نرخی مرۆڤ لای ئەوان

عەلی بداغی

ڕۆژەکانی یەکەمی بەفرانبار بوو کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتی وەرزانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێرانی بڵاو کردەوە. لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم وەرزەدا لانیکەم ٧٠ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانیان کوشتووە و بریندار کردووە، بەوەش ژمارەی ئەو مرۆڤە مەدەنی و زەحمەتکێشانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە کوردستان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون گەیشتە ١٨٥ کەس. ڕێک لەو کاتەدا موحسین ڕەزایی، فەرماندەی گشتیی پێشووی سپای پاسداران لە شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێڕاقدا ڕایگەیاند کە عەمەلیاتی «کەربەلای ٤»، ئۆپەراسیون و تاکتیکێک بۆ هەڵخەڵەتاندنی دوژمن بۆ سەرخستنی عەمەلیاتی «کەربەلای ۵» بووە. ئەم دوو عەمەلیاتەی کە بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان ١٧ هەزار کەس لە هێزەکانی ئێرانی تێدا کوژران و ٢٦ هەزار کەسیش بریندار بوون. ڕەنگبێ یەکەم دەراویشتەی بە یەکگرتنی ئەم دوو ڕووداوە ئەوە بێ کە لای ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەی نرخ و بایەخی نەبێ گیانی مرۆڤە، جا ئەم مرۆڤە خەڵکی سڤیل و ڕووتوقووتی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بێ کە بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئەم رێژیمە گیانیان لێ دەستێندرێ، یان هێزە چەکدار و پیادەنیزامەکانی سوپاکەی خۆی!

دەراوێشتەکانی دیکەی ئەم باسە دەکرێ ئەوانە بن؛ کە کاربەدەستانی هەرەسەرووی ئەم ڕێژیمە کەسانی تا بڵێی نالایق و تەنانەت خایین بە خەڵکی وڵاتن کە هەموو شتێکیان تەنیا بە ڕبەی ئیدۆلۆژییەکانی خۆیان پێواوە و دوای ئەم هەمووە ڕیسواییەی لە شەڕی هەشت ساڵەدا بەباریان هێنا و پاش ئەم هەمووە کارەساتەی بەسەر خەڵکیان هێنا؛ دواتریش لەباتی ئەوەی وەڵامدەری تاوانەکانیان بن، لە هەرە شوێنەکانی قووچەکی دەسەڵاتدا خۆیان مەڵاس دا. بە دوای ئەمەش سێ دەیەیتر دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و ئیدارەی ئەم وڵاتە کە ئێستا ئیدی پتر لە کاولاشێک دەچێ.

لە کوشتن و ئێعدامی دەیان هەزار دژبەری سیاسی و جیابیری ئەم نیزامە سیاسییە کە زووتر و باشتر لە هەمووان بۆیان دەرکەوتبوو وڵات کەوتووەتە بەردەستی چ ڕێژیمێکی چاخی بەردین و مافیایەکی خوێنمژ کە بگوزەرێین، دێینە سەر میراتی چوار دەیە دەسەڵاتی ئەم ڕێژیم و نیزامە سیاسییە دیکتاتۆرە. نیزامێکی سیاسی کە قەیرانخوڵقێنی لە ناوچە و جیهان بە مەبەستی مانەوەی خۆی لەگەڵ ئاسوودەیی و خۆشبژیویی خەڵکی وڵاتی گۆڕیوەتەوە، دەسەڵاتێک کە هەموو بەرژەوەندییەکانی خەڵک و وڵاتی لەگەڵ ئامانجە ئیدۆلۆژیکییەکانی تاقمێک سەودا کردووە و بەوەش زۆرینەی هەرەزۆری خەڵکی وڵاتی تووشی بەشمەینەتی و بێهوایی کردووە.

گرینگترین شت لەنێوان هەر دەوڵەت و دەسەڵاتێکی سیاسیدا متمانەیە، کە لە ئێران نە خەڵک بە دەسەڵاتی هەیە و نە دەسەڵاتیش پشتی بە خەڵک گەرمە. ئەوەشە کە نە خەڵک هیوای بەو ڕێژیمەیە و نە ڕێژیمیش بایەخێک بۆ خەڵک و خاک و سامانە مادی و مەعنوییەکانی ئەم وڵاتە دادەنێ. چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی ئەم ڕێژیمە کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو گەلێ خەسار و زیان بردووە. توێژینەوەی ناوەندە زانستییەکانی وڵات دەڵێن ئەمڕۆکە پتر لە ۲۰ میلیون کەس قەراخنشینی شارە گەورە و بچووکەکانن و بەهۆی ئەم پەراوێزنشینییەوە لە کەمترین ماف و ئیمکاناتی ڕیفاهی و خۆشبژیوی بێبەشن. نیزیک بە ۸ میلیون کەس خوویان بە مادەی هۆشبەر گرتووە و پتر لە نیوەی خەڵکی وڵات تووشی بەدخۆراکی بوون و تەمەنی لەشفرۆشی بۆ خوار ۱۲ ساڵ دابەزیوە. لە هەر چوار قوتابی یەکیان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پەروەردەدا واز لە خوێندن دەهێنن و، ڕووخانی خوێندنگە و کەوتنەوەی ئاگر لە پۆلەکانی خوێندنی قوتابخانە نیوە ئاوەدان و نیوە کاولبووش لەجێی خۆی؛ کە هەر جارەو لە شوێنی ئەم وڵاتەدا ڕوو دەدەن و قوربانی وەردەگرن.

