چەکدارانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی سەردۆش و پێنج هاووڵاتییان دەسبەسەر کردووە

خۆڕاگری: هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی سەردۆشی مەریوان و پێنج هاووڵاتییان دەسبەسەر و بێسەروشوێن کردووە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی، هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە هەڵکوتانە سەر گوندی “سەردۆش”ـی سەر بە شاری مەریوان، پێنج هاووڵاتییان بەناوەکانی “شێرزاد عەبدی، ئازاد نەورۆزی، زانیار قادری، زانیار توانا و پوویا کاکەمحەممەدی دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.

دەیان هێزی سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان و بە تەواوی دۆخێکی ترسێنەریان دروست کردووە و ئەو پێنج هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن و هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، ئە شوێنەی کە بۆیان گوازراونەتەوە، بە نادیاری ماوەتەوە و بنەماڵەکانیان لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان بێئاگەن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*