هونەرمەندێکی کورد لە دۆسیەیەکی نوێدا، بە دوو ساڵ زیندانی مەحکووم کرا

لقی ١١٠ی دادگای گشتیی ورمێ لە دۆسیەیەکی نوێدا، حوکمی دوو ساڵ زیندانیی تەعزیریی بە سەر گۆرانیبێژێکی کوردی بەندکراو لە زیندانی ورمێدا، داسەپاند.

“پەیمان میرزازادە”، گۆرانیبێژی کوردی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە دۆسیەیەکی نوێدا، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە سنوور”، لە لایەن لقی ١١٠ی دادگای گشتیی “ورمێـ”وە، بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێوە، ئەم گۆرانیبێژە کوردە دوو حەوتوو پێش، بۆ لقی ١١٠ی دادگای گشتیی ورمێ ڕاگوێزرا و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە سنوور”، دادگایی کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: “حوکمی دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری، ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی جۆزەردان، لە زینداندا، بە پەیمان ڕاگەیەندراوە.”

ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ی هەتاوی، “پەیمان میرزازادە” لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتیی دادوەر “چابۆک”، دادگایی کرا و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام”، بە دوو ساڵ زیندانی مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، بە “پەیمان” ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی ڕەشەمەی ٩٧ی هەتاوی، “پەیمان میرزازادە”، کوڕی نوورەدین، خەڵکی گوندی “گەنگەچینـ”ی ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە، بە تۆمەتی “خوێندنی سروودی حیماسی و شۆڕشگێڕیی کوردی”، دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، ئەم گۆرانیبێژە، پاش لێپرسینەوە، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە، ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، بە تۆمەتی “خوێندنی سروودی حیماسی و شۆڕشگێڕیی کوردی”، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە حەوتووی دووهەمی بەفرانباری هەمان ساڵدا، لە لایەن لقی سێی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام”، بەبێ گرتنی پارێزەر، بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

“پەیمان میرزازادە”، ڕۆژی هەینی، ١٨ی جۆزەردانی ساڵی ٩٧، دوای تەواوبوونی مەحکوومییەتی ٦ مانگەی خۆی، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئازاد کرابوو.