ئێران دووهەم وڵاتی خاوەنی گاز لە دنیا بە پاشکەوتی زۆرە، هەروەها لە ڕیزبەندیی وڵاتانی خاوەنی نەوت و هەناردەکەری زێڕی ڕەش لە پلەی سێهەمی دنیادا جێ دەگرێ. ئەم وڵاتە خاوەنی دەیان کانگای زێڕ، زیو، مس، سەرچاوە ژێر زەوییە دەوڵەمەند و کانزا بەنرخەکانە لە ئاستی دنیادا، کەچی ئێستا سەدا ۴۵ی خەڵکەکەی لە سایەسەری ئەم حکومەتی بەناو دادی خوداییەدا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و خۆکوژی، فرۆشتنی ئەندامانی لەش وەک باوترینیان کە گورچیلەیە و لەشفرۆشی، دیارترین لێکەوتەی ئەم دۆخەن کە بەسەر خەڵکی ئێران هاتووە.

لە ماوەی ۴۰ ساڵ دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا بایەخی دراوی ئەو وڵاتە ۱۴۰۰ هیندە دابەزیوە. ساڵی ۱۳۵۷ کە شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی سەرکەوت، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا ۱۰ تمەن بوو، بەڵام لە خەرمانانی ساڵی ۱۳۹۷دا نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا گەیشتە سەروو ۱۴۰۰۰ تمەن. ئێران ۱۰ میلیۆن بێکاری هەیە و لە نێوان ۹۰ وڵاتی دنیادا لە ڕووی پێوەری داماوی و فەلاکەتەوە لە پلەی دەیەمدا جێی گرتوە. لە ساڵدا ۱۱ میلیارد دۆلار کاڵا و شمەکی قاچاغ دێتە وڵاتەوە و هەموو دەروازە سنوورییەکان و گومرکی وڵات لە پاوانی «برایانی قاچاغچی»ی سپای پاسداران دایە، بەڵام لە ناوچە سنوورییەکان لە سەر کۆڵەبارێک خەڵکی بێکار و برسی دەدرێنە بەر دەستڕێژ و دەکوژرێن…. بەڵام لەولا بە سەدان هەزار میلیارد تمەن بەهۆی کاربەدەستانی حکومەتەوە حەپەلووش کراوە کە پشکی هەر ئێرانییەک لەو گەندەڵییە سیستماتیکانەی کاربەدەستانی ڕێژیم کردوویانن و خەڵک و میدیا پێیان زانیوان ۳۵۰ میلیون تمەنە.

لە ساڵدا زیاتر لە ۴ هەزار کەس لە ئێران خۆیان دەکوژن. لە ساڵدا ۸۵ هەزار کەس لە ئێران نەخۆشیی شێرپەنجە دەگرن. لە هیچ جێیەکی دنیا هیندەی ئێران نەخۆشیی شێرپەنجە بڵاو نابێتەوە، هۆکارەکەشی بەڕێوەبەریی سەقەتی حکوومەت لە بەشی بەرهەمهێنان و کشتوکاڵ، پیسیی هەوا و ناردنی پاڕازیت بۆ سەر کاناڵە ماهوارەییەکانە. لە ساڵدا ۹۳ هەزار کەس لە ئێران بە نەخۆشیی سەکتەی دڵ و ۴۳ هەزار کەس بە نەخۆشیی سەکتەی مێشک دەمرن، ۵ میلیۆن کەس لە ئێران نەخۆشیی شەکرە (دیابێت)یان هەیە، سەدا ۲۱ی خەڵکی ئێران نەخۆشیی درێژخایەنی ڕووحی و دەروونییان هەیە و سەدا ۱۲ی خەڵکی ئێران نەخۆشیی خەمۆکییان گرتوە، لە ساڵدا ۲۰ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست دەدەن و ۵۰۰ هەزار کەس بریندار و نقوستان دەبن؛ ئێران لە نێو ۱۹۰ وڵاتی دنیادا لە ڕووی ئەمنیەتی هاتوچۆ و ڕێگاوبانەوە لە پلەی ۱۸۹دا جێی گرتوە! هەموو ئەو نەهامەتییانەش لە سۆنگەی دەسەڵاتدارەتیی باندێکی مافیاییە بە سەر وڵاتدا کە مرۆڤایەیی و مافی خەڵک و گیان و ژیانیان لای ئەوان هیچ بایەخێکیان نییە و بۆ خەڵکیش تەنیا یەک شت دەمێنێتەوە، ئەویش تێپەڕینە لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی.