گرتن و دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانانی کوردستان بەردەوامە

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی کوردستان ڕۆژانە خەریکی بانگکردن و داداگایی و زیندانیکردنی جیابیران و چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

بەپێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی کە ڕۆژانە بە دەستمان دەگا یا لە مێدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێوەیەکی بەربڵاو دەستی کردووە بە بانگکردن و دەسبەسەر کردنی چالاکانی مەدەنی ، ژینگە پارێزان، مامۆستایانی ئایینی و ئازادیخوازنی کوردستان و بە بیانووی جۆراوجۆر لێکۆڵینەوە و لێپیچینەوەیان لەگەڵ دەکا.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتی ڕەش و نگریسی خۆی هەمیشە لە کوردستان و خەڵکی کوردستان ترساوە و بۆ سەرکوتی خەڵک لە هیچ کردەوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە دریغی نەکردووە و لە هەموو ڕێگایەکەوە هەوڵی داوە خەڵکی کوردستان بە چۆک دابێنێ بۆ ئەوەی دەست لە ویست و مافە ڕەواکانیان هەڵگرن.

خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان کە لە یەکەم هەنگاویاندا لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئاخوندەکانەوە  بە دەنگی “نا”، کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمەکەیان بردە ژێر پرسیار و هیچکات نەک هەر ئەو ڕێژیمەیان قبووڵ نەبووە و ملیان بۆ داخوازییەکانی ڕانەکێشاوە، بەڵکوو ئازایانە لە هەموو مەیدانەکانی خەبات و بەربەرەکانیدا دژی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە ڕاوەستاون و لەو ڕیگایەشدا نزیک بە پەنجا هەزار کورد لە ژن و مناڵ و گەنج و پیر و پێشمەرگەی ئەم نیشتمانە خوێنیان تێکەڵ بە خاکی پیرۆزی کوردستان بووە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر بە سەرکوت و کوشتن و زیندان ناتوانێ خەباتی کورد بێدەنگ بکا، بەڵکوو گەلی کورد لە هەموو بوارەکاندا بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی بەردەوامە و سەرەنجام ڕۆژێک بە ویستە ڕەواکانی دەگا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەک ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی جیهان دەچیتە نیو زبڵدانی مێژوو و کۆتای بە چەند دەیە دەسەڵاتی ڕەشی ئاخوندە دڵڕەشەکانی وڵاتی ئێران دێ.