ئاماری لەسێدارە دراوان، دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی گەلاوێژ و خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی،(ئاگوستی ٢٠٢٦ زاینیی) بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری دەسبەسەرکراوان سزادراوانی سیاسیی و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی ئاگوستی ٢٠٢٦ی زاینیی بڵاو کردەوە. کە بەپێی ئەو ئامارانە، ٨٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە، کە ٨کەس لەو دەسبەسەرکراوانە لە رەگەزی مێ واتە ئافرەتن.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی گەلاوێژ و خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی،(ئاگوستی ٢٠٢٦ی زاینیی) دا،٤٣ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕش و دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکران،دوورخستنەوە،پێبژاردن و قامچیان، بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ١٢٨ ساڵ و ٣ مانگ و ١٩ڕۆژ بەند کردنی تەعزیری و ٦ ساڵ دوورخستنەوە، ٤٤ملیون تمەن پێبژاردن، ٥١١ قامچی مەحکووم کراون. کە ٦ کەس لەو سزادراوانە لە ڕەگەزی (مێ) واتە ئافرەتن.

هەر لەو پێوەندییەدا سزای پێبژاردنی٢٩ کەس لەو ٥٨ کەسەی خەڵکی شاری پیرانشار بەتۆمەتی پۆشینی جلی کوردی لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لەلایەن دادگاوە پشتڕاست کراوەتەوە کە هەر یەکێکیان بە ٢٠ ملیون تمەن پێبژاردن سزا دراون، کە ئەگەر ئەو پارەیە لە حیسابی حکوومەت نەکەن دەبێ ٣ مانگ لە بەندیخانە تێپەڕێنن.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو دا ڕێژیمی ئیسلامی ئێران سزای سێدارە ٤ کەس لە دەسبەسەرکراوانی نارەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی جێبەجێ کردووە کە ناوەکانیان بریتین لە: ئاروین خیرخاهان، شهرام سادقی، قائیم حوسێنی، مەجید ئادینە.

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.