سەپاندنی سزای ۳۰ ساڵ زیندان بەسەر پارێزەرێک

دەزگای “داد”ی کۆماری ئیسلامی سزای ۳۰ ساڵ زیندان و لێدانی ۱۱۱ قامچیی بەسەر “ئەمیرسالار داوودی”دا سەپاندوە. ناوبراو پارێزەری دادگایە و بە تۆمەتی “بانگەشە دژی نیزام” لە ڕێگای کردنەوەی کاناڵێکی تێلێگرامی ئەم سزا قورسەی بۆ بڕاوەتەوە.
ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لێخۆشبوون لە ڕاگەیەندراێکدا دەڵێ ئەم بڕیارە غەدر و تاوانێکی گەورەیە. ئەمیرسالار باجی بەرگری کردن لە مافەکانی مرۆڤ دەدا. فیلیپ لوتێر، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەم ڕێکخراوەیە دەڵێ کردنەوەی کاناڵی تێلێگرامی بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی پێوەندیدار بە زیندانیانی سیاسی و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ تاوان نییە.
ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لێبوردن دەڵێ ئەمە یەکەمجار نییە لە ئێران کەسانی پارێزەر لە هیچ و خۆڕا دەگیرێن و کۆمەڵگەی جیهانی و یەکیەتیی ئورووپا دەبێ گوشار بخەنە سەر ئێران بۆ ئەوەی ئەم پارێزەرە لە زووترین کاتدا و بێ هیچ شەرت و مەرجێک ئازاد بکا.