سەپاندنی سزای پێبژاردنی پارە بەسەر نزیکەی شەست هاووڵاتیی خەڵكی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ، ٥٨ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشاری بە تۆمەتی ئەوەی لە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتیدا جلوبەرگی خاکی (کەواپاتۆڵی خاکی)ـیان لەبەر کردووە، هەرکامەیان بە بڕی ٢٠ میلیۆن تمەن پێبژاردنی پارە سزا داوە.

ڕۆژی شەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕێ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دەرچووە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییانە بەڕێوەچوو بوو کە پێشتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی دیمەنی ئاهەنگێکی شایی بە جلوبەرگی کوردییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەسبەسەر و دۆسیەیان بۆ کرابووەوە و بە تۆمەتی بێبنەمای پڕوپاگەندە بەدژی نیزام، دادگایی کران.

لە کۆبوونەوەی دادگادا، ئەو هاووڵاتییانە بە جلی خاکی وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەشدار بوون و بە توندی تۆمەتەکانیان ڕەت کردەوە و لە بەرگریی خۆیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە جلوبەرگی خاکی بە شێوەیەکی ئاسایی لە بازاڕەکاندا دەست دەکەوێت و بەکارهێنانی ئەو جلانە مافێکی سەرەتایی تاکەکەسییە و هیچ پێوەندییەکی بە پڕوپاگەندەی سیاسییەوە نییە. سەرەڕای ئەم ناڕەزایەتییانە، دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی گوشارەکانیاندا بۆ سەر خەڵکی کوردستان، بە گوشارخستنە سەر بەڕێوەبەرانی هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان، هەوڵ دەدەن لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی قەدەغە بکەن و لە ئێستادا لەسەر کارتەکانی بانگهێشتی ئاهەنگەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، بە فەرمانی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم نووسراوە کە؛ “لەبەرکردنی کەواپاتۆڵی خاکی قەدەغەیە”.

چاودێرانی مافی مرۆڤ ئەم هەنگاوەی ڕێژیم بە پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادیی کەسی و مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ دەزانن، ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی کوردستان لە وڵامی ئەو بەرتەنگکردنەوە و گوشارانەدا، نەورۆزی ساڵی ڕابردوویان بە ناوی “نەورۆزی خاکیپۆشان” ناوبرد و بەم شێوەیە بەرهەڵستیی خۆیان بۆ سیاسەتەکانی ڕێژیم نیشان دا.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*