئەو گۆڕانکارییانە دادەنێن. ڕێک وەک ئەو میناکەی سەردەمی پاڵەوی دووهەم کە بە زیندانیکردنی هۆوەیدا و هیندێک لە بەرپرسە مەزنەکانی پێشووی خۆی ویستی وەک قەڵغان و مەتاڵ بۆ پاراستنی دەستەڵاتەکەی خۆی کەلکیان لێ وەرگرێ.

هەرچەندە دەستپێکی ئەو چیرۆکە دەکرێ بۆ ساڵانی پێشوو بگەڕێتەوە وەک بەربەرەکانی دەستەیەک لە پارلمانی شەشەم و بەرپرسانی ڕەوتی سەوز دەگەڵ حاکمیەت یان لانیکەم دەگەڵ شێوازی بەڕێوەبەرییەکەیان پەیوەند بدرێ؛ بەڵام ئەو شێوە نوێیە دەورێکی نوێ لەو چیرۆکە کۆنە بە نوقمبوونی ڕەفسەنجانی لە مەلەوانگە جۆرێکیتر وێنا دەکرێ. کەسێک کە خۆی دامەزرێنەری ئەو پێکهاتە قیزەونە بوو، کەسێک کە لە بڕەودان بە بیری ڕادیکاڵیزم لە ڕێژیم ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە و ڕەنگبێ هیچکات بە بیریشیدا نەهاتبێ ڕۆژێک بێ ئەو تۆوەی چاندوویەتی ببێتە فریزوو و ملی خۆی پێوە بێ و ڕێکی بکوشێت و بیخنکێنێ و بۆ هەمیشە بەو دیوارەیەوە هەڵیواسێ! هەوڵێک کە بەهۆی پێگە و ئەو زانیارییانەی لە پشت دیوارەکە هەیبوو، جگە لە حەزف و لەنێو بردن بە ئاکام نەدەگەیی؛ هەڵبەت هۆی مردنەکەی خنکانێکی لە ناکاو! ڕێک لە باشترین کات(مەلە کردن)دا بوو.

پێش مردنی هاشمی ڕەفسەنجانی بەڕواڵەت بەشێک لە حاکمیەت دەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی کەسانی وەک حوسێن فەرەیدوون (برای ڕووحانی سەرۆک کۆمار) و مێهدی جەهانگیری، برای جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار، سیگناڵگەلێکی مانادار بە لایەنی ناسراو بە «تەدبیر و ئومید» لەبۆ سەرپۆشکردنی ئەوانیان نارد. هەر ئەو سیگناڵانەی کە حوکمی دوامین هۆشدارەکان بۆ ڕەفسەنجانی بوون. هەر ئەو ئاماژانەی کە مەترسی مردنی ئەو لە بەرامبەر دژکردەوەی گریمانەیی وی زۆر بەهێزتر دەکرد. ئەو سیگناڵانە کەم و زۆر هەبوونی کارشکێنی لە بەرەوپێشبردنی کاری دەوڵەتیش دەبوو، بە شێوەیەک کە ئەوەی لەم ڕەوتە هەتا پێش هەڵبژاردنەکانی ٩٦ دەدیترا؛ دەگەڵ کۆتاییەکانی ساڵی ٩٦ لێنیزیک هیچ پێوەندییەکی نەبووە. بەجۆرێک نەک هەر هیچکام لە دروشمەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دەستەیە بە کردەوە نەکران، تەنانەت بەپێی قسەکانی ئەم دواییانەی ئاغای سەیف (بەرپرسی پێشووی بانکی ناوەندی) وێدەچی دەوڵەت بە هۆکاری ناڕوون! دەگەڵ ئاڵوگۆڕکردنی ١٨ میلیارد دۆڵار لە چەتوونترین دەورەی ئابووریی لە چەند ساڵی ڕابردوو، بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی نیشتمان هەنگاوی ناوە و لە هەڵایسانی قەیرانی ئابووری بێتاوان نەبووە؛ ئەویش لە ڕەوشێکدا کە دەزانین لەو پەرێشان بازاڕە و هەرەج بەرەجە کەسانێک قازانجی باشیان کرد کە بە دڵنیاییەوە لە شەبەنگی خەڵکی ئاسایی نەبوون.

