لاوێکی خەڵکی مەهاباد نزیکەی بیست ڕۆژە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە

خۆڕاگری: چارەنووسی لاوێکی تەمەن بیست ساڵانی خەڵکی مەهاباد بە ناوی هێمن مێهران‌نیا، دوای تێپەڕبوونی ۱۷ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، هێشتا نادیارە.
ڕۆژی چوارشەممە، ۱۱ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲ی سێپتامبری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هێمن مێهاننیا، لاوی تەمەن ۲۰ساڵانی خەڵکی شاری مەهاباد، حەڤدە ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شاری ورمێ دەسبەسەر کراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، تا ئەم کاتە دامەزراوە سەرکوتکەر و ناوەندە قەزاییەکانی ڕێژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە، نەداوە.
بێ‌سەروشوێنبوونی ناوبراو لە کاتێکدایە کە بنەماڵەکەی لە دۆخێکی دەروونیی خراپدان و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کوڕەکەیان و مافی چاوپێکەوتن لەگەڵیدا دەکەن و هەروەها دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان و بێ‌سەروشوێنکردنیان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە، نیگەرانیی لای چالاکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە و بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ ناوی دەبەن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*