۶ ساڵ حەبس بێ ئەوەی حوکم درابێتی!

محەممەد مستەفاپوور

محەممەد مستەفاپوورم، محەممەد لیلانەییم پێ دەڵێن. ساڵی ۱۳۴۸ی هەتاوی لە گوندی لیلانێ لەدایک بووم و هەتا پۆلی پێنجی سەرەتاییم خوێندوە.

ئاشنایەتیی من لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پێش سەردەمی شۆڕشی ۵۷ دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی کە منداڵ بووم و بابم لە مەزرا و مووچە و لە کاتی کار و پشووداندا باسی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکرات و ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو کاتی بۆ دەکردم، وەک بەسەرهاتی ڕاپەڕینی ۴۶-۴۷ و چۆنیەتیی شەهیدبوونی سمایل شەریف‌زادە و ڕێبەرانی دیکەی ئەم جووڵانەوەیە. ئەوەش وایکردبوو کە هەست و خۆشەویستیی پێشمەرگایەتی و نیشتمانپەرەوری لە ناخمدا گەشە بکەن.

گوندەکەی ئێمە لە ڕۆژانی شۆڕشی ۵۷دا بەهۆی چەند کادر و کەسێکی سیاسی و شۆڕشگێڕەوە جموجۆڵی تێکەوتبوو، دوایەش هێزی پێشمەرگەی حیزب هاتن و لە گوندەکەی ئێمەش بنکە و مەقەڕیان دانا. هێزی «پشتیوان»یش بۆ ماوەیەکی زۆر لە گوندەکەی ئێمە مابوونەوە و منیش یەک لەو کەسانە بووم کە ئەم ڕووداوانەم لە نیزیکەوە دەدی و کاریان تێدەکردم و وردە وردە بۆ لای حیزبی دێموکرات ڕاکێشرام.

ساڵی ۱۳۶۰ بە ڕەسمی داوام لێکرا ببمە ئەندامی حیزب و سەرەتای کاری سیاسی و ڕێکخراوەییم بە ئەندامەتیی یەکیەتیی لاوان دەستی پێکرد. بەفرانباری ساڵی ۱۳۶۲ بە یەکجاری هاتمە دەرێ و پاش ماوەیەک مانەوە لە هێز و کۆمیتە شارستان کۆتاییەکانی ساڵی ۶۳ لە «زانکۆ»ی حیزب لە «گەڵاڵە» کە ناوەندی فێرکردن و پەروەردەی حیزب بوو، دەورەی سیاسی و پێشمەرگایەتیمان بینی. دوای دەورەش لە هێزی «مینەشەم»دا سازمان درام. لەو قۆناغە سەختەی خەباتی چەکداریدا بەشداریم لە زۆر لە شەڕ و عەمەلیاتەکانی هێزی «مینەشەم»دا کردوە، وەک عەمەلیاتی «کانییەرەش»ی مەهاباد، گرتنی پایەگای سیسێر، گرتنی پایەگای جانداران و چەند عەمەلیاتێکی گرتنی جادەی مەهاباد_ سەردەشت.

ساڵی ۱۳۶۵ کە هێزەکان لە دەوری دەفتەر سازمان دەدرانەوە، هێزی ئێمە ناوەکەی گۆڕا بە هێزی «زمزیران» و یەکەم بەرپرسایەتیم وەرگرت کە جێگرپەلی بوو. دواتر دەورەی بێسیم و «تەخریب»م بینی.

ساڵی ۱۳۷۲ بە هەماهەنگیی بەرپرسانی حیزب و لە بنەڕەتدا بۆ ڕاپەڕاندنی چەند ئەرک و بەرنامەیەک لە ڕیزەکانی حیزب جیا بوومەوە و خۆم ڕادەستی حوکمەت کردەوە بۆوەی دواتر بتوانم ئەرکە پێسپێردراوەکانم بەجێ بگەیەنم.

هەتا ئەو کاتەی لەلایەن ئیتلاعاتەوە گیرام، ئەرکێکی زۆری حیزبیم بەجێ گەیاند. ئەمن بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی مۆرەیەکی ڕێژیم کە حیزبی دێموکرات بە سزای خەیانەتەکانی گەیاندبوو، گیرام. ماوەی ۶ مانگ لە ئیتلاعاتی سەردەشت لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا هێشتیانمەوە بۆوەی بەرپرسایەتیی کوشتنی ئەو مۆرەیەی ڕێژیم بگرمە ئەستۆ. پاش ئەو ماوەیە بەڕێی «دادسەرای ئینقلاب»ی مەهاباد و لەوێ‌ڕا بەڕێی بەندیخانەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کرام و بۆ ماوەی یەک ساڵ لەوێ ڕایانگرتم. لەو یەک ساڵەدا سێ جار دایانم بە دادسەرای شۆڕش و دوای لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە دەیانناردمەوە بۆ زیندانی ئیتلاعات. پاشان بەڕێی زیندانی ورمێ‌یان کردم و بێ ئەوەی هیچ حوکمێک درابێتم و چارەنووسم ڕوون بێ؛ خرامە ئەو بەندیخانەیەوە. پاش چەند مانگ لە بەندیخانەی ورمێ بردیانمە دادگای شۆڕش و ئەمجارەش بێ ئەوەی حوکم بدرێم نێردرامەوە بەندیخانە. 

