دەسبەسەرکردنی ژنە پارێزەرێکی خەڵكی ئاودانان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ڕازیە (ڕۆیا) هاشمی، پارێزەری پلەی یەکی دادگایی و خەڵکی ئاودانان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و چارەنووسی نادیارە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی” هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕازیە (ڕۆیا) هاشمی، پارێزەری پلەی یەکی دادگایی خەڵكی شاری “ئاودانان”ـی سەربە پارێزگای ئیلام و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ئەو پارێزەرەدا، بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەی بۆ زانینی شوێنی ڕاگیران و دۆخی تەندروستیی، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بێئاکام بووە و هەروەها هێشتا وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە ئاراستەکراوەکان و ئەو شوێنەی بۆی ڕاگوێزراوە لەبەردەستدا نییە، کە ئەمەش نیگەرانییەکانی بنەماڵەکەی زیاتر کردووە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*