لە لایەکیتر بە ناڕه‌زایەتییەکانی دۆستانی ئەحمەدینیژاد و مانگرتنەکانی جۆراوجۆر بەتایبەت لە شوێنە پیرۆزەکان کە ببووه‌ هۆی گەوجاندن و گەرمکردنی سەری خەڵک، هاوکات تێوەگلانی ماڵی ئەو کەسانە دەگەڵ پاسدار قاسم سولێمانی و… بووە هۆی گرتن و زیندانیکردن، ئەویش بە تاوانی بچووک (لانیکەم بە بەراورد دەگەڵ دزییە میلیاردییەکان) و جۆرێک سیاسەتی لار و نەخۆش کە دیار نییە لایەنی کێشە بەڕاستی «قوە قضایی»یە یا ناوەندێکی ئایینی یا نیزامی! بەرەبەرە شاهیدی هیندێ خۆپێشاندانی ئەو لایەنە و کەسانی ناسراو بەو دەستەیەین کە دوامین دانەیان لەسێدارەدانی خێرای وەحید مەزڵوومیان بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی سکە کە وەک دیارە لە یاسایا هیچ ڕێگرییەکی لەسەر نییە و پێوەندیی ئەو دەگەڵ «بەهمەنی» (سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی) بوو، لەداردانێک کە بەپێچەوانەی زۆرێک لە ئێعدامەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران چاودێریی هەواڵدەری هەبوو و ئادگاریی ئەهوەنی ئەو کەسانە لە ئاخرین چرکەکانی پێش سێدارە سەیر و بە دوور لە ئاوەز بوو. ئەوەش درووست لە کاتێکدایە کە لە بەرامبەریدا دزی و ونبوونی پووڵێکی یەکجار زۆر و سەمەرەی بابەکی زەنجانی کە وەک دەگوترێ حوکمی لە سێدارەدانیشی بۆ دەرچووە، هەروا بێدەنگ مایەوە، یا زۆر سەیرتر لە بارەی کەسی وەک قازی مورتەزەوی کە پێناسەی زیندانی بۆ دەکرێ، دەرچوون لە زیندان هیندە هاسانە کە تەنانەت زیارەتی شوێنە پیرۆزەکان و سەفەری دەرەوەشی هەبووە (ئەوە لە کاتێکدایە کە بۆ کەسانی ئاسایی و بێکەس، چاوپێکەوتن دەگەڵ کەسانی نیزیکی خۆیشیان، دەرمانی پزیشکی و لە هیندێ بوار وەک بەشداری لە پرسە و سەرەخۆشی کەسانی بنەماڵەیان زۆر ئەستەمە.) جا ئەو هەمووە چاو و برۆ هەڵتەکاندنانە تایبەت بە بەشێک لە دەستەڵاتدارانی حاکم نییە، پرسی گرتنی حوسێن تائیب بە تاوانی دزی و بێسەروبەری ماڵی لە حاڵێکدا کە زۆرێک ناوبراو بە یەکێک لە نیزیکەکانی ماڵی خامنەیی دەزانن یا بێحەیایی و زمان شڕی پاسدارێکی سووکی وەک قاسمی بە بنەماڵەی لاریجانییەکان و دانپێدانانی زەریف بە سپیکردنەوەی سیستماتیکی پارە لە وڵات و هەڵوێستگرتنی شەریعەتمەداری وەک قازی شەرع و بەرگریکاریی دزەکان و وازهێنانی زۆرەملیی نەجەفی لە شارەوانی تاران بەو گێڕانەوە و ئاشکرا کردنە سەیرانەی وەک هێرشکردنە سەر ماڵ و مناڵی و داوای نەخۆشی کە بەتەواوی دەگەڵ ئامادە بوونی بۆ وەرگرتنی شارەوانی تاران دژواز بوون و… ئەمانە هەمووی نیشاندەری نەبوونی یەکگرتوویی نێوماڵی ڕێژیمە و شەڕی دەستەڵات و هێز و پووڵی لایەنە دەستەڵاتدارەکانن کە وێدەچێ ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژ خێراتر دەبێ. لە خۆراسان لایەنی مەشەدییەکان کە شوێن پێی زۆرێک لەوان لە گەندەڵی و دزیی ڕێکخراوەکانی «اعتباری» بەرچاوە، بە کردەوە سەربەخۆنە و یاسای تایبەتیی خۆیان وەک تاڵیبانیزم پەیڕەو دەکەن لە لایەکی تر لە بەشی نیزامی کاتێ پاسدار جەعفەری باس لە ئیدارەی وڵات بەبێ دەوڵەت دەکا، قالیبافیش کە دەبێ زۆرتر لە باندە نیزامییەکان نیزیکتر بێ بۆ پشتیوانیی لە سەرۆک کۆماری دەبێتە گوتەبێژی! زۆرێک لەو میناکانە دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیم لە دۆخی گۆڕانێکی خێرا دایە.

بە جۆرێک لەم کێشانە هەر وەک جارێک ئەحمەدی نیژاد بە ڕوونی ئاماژەی کرد کە، ڕێنوێنیی ڕێبەری و قسەی ئاغا بە هیچ شێوەیەک وەک پێشوو هێز و قورسایی نەماوە و لە ساڵی پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی نەتەوەیی، هاوڕێکانی بەڵایەکیان بەسەر مەملەکەت هێنا کە دەکرێ بڵێین ئەو زەختە بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگه‌ هاتووە و نەک تەنیا هیچ پشتیوانییەک لە بەرهەمی نێوخۆیی نەکراوە بەڵکوو خەڵک بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان تووشی گرفت و کێشەی بوونە و ١٨٠ دەرەجە بە پێچەوانەی قسەکانی ڕێبەری بووە.