ڕۆژێکیان لە زیندانی ورمێ گوتیان ملاقاتت هەیە. لەگەڵ گەیشتن بە ژووری بەرپرسی زیندان، کەلەپچەیان کردم و لاقیان بەستم و یەکسەر بەڕێی زیندانی ئیتلاعاتی سەردەشت کرامەوە. لەوێ هەر یەکەم شەو دوای کەمە خواردنێک لە زیندان نەخۆشییەکم پێوە نووسا و ماوەی سێ حەوتوو تووشی خوێنبەربوون بووم، بەڵام کەس لای لێ نەکردمەوە و بەڕێی هیچ ناوەندێکی دەرمانی نەکرام. ۸ مانگی دیکەش لە سللولی زیندانی ئیتلاعات خرامەوە ژێر ئەشکەنجە، وەک بڵێی تازە یەکەم ڕۆژەکانی گیرانم بێ. دیارە مەبەست لەو ئەشکەنجەیەش هەر وەرگرتنی داننانی من بە کوشتنی ئەو مۆرەیەی ڕێژیم بوو. ئەشکەنجە و ئازارەکانی ئەم ماوەیە نە لە گێڕانەوە دێن و نە بە نووسینیش دەکرێ باسیان بکەی. هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و ڕووحی. وە لە هەموو ئەو ساڵ و مانگانەدا نەک نەیانهێشت چاوم بە بنەماڵەکەم بکەوێ، تەنانەت هەواڵی کوشتن و ئێعدامکردنمیان بە بنەماڵەکەم دابوو.

لەو ماوەیەدا نە خواردنێک هەبوو کە بتوانم خۆمی پێ ڕابگرم، نە ڕاخەر و پەتۆیەک لە سەرمادا و نە پانکە و فێنککەرەوەیەک لە گەرمادا، نە پاک و خاوێنییەک و نە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی لەو سللولە بۆگەن و نۆتەکەدا، بەڵام تا خوا حەز بکا ئەشکەنجە لە هەموو جۆر و شێوەکانی…

دوای دوو ساڵ بەندکرانم لە زیندانەکانی ئیتلاعاتی سەردەشت و مەهاباددا جارێکی دیکەش پەروەندەکەیان خستە بن هەنگڵم و بۆ دادسەرای مەهابادیان ناردمەوە. لەوێ چاوم بە کوڕێکی خەڵکی گوندی خۆمان کەوت کە لەسەر مامەڵەی سیگار گیرابوو. کە منی دی خۆی پێ ڕانەگیرا و باوەشی پێداکردم و گوتی ئەوە ماوی؟ گوتم بۆ؟ گوتی هەموو وادەزانن کە ئێعدام کراوی… دیسان دوای دادگایی کردنەوەم ناردیانمەوە زیندانی ئیتلاعاتی مەهاباد و دوو مانگی دیکەش لەوێ هێشتیانمەوە و پاشان بەڕێی بەندیخانەی گشتیی مەهاباد کرام و ۱۸ مانگی دیکەش لەوێیان هێشتمەوە. لەو ماوەیەدا چەند جارێکی دیکەش بردیانمەوە دادگا و گوشار لەسەرم بۆ ئەوەی دان بەو تاوانە دابنێم هەر بەردەوام بوو. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەم دادگایی کردنانەدا ویستیان بە پیلان بەرپرسایەتیی ئەم کوشتنەم بەئەستۆ داببڕن کە بەهۆی وشیاریی خۆم بۆیان نەچووە سەر.

ئەم هاتوچۆیەی نێوان دادسەرا و زیندانی ئیتلاعاتی مەهاباد بەردەوام بوو و دوای ۴ مانگی دی مانەوەم لە زیندانی ئیتلاعاتی سپا پێیان راگەیاندم کە بە بارمتەی ۷۰۰ میلیۆن تمەن بەشێوەی کاتی ئازاد ببم. ئیدی توانیم بەشێوەیەک پێوەندی بە بنەماڵەکەمەوە بگرم، بەڵام لەبەر ئەوەی بنەماڵەکەم نەیانتوانیبوو ئەم بارمتەیە دابین بکەن، شەش مانگی دیکەش لە زینداندا مامەوە. دوای ئەوەی بنەماڵەکەم توانییان بەهەر جۆرێک بێ ئەو بارمتەیە جێبەجێ بکەن، پاش ۶ ساڵ مانەوە لە زیندانەکانی ڕێژیم و بێ ئەوەی هیج حوکمێک بدرێم، لە زیندان ئازاد بووم.

دوای بەربوونم لە زیندان ژیانی هاوبەشیم پێک هێنا، بەڵام ئەم ماوەیە و گەڕانەوەم بۆ ژیانی ئاسایی تەنیا چەند ساڵێکی نەبرد کە بەهۆی پێداگری و بەدواداچوونی بنەماڵەی کوژراوەکە و ئەوانەی شکایەتیان لێم هەبوو دیسان حوکمی گرتنم دەرچوو، بەڵام ئەمن خەبەرم زانی و هەستم کرد کە بێتوو ئەمجارە بمگرنەوە ئیدی دەربازبوونم بۆ نییە، بۆیە بڕیارم دا بە زووترین کات وڵات بەجێ بێڵم. ئیدی بەپەلە ماڵ و منداڵم بەجێ هێشت و خۆم گەیاندە ڕیزەکانی حیزب و ئێستاش ئەوە کادری حیزبی دێموکراتم و درێژە بە ژیانی سیاسیی خۆم دەدەم.