هەڵبەت خاڵی جێی سرنج و پیرۆز لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەرچەندە خەڵک لە قەیرانێکی سەخت و تاقەت پڕووکێندا بوون، لەبەرامبەردا دەستکەوتی و هەواڵی خۆشیشی بۆ ئێمە هەبووە.

سەرەتا و بەر لە هەموو شتێک خۆشی و جوانی پێکەوە بوونە کە لە ناڕه‌زایەتییەکان و مانگرتنەکانی ڕێکخراوەیی جۆراوجۆر، گەلێک دڵخۆشکەرە، هەرچەند لە بەشێک لەمانە بەڕواڵەت دەستکەوتی بەرچاو لەو ناڕه‌زایەتییانە وەدەست نەهاتوون و دەستەڵات بەردەوام هەوڵی سەرکوتی دەدا بەڵام لە کردەوە بەو ئامانجە گێشتووین کە هێز و توانای ئێمە لە زۆر بوون و یەکیه‌تی و یەکگرتووییمان دایە و دەستەڵات هەرچەند چەختییانە هێرش بێنێ و سەرکوتمان بکا، توانای بەرەوڕوو بوونەوەی دەگەڵ ئەو هەمووە خەڵکە نییە و هەموومان ئەو شیرناییەمان چێشتووە کە دەکرێ ناڕازی بێ و ڕێژیمیش بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان؛ ناتوانێ لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا ڕێگر بێ.

دووهەم؛ بەو دەرک و راستییە بگەین کە ڕژیم لەنێو خۆیدا یەکگرتوو و بەهێز نییە، ڕەنگبێ پێش ئەمەش لایەنەکانی دەستەڵاتی نێو ڕێژیم ئاڵۆز و پەرتەوازە بوونە، بەڵام هیچ کات وەک ئێستا دیار و بەرچاو نەبووە، کە ئەمە هێمایەکی زۆر ڕوون و دڵخۆشکەرە بۆ خەڵک، بەڵکوو بە هاوئاهەنگی یەکتر بتوانین کاریگەریمان بەسەر ئەو ڕەوشەدا هەبێ.

سێهەم؛ تەنیابوونی خامنه‌ییە، بە پیربوون و بەسەر چوونی تەمەنی، کێشەی جیدی و هەڵایەکی زۆر لەسەر دەورانی دوای خامنەیی پەیا بووە، بە کردەوە دیومانە زۆرێک لەو قسە و ڕاڤانەی خامنەیی لەو چەند ساڵەی دوایی کردوویە دەگەڵ ئەوەی ڕوو دەدەن زۆر جیاوازە هەڵبەت هەستی دژوازی لە قسەکانیدا نابێ نەبینین، بە گشتی هیچ کات وەک ئێستا خامنەیی نەخۆش، تەنیا و بێکەس نەبووە.

لە کۆتاییدا ئەو خاڵە بیر دەهێنمەوە کە هەرچەند بەرگری _تەنانەت لە جۆری نیزامیش_ مافی سروشتیی هەموو مرۆڤێک لە کاتی مەترسی و هەڕەشەیە، بەڵام چونکە باندە ئایینی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت بەو هەمووە ئەزموونەی لە ئاژاوە و شەڕهەڵایسان لە دەرەوە هەیانە و هەروەها کەلکوەرگرتن لە هیندێ نەخۆشیی ڕەوانی و بەرهەڵاکردنی»آتش بە اختیار»ەکان لە نێوخۆی وڵات وەک ئامرازی سەرکوت، لە خەڵک زۆر لە پێش ترن، دەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامی دوامین ڕێگا و ڕێکاری خەڵک بێ، بۆیە شێوازی خەباتی مەدەنی دەبێ وەپێش خرێ و بە باشترین شێوە کەلکی لێ وەرگیرێ و ئەوەش بزانین بێدەنگی و پاسیڤ بوون لەو دۆخەدا خراپترین خاڵی ئەو ڕەوتە مەدەنییانەیە.

بە تایبەت ئێستا کە بەشێک لە نیزام دەیانهەوێ بۆ گەلانی نیشتەجێی ئێران گرفت و کێشە و قەیران ساز بکەن کە دەتوانین مووشەکباران کردنی قەڵای دێموکرات وەک باشترین وێنە باس بکەین یا گرتن و کوشتنی چالاکانی ژینگەیی، پێش گرتن بە کاسپی و کوشتنی کۆڵبەرانی سنووری، ئاژاوە لە خووزستان، فیتنە و دوو دەستەگی ساز کردن لە نێوان خەڵک بە پاساوی کێشەی ئاو و دەست تێوەردان لە بازاڕی ئەرز و سکە و… بەرچاوە، لە بیرمان بێ زۆر بە ئاسانی ئەو ئەگەرە هەیە شانەیەک لە نێوخۆ بە هەر نرخێک بۆ مانەوەی ئەو ڕێژیمە، ئێران بەرەو سووریە بوون بەرن یا لانیکەم وەک کورەی باکووری لێ بکەن.

***